به‌ به‌شداری ده‌یان ئه‌دیـــــــــــــــب و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند ئـــه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر.. یـــه‌كه‌مین دیــــــــــــداری “شێخی شاعیران” به‌ڕێوه ‌ده‌چێت

ئه‌مڕۆ، به‌ به‌شداری ده‌یان ئه‌دیب و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند، له‌ هه‌ولێر یه‌كه‌مین دیداری شێخی شاعیران، “حه‌سیب قه‌ره‌داخی” به‌ڕێوه ‌ده‌چێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا، ژماره‌یه‌ك چالاكی پێشكه‌ش پێشكه‌ش ده‌كرێت و، له‌وانه‌ دوو توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، رێوڕه‌سمی رێزلێنان و كۆنسێرتێكی گۆرانی “دیاری قه‌ره‌داخی”.
دیداره‌كه‌ له‌ لە هۆڵی پێشەوا، لەناو باڵەخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان به‌ڕێوه‌ دەچێت و هه‌ردوو كوڕەکەی شێخی شاعیران، ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی و به‌هات حه‌سیب قه‌ره‌داخی ئاماده‌ ده‌بن و واژوو له‌سه‌ر كتێبی “خه‌می خه‌ڵك و خاك”، كه‌ گوڵبژێرێك بوو له‌ شیعره‌كانی شێخی شاعیران ده‌كه‌ن و پێشكه‌شی ئاماده‌بووانیان ده‌كه‌ن.

کورتەیەکی ژیاننامەی شێخی شاعیران
د . بەهات حەسیب قەرەداخی، بەو شێوەیە، باس کورتەیەکی ژیاننامەی شێخی شاعیران “حەسیب قەرەداخی” دةكات و دەڵێت: “لە مانگی مایسی 1929دا لە گوندی (سۆڵەی چرچەقەڵا)ی سەر بە ناوچەی قەرەداخ، لە خێزانێکی هەژار و خوێندەواردا، لە دایک بووە. ناوی باوکی شێخ عەلی شێخ عەبدولڕەحمان بووە، ناسراو بووە بە مامۆستا شێخ عەلی، چونکە مەلا و مامۆستای گوند بووە… ئەم خێزانە لە بنەماڵەی شێخانی مەردۆخی قەرەداخ بوون… کە هەر لە زووەوە خوێندەوار و زانای ئایینی و پیاوی ناسراویان تیا هەڵکەوتووە. (حەسیب قەرەداخی) ناوێکی لێکدراو بووە، واتە وشەی قەرەداخ ، نازناو نیە، بەڵکو هەر خۆی بەشێک بووە لەناوەکە بەم شێوەیە: حەسیب قەرەداخی عەلی عەبدولرەحمان. نموونەی ناوی لێکدراوی تریش لە کوردیدا زۆرن. هەر لە منداڵییەوە لەلای باوکی خۆی خوێندووێتی تا ئەوکاتەی قوتابخانەی ڕەسمی لە گوندەکەیاندا کراوەتەوە، ئەوسا یەکسەر لە پۆلی سێی سەرەتایی وەرگیراوە … پۆلی پێنج و شەشی سەرەتایی لە قەرەداخ تەواو کردووە.
هەلومەرج و کەشوهەوای ژیانی ئەو گوندە شێخنشینە، کە جێی شێخ عەبدولقادر – شێخی قەمچیڕەش – بووە، کاریگەرییەکی زۆر گەورە و ئاشکرای بەسەر بنیادی ئەقڵی و ڕۆحیی حەسیبی منداڵەوە هەبووە…. مزگەوت و کۆڕی مەلا و فەقێیان، مەجلیسی شێخان … زیکرو تەهلیلەو ئەڵقەی دەروێشان.. گۆرانی و سۆز و مەقام و موناجاتی دەنگخۆشان … دەف و شمشاڵ و نەیژەنین… حاڵ و قورئان و (حدیث و نحو صرف)ی زمانی عەرەبی و شیعری سوارچاکانی شیعری کوردی “نالی و مەحوی و سالم و کوردی و مصباح الدیوان و تاهیر بەگی جاف” و شاعیرانی گەورەی فارس “سعدی و حافظ”… خەڵوەتکێشان و زوهد و هەژاری و غەم و پەژارەی بەر کوانوی ساردی ماڵە جووتیار و ڕاکەڕاکی دوای بەرغەل و چاوەڕوانیی ئێوارانی هاتنەوەی ڕان، بەرەو ئاوایی… هەموو ئەم کەشوهەوایە بەردی بناغەی هۆش و سۆزی حەسیبی منداڵ و هەرزەکاریان دانا و پاشانیش کەم تا زۆر لە هەموو قۆناغەکانی تری ژیانیدا ڕەنگیان داوەتەوە و سەدایان لە دووتۆیی دێڕە شیعرییەکانیدا دەبیسرێت… بەتایبەتی لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە، بگرە تا دوایین شیعری شاعیر لە 5/1/1997دا زۆر بە ئاشکرا ئەو کەشوهەوایە دێنە بەرچاو و حزوریان هەیە.
لە سەردەمی سەرەتایی لاوێتیدا ئاشنابوو بە دنیای شیعری زێوەر و قانع و بێکەس و لە ژێر کاریگەری شێوازی شیعریی ئەواندا هەوڵی داوە شیعر بنووسێ…. لە ساڵی 1947دا بۆتە خوێندکاری (دار المعلمین الریفی) لە شارۆچکەی (محاویل) لە شاری – حللە – بەڵام لە ئەنجامی – ڕاپەڕینەکەی 1948دا – بە هۆی بەشداریکردنی لە مانگرتندا لەوێ دەردەکرێ و دەگەڕێتەوە سلێمانی. لە 1949دا لە ناوەندیی سلێمانی وەردەگیرێتەوە، بەڵام دیسان دەکەوێتەوە گێژاوی سیاسەت و ئیتر بۆی نالوێ درێژە بە خوێندن بدات و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی سۆڵە، لەوێ دەبێتە مامۆستای کوڕەکانی شێخ…
واتە سەرەتای تێکەڵبوونی شاعیر، بە دنیای جەنجاڵی پڕ سیاسەت لە ڕاپەڕینەکەی 1948ـەوە، سەرەتا لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەست بە تێکۆشان دەکات، تا جیابوونەوەی هەمزە عەبدوڵڵا. دواتر ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراقی بۆ تێکۆشانی چینایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵبژاردووە. ئەو دوو ئەزموونەی شاعیر لە ژیانی حزبایەتیدا هەریەکەیان لە کات و سەردەمی خۆیدا ڕەوت و شێوازی شیعر نووسینیان تا ڕادەیەکی زۆر بۆ دیاری کردووە… کە لەناو پارتیدا بوو، هۆنراوەکانی زیاتر هەڵگری دروشمی کوردایەتی و خۆشەویستی وڵات بوون. کە چووە ناو ڕیزەکانی (حشع)ـەوە تەوەرەکانی هۆش و سۆزی بوونە: برسێتی، هەژاری، زوڵم و زۆر، دەرەبەگ و ئیستعمار … هتد.
کە ڕاوەدونانی پیاوانی ڕژێمی پادشایەتی تەنگیان پێ هەڵچنی و کەم دەرامەتی و نەدارایی گەمارۆیاندا، ناچاربوو لە ساڵی 1951دا بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، سەرلەنوێ نوقمی کەشوهەوا و ژیانی سادەی لادێ و کۆڕ و مەجلیسی شێخان و دەروێشان و ئەڵقەکانی زیکر و تەهلیلە و سۆز و خەڵوەتی مەقامبێژان و دەفژەنان بووە، بەڵام ئەمجارەیان لە تەمەنێکی تردایە بە خوێندەواری و هۆشیارییەکی سیاسی و فیکری هاوچەرخەوە.
لە ساڵی 1954دا جارێکی تر گوند جێ دێڵێ و ڕوو لە شاری سلێمانی دەکاتەوە و کارێک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. لە ساڵی 1955 تا 14ی تەمووزی 1958، حەسیب قەرەداخی چەند جارێک بۆ ماوەی کورت کورت لەسەر بەشداری کردن لە ڕێپێوان و مانگرتنەکاندا، لەسەر خوتبە و هوتافکێشان و شیعرخوێندنەوەی لەو ئاپۆرا جەماوەرییانەدا کە دژ بە ڕژێمی پادشایی و ئیستعمار و کۆنەپەرستان ئەنجام دەدران، زیندانی کراوە.
لە تەمووزی 1958ەوە تا ئەو هەڵگەڕانەوەیەی تیایدا ڕووی دا، لە پێشەنگی ئەو تێکۆشەرانە بوو کە لەگەڵ ملیۆنان ڕەشوڕووتی ئەم وڵاتەدا پشتیوانیان لە شۆڕش و دەسکەوتەکانی دەکرد، بۆیە لەو ماوەیەدا هەم زۆر دەکەوتە بەرچاو، هەم هۆنراوەکانیشی دەقاودەق ڕەنگدانەوەی ئەو حەماسەتە جەماوەرییە بوون کە سەرانسەری وڵاتی گرتبووەوە. کودەتا خوێناوییەکەی 8ی شوباتی 1963 مشتێکی جەرگبڕ بوو سرەوێنرایە گەلانی عێراق و لەگەڵ سەدان تێکۆشەری تردا دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانە بەد ناوەکەی نوگرەسەلمان کرا. لە شوباتی 1963 دا کۆتایی بەو خەونە کورتە هێنا کە چەند ساڵێکی کەم ئاواتەکانیان پیا هەڵخستبوو، ئیدی گوڵەکانی ئاوات کەوتنە بەر زوقم و وەیشومە… شاعیریش کە خەونی شیرینی لە خەونی خەڵکی تر قووڵتر بوو، هاواری لێ هەڵسا و داد و بێدادی خۆی کرد…
هەر یەکەم بەهار گوڵی ئاواتم
کەوتە بەر زوقم و وەیشومەی هاتم
ئەو پێکەی ویستم بیبەم بۆ لێوم
لێیان شکاندم … بۆ قوڕ نەپێوم
تا ناوەڕاستی ساڵی 1965 لەو زیندانەدا مایەوە، پاشان ئازادکرا، بەو مەرجەی لە کوردستاندا نەژی و نەشیان گێڕایەوە سەر کاری پێشووی… ماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوەی لە نوگرەسەلماندا لە نێو گەورە تێکۆشەران و گەورە شاعیران و گەورە هۆشمەند و ڕووناکبیرەکانی کورد و عەرەبدا بردیە سەر، بۆی بووە قوتابخانەیەکی ڕاستەقینە و هۆش و گۆشی تیا قاڵ درا و هەر لەوێش بۆ یەکەمین جار گوێبیستی شیعری نوێی عەرەبی بوو … جارێکی تریش سیاسەت و ژیانی پڕ کوێرەوەری و ئەشکەنجە، وەرچەرخانێکی ڕیشەییان لە بیر و هەست و شێوازی نووسینی حەسیب قەرەداخیدا هێنایە ئاراوە. هەروەک خۆی لە دەسنووسێکیدا دەڵێ، لە نوگرەدا یەکەمین شیعرم بە شێوازی نوێ نووسی…. شیعری (ئەی ڕۆژ) و شیعری (بەهاری عومرم) کە لە فەرهەنگی خەمی (1) دا بڵاوبوونەتەوە لە نوگرەسەلماندا نووسراون، جگە لەوانەش شیعرێک بە ناوی (شیعری بەرائەت ـ پاکانە)ی نووسی کە تیایدا بەتەوسەوە لەوانە دەدوێ ترس و لەرز دایان دەگرێ و بڕوایان لەق دەبێ و لە بەردەم جەللادەکانیاندا بەچۆکدا دێن و پاکانە بۆ دوژمنان دەکەن. بەڵام بەداخەوە ئەو شیعرەی بۆ دەرباز نەکرا لە زیندان.
شەوی وا نەبووە ئەی ڕۆژ بەچاوت
ئەیەوێ ون کات شۆرەت و ناوت
سا لەسەر باڵی سیمرخی خەبات
هەڵبێ لە ئاسۆی بڵندی وڵات
لە ناوەڕاستی 1965 تا ساڵی 1969 بە دوورخراوەیی، لە بەغدا لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانیدا بە کولەمەرگی و بە کوێرەوەری بەڵام بە سەربەرزی، گوزەراندیان. لە ناوەڕاستی 1969دا بەر لێبوردنێکی گشتی کەوت کە تایبەت بوو بە گێڕانەوەی دەرکراوە سیاسییەکان بۆ سەر کارە حکوومییەکانیان… ئەوسا گەڕایەوە بۆ سلێمانی و لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار، وەکو فەرمانبەرێک بە مووچەیەکی زۆر کەم چۆوە سەر کار و تا کۆتایی ساڵانی 70 کەم تا زۆر ژیانێکی ئارام و ئاسایی بردە سەر.
بەبێ ئەوەی بەڕەسمی لەگەڵ گروپی ڕوانگەدا بووبێ، لە 26/3/1971 شیعری (هەوەڵ مەزات)ی نووسی کە ئەگەر بە وردی هەڵسەنگێنرێ بەبێ هیچ بەرتیلێک لە لوتکەی شیعرەکانی ڕوانگەدا خۆی دەبینێتەوە.
هەوەڵ مەزات … هەوەڵ مەزات
خواوەندانی وەرزی بەهات
هەتا ئاوی ڕووم نەتکاوە
هەتا خامەم سەری بەرزە
لە برسا لووتی نەشکاوە
هەتا حەرفم، هەتا دێڕم
لە ڕێی (جەنگیز)دا نەڕژاوە
هەتا پەرتووک و پەڕاوم
ئاهێکی گەرمی تیاماوە
هەتا لە (گور)
ڕووم وەرنەگێڕاوە لە ژوور
تا بۆ گوێرەکەی (سامری)
دەستەو نەزەر نەوەستاوم
هەتا لێڵایی ئاخ و داخ
نەی تەنیوە بەری چاوم
بێن بمگەنێ … هەوەڵ مەزات
هەتا هەر کوێ دەنگم ئەگات
هەوەڵ مەزات … هتد
ساڵانی هەشتاکان، بەتایبەتی لە حوزەیرانی 1983 بەدواوە، ساڵانی سەرلەنوێ شیبوونەوە و تواندنەوەی کەسێتیی شاعیر بوون، ساڵانی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بونیادی ئەقڵ و فیکر و هەست و سۆز و زمانی شاعیر بوون. لە حوزەیرانی 83 دا (کەژاڵ)ی گەورە کچی شاعیر لە ڕۆژی وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسدا بە کارەساتی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەستدا…. لە کۆتایی 84 دا (بەهار)ی کچی نەونەمامی شاعیر کە قوتابی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بوو، کتوپڕ بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن ( لوکیمیا ) گیانی لەدەستدا.
ئەو دوو کۆستە گەورەیە ڕۆڵێکی زۆر دیاریان هەبوو لە وەرچەرخانێکی تری گەورەی زمان و شێواز و جیهانبینیی شێخی شاعیران و پیری عاشقان، خاوەنی فەرهەنگی خەمدا.
چەند وێستگەیەکی گرنگ هەن لە ژیانی شاعیر و دونیای شیعرەکانیدا بە خێرایی ئەوانیش بەسەر دەکەینەوە….

لە 16/3/1988دا کە هەڵەبجە شەهید کرا…. لە 19/3/1988دا یەکێ لە جوانترین چامە شیعرییەکانی حەسیب قەرەداخی لە نووکی خامەوە تنۆک تنۆک وەک چۆڕانەوەی خوێنی دڵ، وەک چۆڕاوگەی بانێژەی ڕۆحی ئازاردراوی ، تکایەوە سەر کاغەز و هەڵەبجەش بوو بە (هەڵەبشیما).
لە گەرمەی ڕاپەڕیندا، پیری عاشقانی ئازادی چامەی شیعریی (من هیچ ناڵێم)ی نووسی و لە دەنگی گەلی کوردستانەوە خوێندرایەوە و لە ماڵی هەموو کوردێکدا دەنگی دایەوە و بووە وێردی سەر زمانی خەڵکی کوردستان.
ئەزموونی پڕ مەینەتی و کارەساتی ڕەوە ملیۆنییەکەی بەهاری شکستی ڕاپەڕین، ئەو ڕۆژی حەشرەی کە لە ناکاو مرۆڤی کوردی خێر نەدیوی لە خەونی ئازادی ڕاچڵەکاندەوە و شایی ئازادیی لێکردە شینی شکست و ئاوارەبوون، بۆ یەکەمین جار لە نووکی خامە، جەرگ بە خوێنەکەی شێخی شاعیرانەوە تکایەوە سەر ڕووپەڕ و بووە بەڵگەیەکی مێژوویی پڕ لە کارەسات و دەرس و عیبرەت و نەفرەت و توڕەیی مرۆڤی کورد لە دوو توێی چامەی شیعری (شەو و گریان و مەرگ)دا
سڵاو لە یادت … لە شیعرت…. لە خەباتت… لە خەم و ناسۆرەکانت… لەو هیوا و ئاواتانەت کە هەموو بەرەبەیانێک گەرمایی بە گیانی مەییومان دەبەخشێ!
پاڵنەرەکانی پشتی کۆچ لە (کۆچێکی رەشپۆش)ی “ حەسیب قەرەداخی “دا
عه‌تا قه‌ره‌داغی به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ پاڵنەرەکانی پشتی کۆچ لە ” کۆچێکی رەشپۆش” ده‌كات و ده‌ڵێت: “یەکێکە لە دەقە دیارەکانی “ حەسیب قەرەداخی “ کە لە ساڵی ١٩٨٢ دا نووسیووێتی. ئەم دەقە باسی کۆچکردنی نالی، یان لەسەر بنەمای ئەوەی دەقەکە دەیەوێت بیڵێت باسی سەرهەڵگرتنی نالی دەکات. کاتێ باسی سەرهەڵگرتن دەکەین، مانای ئەوەیە نالی بە ناچاری وڵات بەجێدەهێڵێت. دیارە هۆکارەکانی ناچاربوونی نالی بۆ بەجێهێشتنی زێدی خۆی لە دەقەکەدا رووبەرێکی دیاریکراو داگیر دەکات. ئاشکرایە نالی لە دیارترین شاعیرانی کوردو یەکەمی سێ کوچکەی بابانە. واتە ئەو کەسێتیەکی ئاسایی یان سادە نیە، هەربۆیە لە مێژوویەکدا کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لە زێدو نیستیمان شتێکی دەگمەن بووە، بەو پێیە کۆچکردنی نالی کۆچێکی ئاسایی نیە. بە تایبەتی ئەگەر ئەوەش بزانین کە نالی شاعیری میرنشینی بابان بووەو بەوپێیەش دەشێ سەرباری کێشەو کەموکورتیەکان خەونی رەنگاوڕەنگی بۆ میرنشینی بابان و ئاییندەی کورد لەسەر ئەو میرنشینە بنیاد نابێت.
)) سەدو چل ساڵێک لەمەوبەر مەلا خدر … عەبایەکی دا بەشانداو لە ژوورەکەی هاتە دەرێ … چەند فەقێیەک لە خانەقا بەڕێیان کرد هەتاکوو “وەیس” … هاواریان کرد وشەی کوردی ماڵوێرانە … شارەزووریش بێ بارانە … نالی ئەڕوات هەوار دوورە … کەچی خاکمان لە کاغەزی هەندەراندا … هەتا ئێستەش بێ سنوورە!))
لەم دەستپێکەدا نالی کە وەکو مەلایەک دەناسێنرێت، بڕیاری کۆچەکەی دەدات. شوێنی دەستپێکردنی کۆچەکەی سلێمانی و بە دیاریکراویش لە مزگەوتی خانەقاوە دەکەوێتە رێ و فەقێکان هەتا ( وەیس) کە ئەوسا رۆژئاوای سلێمانی بووە، بەڕێی دەکەن. ساڵی کۆچکردنەکە بەپێی ئەوەی لە دەقەکەدا هاتووە پێشی سەدو چل ساڵە، کە دەکاتە نیوەی یەکەمی دەیەی چوارەمی سەدەی نۆزدە. بەپێی ئەوەی لە پێشەکی دیوانی نالی بنەماڵەی زاناو پایەبەرز مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریسیشدا هاتووە کۆچکردنی نالی لەو مێژووەدا بووە، واتە بە لای کەمەوە دەوروبەری پانزە ساڵ پێش روخانی میرنشینی بابان. فەقێکان نالی وەکو خاوەن پایەو داهێنەرو بەرپرسی وشەی کوردی سەیر دەکەن و ئەوان پێیان وایە کۆچکردنی نالی مانای مەرگی وشەی کوردی یان بەدەربڕینێکی تر مەرگی زمانی کوردی. هەرئەوەش نا بەڵکو ئەوان ناڕاستەخۆ نالی دەچوێنن بە هەورو کۆچی نالی بریتیە لە کۆچی هەورەکان و بێ بارانی. دیارە بێ بارانیش مانای وشکەساڵی و نەهاتی. بەم پێیە کۆچی نالی وەکو کارەساتێکی گەورە وێنادەکرێت و روودانی ئەو کۆچە دەبێتە هۆی بەجێمانی وێرانەیەک لە دوای ئەوی کۆچکەرەوە. هەروەک لەسەر زمانی فەقێکانەوە، شاعیر ئەوە دەردەبڕێت لە کاتێکدا نالی وڵات لە بارێکی بەوجۆرە شڵۆق و ناهەمواردا بەجێدەهێڵێت، وڵات خۆیشی هێشتا لەسەر نەخشەی جوگرافیای جیهان نەناسراوە، یان پێناسە نەکراوە چونکە هیچ سنوورێکی نیە کە مەبەست لەوەش سنووری دانپێدانراوە. لێرەدا بەئاشکرا دیارە کە شاعیر، نالی و کۆچی نالی دەکات بە ئامراز بۆ باسکردنی وڵاتەکەی نالی و خۆی لە دوو ئاستدا: یەکەمیان بێ شوناسی وڵاتەکەی ئەمانە لەسەر نەخشەی جیهان، دووەمیان لە ڕێگای نالی و باسکردنی هۆکارەکانی کۆچەکەیەوە ئاخاوتنی ئەو هۆکارانە دەکات کە بوونەتە هۆی روخاندنی میرنشینی بابان و زۆرینەی ئەو هۆکارانەش دەگێڕێتەوە بۆ کەموکورتی لە کەسێتی کوردی و کەموکورتی لە بوونی ئیتنیکی کوردیدا. بەڵام ماوەی نێوان کۆچکردنی نالی و رووخاندنی میرنشینی بابان ئەم لێکدانەوەیە لاواز دەکات.
(( نالی رۆیی و کەس هەڵنەستا،… کە رۆژ هەڵهات و گشت شتێ ئاشکرا بوو … دەرگای بەبە مۆرکرابوو … ئەوسا دەستتان دا بە دەستا، هاتن و چوون … بۆ نەبوو بوون وا هەر نەبوو؟… هۆ خەڵکینە، ئەوا سەدو چل سال ئەبێ … لە شارەزوور، سەری حەبیبە هەر شینە … لە هەر کەسێک داوای خەوێکی نالی کەین … ئەڵێ: هەڕۆ هەڕۆ نینە!))
سەرەتا دەبێ ئەو راستیە میژووییە دووبارە بکەینەوە، کە کۆچکردنی نالی هاوکاتی روخاندنی میرنشین نەبووە، دەشێت نالی لە خەیاڵی قوڵ و مەودا فراوانی شاعیرانەی خۆیدا لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی سیاسەتی خراپی براو ئامۆزاو برازاکانی بنەماڵەی بابان پێشبینی ئایندەیەکی رەشی بۆ دەسەڵاتی میرنشینەکە کردبێت و ئەوەش هۆکاری کۆچکردنی نا، بەڵکو هۆکاری نەگەڕانەوەی بووبێت.
پێدەچێت کۆچی نالی، بێجگە لە فەقێکانی خانەقا کە دەقی شیعرەکە واینیشان دەدات فەقێی نالی خۆی بوون، کەسی تر بایەخ بە کۆچکردنەکەی ئەو نادات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوەی نالی بەرهەم هێناوە بۆ کۆمەڵگای ئەوکاتەی سلێمانی یان کۆمەڵگای کوردەواری بایەخێکی ئەوتۆی نەبووە. بەرهەمی نالی شیعرو زیندووکردنەوەی زمانی کوردیە. دەبێت بۆ کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەکو کۆمەڵگای کوردی دەیەی چوارەم و پێنجەمی سەدەی نۆزدەیەم، کێ بایەخی بە شیعرو زمانی کوردی دابێت. واتە لێرەدا هەمان بۆچوونەکەی گۆران-ی هاوشانی نالی لە داهێناندا دێتەوە یاد. کە دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سونعەتکار ناگیرێت، چونکە لە کۆمەڵگای لەمجۆرەدا هونەرو داهێنان بەهایەکی نیە. هەرچەندە ئەو پرسیارە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە کە داخۆ کۆمەڵگای گریکی لەسەردەمی داهێنانە مەزنەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆو داهێنەرانی تردا چ جۆرە کۆمەڵگایەک بووە؟ ئایا لە ئاستێکی هێندە پێشکەوتوودا بووە کە بەهای هونەر تێگەیشتبێت؟
ئەو شەوەی نالی کۆچی کرد بۆ بەیانیەکەی کە خەڵک بەئاگاهاتن، دەسەڵاتی میرنشینی بابان رووخابوو. خەڵک هیچیان لە دەست نەهات تەنیا دەستی بێئومێدییان دا بەیەکدا و ئاخیان هەڵکێشا. راستە ئەو ئاخ هەڵکێشانە دەلالەتی جۆرێک لە پەشیمانی هەڵدەگرێت، بەڵام ئایا خەڵکی شار لەچی پەشیمان بوون؟ ئایا ئاخیان بۆ ئەوە هەڵدەکێشا کە دەسەڵاتی میرنشینیان لەدەستچووبوو یان پەشیمانی ئەوە بوون کە بەباشی پشتگیری میرنشینیان نەکردبوو؟ بەڵام شاعیر لەبری نالی بەو خەڵکە دەڵێت ئێوە لە ئاستی نەبوودا بوون و نەتتان توانی رۆڵێکتان هەبێت لە پاراستنی میرنشیندا. بێگومان ئەم وێنەی کۆچکردنە زیاتر بۆ مەولانا خالیدی نەقشبەندی گونجاوە، وەکو ئەوەی ریچ باسی دەکات و دەڵێت ئەمشەو شێخ خالید بەخۆی و خێزانیەوە سلێمانی بەجێهێشت، بەڵام کۆچکردنی ئەو زیاتر لە دە ساڵ پێش کۆچکردنی نالی بووە. واتە هیچیان لە سەروبەندی روخاندنی میرنشیندا کۆچیان نەکردووە.
ئاشکرایە حەبیبە کە وەکو خۆشەویستی نالی بەجۆرێک لە بیرو خەیاڵی خوێنەری نالیدا جێگیربووە، کە گومان لە بوونی حەبیبە وەکو مەعشوقەی نالی ناکرێت. هەرچەندە لە رووی راستیەوە دەشێ وێنەیەکی بەرجەستەکراوی خەیاڵی نالی بێت، ئەو خەیاڵە فراوانەی کە داهێنانی نالی بەرهەم هێناوە و چەندین یۆتۆپیای دروست کردووە، یۆتۆپیای مەستورەو، یۆتۆپیای میرنسینی بابان و زمانی کوردی و چامە رەنگینەکەی بۆ لاواندنەوەی میرنشین و لەپاڵ ئەوانیشدا یۆتۆپیای حەبیبەو شارەزوورو دەیان دنیای رەنگاورەنگی تری نێو دەقەکانی. بێگومان نالی بەپێی ئەوەی زانراوە هەرگیز بە حەبیبە ناگات، دوای رۆیشتنی نالی حەبیبە دەمێنێتەوە و هەتاکو ئێستاش حەبیبە وەکو هێمای ئەو مەعشوقە ماوەتەوە کە هەرگیز بە عاشقەکەی ناگات. سەری شینی حەبیبە هێمایە بۆ دوو کارەساتی هاوکات بە گوێرەی ئەو، کە یەکەمیان کۆچی نالیە و دووەمیشیان کارەساتی روخاندنی میرنشینی بابانە.
نالی کۆچ دەکات بۆ دەرەوەی زێدی خۆی، واتە نیشتیمان بەجێدەهێڵێت. ئایا هۆکاری سەرکی ئەوەیە کە ئەم شاعیرە چاوی بەوەدا هەڵنایەت کە سلێمانی بەبێ دەسەڵاتی بابان ببینێت. بەڵام پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە نالی پێش روخاندنی میرنشین زێدو خاکی خۆی بەجێدەهێڵێت. بێگومان ئەگەر کۆچی نالی پێش روخانی میرنشین بێت، مانای وایە روخانی میرنشین هۆکاری سەرەکی ئەو کۆچە نیە. دیارە نالی چووە بۆ حەج و ماوەی زۆر لە سام ماوەتەوەو دەشێت کە لەوێوە روخاندنی میرنشینی بیستبێت، ئیتر چاوی بەرایی نەدابێت بگەڕێتەوە سەرتەرمی میرنشین. بەڵام ئەگەر لەپێش روخاندنی میرنشیندا نالی بڕیاری دابێت کۆچ بکات و نەگەڕێتەوەو چوون بۆ حەج بیانوو بووبێت بۆ ئەوە کۆچ بکات. لەبارێکی وەهاشدا دەبێت ئەو هۆکارانەی وایان لە نالی کردبێت کۆچ بکات کێشەو گرفتەکانی ناوخۆی میرنشینی بابان بووبێت بە تایبەتی ململانیی نێوان براو ئامۆزا بابانیەکان و پاڵدانی بەشێکیان بە شای قاجارییەکانەوەو و بەشێکی تریشیان بە خەلیفەی عوسمانی و بابی عالیەوە. ئەمە سەرباری ناکۆکی ناوخۆی خەڵک و نەبوونی هیچ بنەمایەکی یەکێتی و یەکبوون لە ئاستی خوارەوەی خەڵک و بایەخنەدانی میرانی بابان بە ژیانی خەڵک و خەریکبوونیان بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوە و سەرگەرمبوونیان بە رابواردن و بەزم و کەیفی ژیانی تایبەتیانەوە. کە بێگومان ئەم خاڵەی دووایییان بەردەوام هەڕەشەبووە بۆ سەردەسەڵاتە ناوچەیی و ناوخۆییەکانی کوردستان و هەرئەوەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی روخاندنیان بووە. دەقەکە وەکو دەقیکی شیعریی زیندوو بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی هۆکاری کۆچەکەی نالی بەکراوەیی بەجی دەهێڵێت.
شاعیر باسی ئەوە دەکات لە شارەزووری زێدی نالی و حەبیبەدا، کە لە رۆیشتنی نالیەوە حەبیبە سەری شینە، داوای خەونێکی نالی لەهەر کەس بکەین، ئەو وەڵامەمان دەست دەکەوێت کە هیچ خەونێکی نالی دەست ناکەوێت. مەبەست لە خەونی نالی چیە؟ بێگومان مەبەست لە خەونی نالی هیواو خواستە ئایندەییەکانی نالیە. کە ئەویش لە لایەک بەواقیعیکردنی یۆتۆپیای میرنشینی بابان و چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتەو سەربەخۆبوونێتی. لە لایەکی ترەوە زیندوکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی و کەلتوری کوردی و گەیاندنێتی بە ئاستی کەلتووری نەتەوە دیارەکانی تر بە تایبەتی عەرەب و فارس و تورک، واتە خەونی بوونی دیوان بەهەرسێ زمان و رەتکردنەوەی هەڵوێستی هەموو ئەوانەی کە ئەلفازی ئەو کە ئەلفازی کوردیە بە خۆکردی ناو دەبەن. ئەم دەیەوێت زمانی کوردی هاوشانی زمانی ئەوانیتر بێت، چونکە ئەم بایەخی زمان دەزانێت و لەو رووەوە بۆچوونی ئەو لە ئاستی نەدرکێندراودا هاوشێوەی ئەو بۆچوونەی هەندێ لە خاوەن تیۆرییانی بابەتی نەتەوەی و زانستی زمانە، کە باس لەوە دەکەن زمان بریتیە لە دەوڵەت، دەوڵەتیش واتە سەربەخۆیی، ئەمەش مانای بەرهەمهێنانی گوتاری تەواوی نەتەوەییە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەگوتراودا و لەم دەقە شیعرییەدا گوتاری نەتەوەیی تەواو بەرهەم دێت کە ئەمەش تێپەڕاندنێکی ئاشکرایە بەسەر گوتاری لاواندنەوە، یان تەنانەت بەسەر گوتاری مانەوەدا.
(( بڕۆ نالی بڕۆ نالی… تەختی شارەزوور بێ تاجە … کە شارەزوور تاجی نەبێ … شاعیریشی بێ رەواجە.))
بە رەچاونەکردنی مێژووی کۆچەکەی نالی، ئەمی شاعیر پشتگیری نالی دەکات بۆ کۆچکردن. پاساویشی بۆ ئەم پشتگیریکردنە روخانی دەسەڵاتی شارەزوورو کەوتنی تاجەکەیەتی. هەڵبەت مەبەست لە شارەزوور لەو چوارچێوەیەدا کە دەقەکە لێی دەدوێت میرنشینی بابانە. نالی سەرلوتکەی شاعیرانی بابان بوو، ئێستا میرنشینەکە رووخاوە، بەوپێیە سەروەری ئەوی شاعیریش دەڕوخێت. هەر بۆیە شاعیر هەست دەکات دڵشکاوە و پاساوی مانەوەی نەماوە بۆیە دەیەوێت بڕوات. لەم هەنگاوەشدا شاعیر پشگیری دەکات. هەرچەندە ئەوە ئاشکرایە کە تاجی دەسەڵات دەڕووخێت و دەشێت لە دوای خۆیەوە هیچ بەجێ نەهێڵێت، بەڵام تاجی دەسەڵاتی داهێنان ناڕوخێت و نەک بۆ کاتی خۆی دەشێت داهێنان بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوەو ئەو تاجە رەونەقدارتر و بەرزتر بێت. داهێنانی نالی خۆی باشترین نموونەیە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، چونکە دیارە میرنشینی بابان روخاو بێجگە لە تۆمارێکی مێژووی دوو لایەنە، واتە ئەرێنی و نەرێنی شتێکی تری بەجێ نەهێشتووە، بەڵام شیعری نالی زیندوو ماوەتەوە و بەردەوام بابەتی قسەلەسەرکردن و توێژینەوەیە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە ئێستا ناوی نالی دیارترو ناسراوترو لە هەست و گوێی خەڵکدا زیاتر ئامادەبوونی هەیە لەچاو هەموو میرانی باباندا.
شاعیر بە نالی دەڵێت:
(( مەیەرەوە … چونکە خەڵکی پرسش دەکەن … چیتان کرد لە تەختی “ئەحمەد”… بە پیلانی کاسبهای شار رێتان نەبرد؟ ))
بەدوای ئەمەدا شاعیر داوا لە نالی دەکات نەگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەس پاساوی خۆی هەیە کە ئەویش پەیوەستە بە هۆکارەکانی رووخانی میرنشینەوە. ئەو پێیوایە خەڵکی نالی و بەرپرسانی میرنشینیش دەخەنە بەردەم ئەو پرسیارەوە کە هۆکارەکانی رووخانی میرنشین چی بوون؟ بێگومان هەر شاعیر خۆی بە نیوە دێڕێکی سالم بەشێک لە وەڵامەکە دەداتەوە کە پیلانی کاسبکارانی شاربووە، بەڵام نە دەسەڵاتی میرنشین و نە نالیش وەکو شاعیر و رووناکبیر پەییان بە پیلانی کاسبکارانی شار نەبردووە بۆ رینوێنیکردنی رۆم بۆ پایتەختی میرنشین لە لایەک و پشتگیرنەکردنی میرنشینیش بۆ بەرگریکردن لە لایەکی ترەوە. لێرەدا شاعیر هەمان شێوەی سالم هۆکاری روخاندنی میرنشین دەخاتە ئەستۆی کاسبکارانی شار. بەڵام لە راستیدا شاعیر لێرەدا هەمان شێوەی نالی خۆی لەوە بەدوور دەگرێت کە باسی ئەوە بکات هۆکاری سەرەکیی رووخانی میرنشین ناکۆکی و ململانێی براو ئامۆزاکانی بنەماڵەی بابان بووە لەسەر کورسی دەسەڵات و سڵ نەکردنەوەیان لە دابەشبوون و پەنابردنی هەندێکیان بۆ فارسەکان و هەندێکی تریشیان بۆ تورکەکان. هەروەک دەشێت سیاسەتی بەڕێوەبردنی خراپیشیان لە ئاستی ناوخۆدا وایکردبێت کە کاسبکارانی شاری تەواو بێزار کردبێت بۆیە کاسبکاران پشتیان لە دەسەڵاتەکەیان کردبێت. ئەو کاسبکارانەی سالم باسیکردون و حەسیبیش دێڕەکەی ئەوی وەرگرتووە بە گوێرەی ئەوکاتەی کۆمەڵگای کوردی کاکڵەی دروستبوونی خاوەن پیشەو پیشەوەران و مانیفاکتۆریا بوون، کە ئەوەش بنچینەی دروستبوونی چینی بۆرژوا یان چینی ناوەندە. کە بەشێوەیەکی گشتی هەر دەسەڵاتیکی بەڕێوەبردن لە هەر کۆمەڵگایەکدا پشتگیری بازاڕ، یان کاسبکاران یان چینی ناوەندی نەبێت ناتوانێت بۆ ماوەی دوورودرێژ مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام دیارە دەسەڵاتدارانی بابان و تەنانەت نالیش وەکو روناکبیری سەردەمەکە لەوە تێنەگیشتوون. هەر لەڕاستیشدا یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵوێستوەرگرتنی دەسەڵاتی بابان لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی ئەوە بووە کە رێبازەکەی مەولانا رێبازی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگاو کاسبکاران و بەرهەمهێنەران بووە.
لەم دەقە شیعریەدا، “ حەسیب قەرەداخی “سەرباری لایەنگری بۆ نالی و بۆ کۆچکردنی و سەرباری خستنەڕووی رەخنەش لەسەر بنەمای ئاخاوتنی هەندێ لە هۆکارەکانی روخاندنی میرنشین، بەڵام ئەو لە روانگەی بەرهەمهێنانی گوتاری نەتەوەییەوە سەیری ئەو دەسەڵاتە دەکات و روخاندنی دەسەڵاتەکە وەکو بەشێک لە دەسەڵاتی نەتەوەی کورد بەکارەسات وسف دەکات. هەروەک دەشێت حەسیب لە پشتی نالیەوە بیەویت بێزاری خۆی لەو بارودۆخە دەرببڕێت کە لەکاتی بەرهەمهینانی دەقەکەدا میللەتەکەیی تێدا ژیاوە. لە لایەک کوشتن و بڕین و سەرکوتکردن و وێرانکردنی کوردستان لە لایەن رژێمە داگیرکەرەکانی ولاتەکەیەوە، لە لایەکی ترەوە لەو مێژووەدا کە دەقەکەی تێدا بەرهەمهاتووە، لە ساڵی ١٩٨٢ دا ، هێزەکانی نەتەوەکەی لە شاخ لەبری پێکەوە کارکردن و یەکێتی و یەکبوون سەرقاڵی شەڕی خۆکوژی بوون. بێگومان ئەو بارودۆخە ناهەموارە لەهەردوو ئاستەکەدا کاریگەریی لەسەر ئەمی شاعیر هەبووەو ئەم دەقە لەو ساتە ناهەموارەی ئەو هەستی پێکردووە، گەڕانەوەیە بۆ یادەوەرییەکی تاڵی تر لە مێژووی ئێمەدا، کە ململانێی و ناکۆکی نێوان برا بابانیەکان بووە، کە ئەوەش بووەتە هۆی رووخاندنی میرنشینەکە. هەروەک شاعیر دەیەوێت بڵێت هۆکاری کۆچکردنی نالی و وڵات بەجێهێشتنی و نەگەڕانەوەی ئەو ناکۆکی و دووبەرەکیە بووە. بۆیە نەک هەر ماف بە نالی دەدات کۆچ بکات، بەڵکو هانیشی دەدات کە بڕوات و ئاوڕنەداتەوە. بێگومان ئەمەش لەبەر ئەوە نیە کە شاعیر لە نیشتیمانەکەی بێزار بووبێت، نەخێر بەڵکو هەرچۆن دەیەوێت بڵێت نالی لە فەرمانڕەوایانی بابان بێزاربووە بۆیە کۆچی کردووە. ئەمیش خۆی ئێستا لە لایەک لە زەبروزەنگی داگیرکەر بێزارە، لە لایەکی تریش ئەوەی ئومێدی پێیانەو لە شاخ کە وەکو پێویست، دەبێت دەست لەناو دەست دژی داگیرکەر بجەنگن، کەچی لولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی یەکتر کردووە. ئەوەش بۆ شاعیر ئەوپەڕی بێ ئومێدیە. بۆیە لە پشتی هاندانی نالیەوە بۆ کۆچکردن ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە لەژێر دەمامکی نالیدا دەخوازێت ئەمیش کۆچ بکات، ئەگەرچی ئەو کۆچە تەنیا لە سنووری خەیاڵیشدا بێت، لە گەوهەردا بێزاری و بێ ئومێدی نیشاندانە بەرامبەر ئەو بارودۆخەی کە دەقەکەی تێدا بەرهەمهاتووە، بەتایبەتی لە روانین بۆ ناکۆکیەکانی نێو ریزی میللەتەکەی خۆیەوە. واتە پاڵنەری لایەنگری کۆچکردن لای “ حەسیب قەرەداخی “بێزاربوون نیە لە نیشتیمان بەڵکو بێزاربوونە لە سیاسەت و رەوتاری رووبەرێکی فراوان لە کورد کە لەبری دەست لەنێو دەستی یەکترنان لەپێناوی ئازادی و سەربەخۆیدا، کەچی هەمیشە لەدابەشبوون و ناکۆکی و رووبەرووبوونەوەی یەکتردایە. ئەم دەقە شیعرییەی حەسیب لە رێگای دەرخستنی هۆکارەکانی کۆچکردنی نالیەوە، خوێندنەوەیەکی وردە بۆ کارکردنی بەردەوامی ئەقڵی لاوازی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردی، کە لەبری بەرهەمهێنانی گوتاری یەکبوون، بەردەوام لە چوارچیوەی گوتاری دابەشبووندا کار دەکات.

ھەواڵی زیاتر