دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بارانە تاوانی منە

شایەدی دەدەم کۆڵانەکان زامدارن

رێبوارەکان وەڕەز لە وشەیەکن ترسابێ

شایەدی دەدەم وەرزێک دێ

لە وەرزەکانی دیکە رووبارتر

من تاوانم تەنیایی بوو

ئەگینا لە داوی ئەو هەموو چاوەدا

دەبوو دەستی شەڵاڵی گڕم حەشار دەم

شایەدی دەدەم خوێنی من سوورە

وەک خوێنی ئەو دارەی 

پاییز گەمارۆی دا

وەک رەنگی شەقامە سەرەکییەکانی خەونم.

من تاوانم بارانە بوو

کە لەو دیوی چاوەڕوانیمەوە 

دەباری

تەنیا

چەترێکم کێشابۆوە لە رۆژژمێری سبەی دا و

چاوەکانم بە مەبەستی ئاسمان

لاسایی ئەودیوی پەنجەرەکانیان کردەوە

شایەدی دەدەم ئێوارەم دیوە

وەک چۆن بەیانیش پەنجەمۆر دەکەم

دەشنووسم: دەرەتانی تاریکی ئاوابوو

دەڵێم: هەڵفڕین تامی ساماڵە

من تاوانم باڵندە بوو

کە لە چاوی کیژۆڵەکاندا باڵی گرت و

لە شێعری منیش دا کورکی ئەستێرە

ئەوە پەنجەکانم بە ئێوە دەسپێرم

کۆڵانەکان!

شایەدی دەدەم رۆژێک دەبنە بەستێنی دژواری گۆرانی

ئەوە شێعرەکانم بە ئێوە دەبەخشم

شەقامەکان!

پەنجەمۆری جوانی ئێوەیان لەسەرە

من تاوانم سبەینێیە

ئەگینا ئەوڕۆ دەپەڕیمەوە

لە مەترسی.