فۆڕمی وەرگرتنی شوققە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت

دوای تەواوبوونی دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان و كرێنشینان، بڕیارە لە رێگەی فۆڕمێكەوە دابەش بكرێن، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانكردنەوەی ھەولێریش دەڵێ، چەند مەرجێك بۆ ئەو كەسانەی سوودمەند دەبن، دیاری كراون.

ھونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای ھەولێر لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە دروست كراون و یەكەكان تەواو بوونە، بەڵام ھەندێ خزمەتگوزارییان ماوە بۆیان دابین بكرێت و دواتر دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت، كە خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین لەو یەكانە سوودمەند دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانكردنەوەی ھەولێر دەشڵێت، شوققەكانی ھەولێر و سۆران تەواو بوونە، بەڵام پڕۆژەكانی شوققە لە چۆمان و مێرگەسۆر و كۆیە و شەقڵاوە بەھۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا راگیراوە و تەواو نەكراون.

نووری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ماوەكانی داھاتوودا فۆڕمی وەرگرتنی شوققە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت و چەند مەرجێكیش بۆ سوودمەندبووان دیاری كراون، لەوانەش نابێت ھاووڵاتییەكە پێشتر سوودمەند بووبێت لە ھیچ یەكەكی نیشتەجێبوون و خێزاندار بێت و كرێنشین بێت، ھەروەھا ژمارەی ئەندامانی خێزانیش لەبەرچاو دەگیرێت.

قائید میرۆ

ھەواڵی زیاتر