سلێمان تاشان – ههولێر
حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دامەزراند کە وەبەرهێنانەکەی ملیاران دۆلارە و بەندەری فاو بە زاخۆ و پاشان ئەوروپا گرێ دەدا. حکوومەتەکە پێ باشە دوای دەیان ساڵ لە شەڕ و ململانێ و جەنگ و ناسەقامگیری، بە پڕۆژەیەکی ستراتیجی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئابووری عێراقدا بکات.
قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو پڕۆژەیە دەگاتە ١٧٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار و بەندەری فاو بە زاخۆ و پاشان و تورکیا و ئەوروپا گرێ دەدات و دەبێتە ئەلترناتیڤێک بۆ کەناڵی سوێز و لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە دەروازەی بازرگانیی عێراق بەڕووی ئەوروپادا دەکاتەوە.
فەرحان فەرتوسی، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق باسی لەوە کردووە کە پڕۆژەکە تەنیا بریتی نییە لە ڕاکێشانی جادەیەک و هێڵێکی شەمەندەفەر بەڵکوو بەهۆیەوە ناوچە جیاجیاکانی عێراق گەشەیان پێ دەدرێت. لە داهاتوودا شەمەندەفەرە بازرگانییەکان بە خێرایی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا گەشتیار و کاڵا و شتومەک لە باشوورەوە بۆ سنووری تورکیا دەگوازنەوە و سەرجەم جەمسەرە پیشەسازییەکان بە یەکەوە گرێ دەدات.
پڕۆژەکە تەنیا گواستنەوەی کاڵا و شتومەک لەخۆ ناگرێت بەڵکوو لە تەنیشت ئەو جادەیە هێڵی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی دادەمەزرێن و عێراق و هەرێمی کوردستان لە نەخشەی وزەی جیهان رۆڵی کاراتر دەگێڕن.
وەک ئاشکرایە عێراق سەرووی ٩٠% لە داهاتەکەی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت و زۆربەی ئەو نەوتەش لە ڕێی بەندەرەکانی بەسراوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. رێی بەسڕا ئەگەر بۆ بازاڕەکانی کەنداو و باشووری ئاسیا ڕێگەیەکی کورت بێت ئەوا بۆ ئەوروپا خۆرئاوا رێگایەکی درێژە و پڕخەرجە و ئەگەر عێراق بتوانێت رێگایەکی وشکایی بدۆزێتەوە و هەمان ئەو نەوتە لە ڕێی دەریای ناوەڕاستەوە هەناردە بکات، لە لایەک بەشێک لە خەرجییەکانی لەکۆڵ دەبێتەوە و لە لایەکی تر لە بازاڕەکانی ئەوروپا نزیکتر دەبێتەوە و لە هەموو گرنگتر لە ئەگەری هەر کێشەیەک لە کەنداو، هیچ قەیرانێکی ئابووری بەرۆکی وڵاتەکە ناگرێت و سوود لە ئەلترناتیڤی دووەم وەردەگرێت.
پێویستە بگوترێ عێراق لەرووی ژێرخانی هێڵی شەمەندەفەر زۆر لاوازە و تەنیا لە نێوان بەغدا و بەسڕا هێڵی شەمەندەفەری هەیە کە لە ماوەی ١٠ تا ١٢ سەعات دەتوانێت ٥٠٠ کیلۆمەتر ببڕێت.
وەک بەستێنێک بۆ پڕۆژە ستراتیجییەکە، عێراق دەمێکە دەستی بە بنیاتنانی بەندەری فاو کردووە کە نیوەی تەواو بووە و بەندەرەکە دەبێت بە دەستپێکی ئەو پڕۆژەیە و کاڵا و شتومەکی چینی و وڵاتانی باشوور بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی باکوور دەگوازێتەوە و بە پێچەوانە دەبێتە وێستگەی ورگرتنی ئەو کاڵا و شتومەکانەش کە لە تورکیا و ئاسیای ناوەڕاستەوە بەرەو باشوور دەگوازرێنەوە.
پڕۆژەکە دەرفەتێکی لەبارە بۆ گەشەی عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تری ناوچەکە وئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی بەرەو پێش دەبات.
هێشتا پڕۆژەکە بە فەرمی دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە بەڵام عێراق بە هیوایە لە ساڵی داهاتوو بە فەرمی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت و پێشبینیش کراوە تا ساڵی ٢٠٢٩ کۆتایی پێ بهێنرێت.
ماوەی ڕابردوو لە میانەی سەردانی محەمەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری وڵاتەکە، ئەم پڕۆژەیە قسەی لەسەر کرا و بە سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردن ڕەنگە بە شێوەیەکی جیددیتر تورکیا بێتە سەر خەت.
هەر ئەو کات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پڕۆژەکەی بە ڕێگای نوێی ئاوریشم ناوبرد و سەرجەم وەزیرە پێوەندیدارەکانی خۆیشی ڕاسپارد تا لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە بکۆڵنەوە، چونکە پێوەندییە بازرگانییەکانی تورکیاش دەخاتە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنەوە.
تورکیا پێوەندییەکی زۆری بازرگانی لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و وڵاتانی تری کەنداودا هەیە و بەرهەمەکانی لە ڕێی کەشتییەوە لە دەریای ناوەڕاستەوە دەنێرێتە کەنداو کە مەودایەکی زۆر درێژە و کاتێکی زۆری پێ دەچێت بەڵام ئەگەر هەمان ئەو کاڵایانە لە رێی هەرێمی کوردستانەوە، بگەیەنرێنە باشووری عێراق و لەوێ بار بکرێن بە ماوەیەکی زۆر کەمتر بەو وڵاتانە دەگەن.
پڕۆژەکە بۆ هەموو ئابووری ناوچەکە بەسوودە و لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە ناوچەی کەنداو بە ناوچەی قەفقاز لە لایەک و ئەوروپا لە لایەکی تر گرێ دەدرێت. ئاسایش و سەقامگیری و بەیەکەوەکارکردنی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان و پابەندبوونی دوولایەن بە دەستوور و رێککەوتنەکان، دەتوانێت فاکتەری سەرەکی بێت لە سەرخستنی پڕۆژە ستراتیجییەکان کە دواجار هەمووان تێیدا سوودمەند دەبن.