بە فەرمانی سەرۆک بارزانی نووسینگەیەکی تایبەت بە کاروباری کوردانی فەیلی کرایەوە

 بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی گوتی بە فەرمانی سەرۆک بارزانی لە ھەولێر نووسینگەیەکی تایبەت بە کاروباری کوردانی فەیلی لە ھەرێم و عێراق کرایەوە و ڕۆژانە لە خزمەت ھاووڵاتییانی کوردی فەیلیدا دەبین .

عەلی فەیلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”بە فەرمانی سەرۆک بارزانی نووسینگەیەک بۆ کوردانی فەیلی کراوەتەوە لە خانووی ژمارە ١٨١ی گوندی ئیتالیی دووی شاری ھەولێر بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گەیاندنی داواکاریی کوردانی فەیلی لە ناوەوە و دەرەوی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە بەیانیان لە سەعات ١٠ تاوەکوو ٢ی ئێوارە لە خزمەت ھاووڵاتییاندا دەبین و لە ھەرشوێنێک داواکاری و کێشەیان ھەبێت کار بۆ چارەسەرکردنی دەکەین.”

عەلی فەیلی گوتیشی: ”ئەمڕۆ نووسینگەکە بەفەرمی کرایەوە و من وەکوو بەڕێوەبەری ئەو نووسینگەیە ڕاسپێردراوم و لە خزمەت خەڵکی خۆماندا دەبین لە ڕۆژانی شەممە تاوەکوو پێنجشەممە، بۆیە ھەر ھاووڵاتییەکی کوردی فەیلی لەناو ھەرێمی کوردستان و لە عێراقیش، ھەر کارێکی ھەبێت، سەردانمان بکات لە خزمەتیاندا دەبین.”

بەپێی ئامارێکیش لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کوردی فەیلی ھەیە.

ژمارە تەلەفۆنی پەیوەندی بە نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی :

٠٧٥٠٩٤٠٦٢٩٩

٠٧٥٠٥٠٩١٦٧٧

ھەواڵی زیاتر