یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

لە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ تاوانی کۆمەڵایەتی

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ڕۆژانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە گوێبیستی چەندین هەواڵ دەربارەی کێشە کۆمەڵاییەتییەکان دەبین وەک شەڕ و پێکدادانی کۆمەڵە کەسانێک لەسەر شتی زۆر سادە و بچووک کە کێشەی زۆر بچووک گەورە دەکرێن و بە کوشتن یان بریندارکردنی سەخت کۆتاییان دێت، بەردەوام هەواڵی وەک ”پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی کوشت، باوکێک کوڕەکەی خۆی بە فیشەک دەکوژێت، زاوایەک خەزوری و ژنەکەی بە چوقۆ دەکوژێت، مامۆستایەک لەلایەن قوتابییەکەیەوە و شوفێرێک لەسە هۆرن لێدان“و چەندین تاوانی دیکەی کۆمەڵایەتی ئەگەر هەموو ڕۆژێک نەبێت لە هەفتەیەکدا چەند جارێک بەرگوێمان دەکەوێت و تەنانەت ئەوەندە گوێبیست بووین ئێستاکە خەریکە دەبێتە شتێکی ئاسایی.

بێگومان هۆکاری زۆرینەی ڕوداوەکان کەڵەکەبوونی کێشە دەرونییەکانە لای تاک کە ئێستاکە مرۆڤەکان زۆرینەیان بەشێوەیەکی جیاواز لە پێشتر دەژین و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی زۆر کەم بووە و تاکەکان زۆرینەی کاتەکانیان لە کارکردن بەسەر دەبەن و دواتریش بە تەنیا دەژین و کەمتر کات لەگەڵ کەسانی دەوروبەر بەسەر دەبەن و بەشداری پێنەکردنی کێشەکانیان لەگەڵ کەسە نزیکەکان دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی کێشە دەرونیەکان و دوا جار کەسێکی توڕە و توندڕەو بەرهەمدێت و بە بچوکترین هۆکار هەڵدەچێت و کارەساتی گەروە دەقەومێنێت.

بەڵام هەموو ئەمانەی کە بەرگوێمان دەکەوێت تەواوی ئەو ڕووداوانە نیە کە ڕوودەدەن بەڵکو زۆری دیکە ڕوودەدەن و بە شاراوەیی دەمێننەوە و وەکو مردنێکی ئاسایی دەردەکەون یاخود لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس ناکرێن.
لە هەرێمی کوردستاندا رێژەی تووندوتیژییەكان لەنێو خێزاند لە زیادبووندایە و وای لێهاتووە بەشی زۆری ئەو کێشانەی لە ناو خێزانەکاندا سەرهەڵدەدەن بە کوشتن کۆتاییانهاتووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمییش پێیوایە یەکێک لە هۆکارە زەقەکان بۆ ئەنجامدانی تووندوتژی مانەوەی گەنجانە تاوەکو بەرەبەیان لەسەر شەقامەکان و خواردنەوەی ماددە کحولییەکانە، ئەوەشی بۆ “بێباکی دایک و باوکان” گەڕاندەوە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەر خێزانێک تاکەکانی لەناو کێشەدا گەورە و پەروەردە بکات دەبێت ئەوەش بزانێت، تاکێکی شەرانگێز و توندورەوی بەرهەمهێناوە و لە دواجاردا بۆ خودی خۆی، خێزانەکەی و وڵاتەکەشی کێشە دەنێتەوە چونکە مرۆڤ بونەوەرێکی لاساییکەرەوەیە واتە هەموو ئەو کێشە خێزانییانەی منداڵ دەیبینێت لەناو خێزانەکەی لە دواجاردا دەبنە تایبەتمەندیی ئەو منداڵە و لاساییان دەکاتەوە و بێگومان لەگەڵ گەورە بوونییشیدا کێشەکانیش گەورەتر دەبن تا دەگاتە ئەوەی لێدان و کوشتنیشی تێدەکەوێت.
هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی کێشە کۆمەڵاتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەربڵاوی تەکنەلۆجیا و کرانەوەی کۆمەڵگا بەڕووی جیهاندا بە شێوەیەکی زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراو؛ هەرچەندە تەکنەلۆژیا و هاوشێوەکانی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دروستکراون بەڵام ئێستاکە بۆچونی زۆرینەی شارەزایان ئەوەیە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تەکنەلۆژیا و خراپ بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانە بە بڕوای د. سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب کە مامۆستایەکی ئایینیە و پێیوایە ئێستا لە زەمانی تەکنەلۆژیادا لەبری ئەوەی سوود لە زانست و بەهرە و دەرهاویشتەکانی تەکنەلۆژیا وەربگیرێت، بە شێوەیەکی باش بۆ قازانجی کۆمەڵگە و خێزان و نیشتمان بەکاربهێنرێت، “ئێمە بە پێچەوانەوە بەخراپ بەکاری دەهێنین، چونکە لە ڕووی فکری و دەروونی و کەسایەتی و پەروەردەیی و زانستییەوە ئامادە نەکراوین، بەداخەوە ئەمەش کارەساتی بۆ ئێمە دروستکردووە”.
ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان پێی وایە ئێستا کاریگەریی میدیا و سۆشیاڵ میدیا زاڵترە لە کاریگەری خێزان لەسەر پێگەیاندن و پەروەردەکردنی تاک.
ئە‌مەی ئێستا لە كوردستان ڕوو دەدات بە درێژایی مێژوو لەناو كورددا نەبووە، ئە‌گەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە زۆر به ‌خێرایی و زیاتر پەرە دەسێنێت، ناو و وێنای كوردیش وەكو كۆمەڵگەیەكی بەربەری دەخاتە پێش چاوی جیهان و بەو وێنایەوە دەچێتە مێژووەوە.