كێن ئەو كەسانەی كە ڕووبەڕووی كێشەو و گرفت دەبنەوە؟

زریان فاتیح قەرەداغی

قوڵترین بەشی مرۆڤ دەرونێتی هەربۆیە گەورەترین هێزی مرۆڤ لە ئەقڵیایەتی، ئەوەی لە جەستەیدا هەستی پێ دەکرێت بێ سودە و هیچ بەهایەکی نییە ئەگەر لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەقڵیا نەبێت، دەرخستنی هێزی جەستە تەنها ڕەمزێکە لەلایەن خودی مرۆڤەکەوە. مرۆڤ بە سروشتی خۆی سادەیە و هەر بە سادەیش لەدایک دەبێت، بەڵام کاتێک گەورە دەبێت تاک دەکەوێتە ژێر کاریگەری بڕیارەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی وئاڵۆزبونی بێسنوری سیستمە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی تاک نەتوانێ خۆی لە بابەتی گوزەرانیدا یەکلابکاتەوە، هەر بۆیە تاک دەکەوێتە ژێرکاریگەری قسەی کۆمەڵگە و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی. گومان لەوەدا نییە تاک بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان پێویستیەکانی خۆی و کۆمەڵگە بدۆزێتەوە بە جێگیری ڕایبگرێ ڕوبەڕوی چەندەها کێشەو گرفت دەبێتەوە. ئەگەر یەکێکیش بێت لەوکەسانەی کە
خاوەنی هەموو شتێک بێت لەسەر ئەم زەوییە.
لێرەدا دەمەوێت باس لەوە بکەم کێن ئەو کەسانەی کە ڕوبەڕوی
کێشەو گرفت دەبنەوە؟ ئایە تەنها کەسە لاوازەکان توشی کێشە دەبن یان مرۆڤە تێگەشتوەکانیش،لەکاتێکدا مرۆڤ خاوەنی گەورەترین هێزە لەسەر زەوی.
تەنها مرۆڤە لاوازەکان توشی کێشە نابن لەبەرئەوەی کە لاوازن لەڕوی توانای جەستەی و ئەقڵیەوە، بەڵکو تاکە زیرەکەکان زیاتر ڕوبەڕوی گرفت دەبنەوە بەتایبەت مرۆڤی تێگەشتوی هەستیار لەبەرئەوەی تاکی تێگەشتو دەستەوەستان نابێت لە هەم بەر ئەو کێشەو گرفتانەی ڕوبەڕوی دەبێتەوە لە ژیانی ڕۆژانەیدا کەبە هەستی نەرێنی ناسراون بۆیە هەوڵی ڕوبەڕوبونەوەیان دەدات بە جوڵاندنی تواناکانی وەڕێگا بە هیچ کەسێک نادات ئارەزوەکانی خۆی لەسەر هەستەکانی زاڵ بکات. هەربۆیە جیاوازییەکی تەواو لە کەسێک بۆ کەسێکی تر لەهەست پێکردنی ئەم گرفتانەی کەلە سەرەتا ئاماژەم پێکردن بەدیدەکرێت. لە ڕاستیدا ئەمەش بۆ جیاوازی دیدگا و ڕوانینی مرۆڤەکان بۆ شتەکان دەگەڕێتەوە، بێگومان ئەم ڕوانین و تێگەشتنە بە ئاسانی بەرهەم نەهاتوە بەڵکو لە کاردانەوەی جیاوازی هەست و توانای تێگەشتنیانەوە بەرهەم دێت،یەکێکە لەو هۆکارانەی هەستێکی دەرونی باش بۆ کەسەکە دەڕەخسێنێ تاکو بە ئەندازەی تێگەشتنەکان ڕووبەڕووی کێشەو گرفتەکان بێتەوە . کاتێک تاک توانای ئەوەی هەبێت هەست بە ڕاستیەکان بکات بێگومان توانای ئەوەشی دەبێت ڕووبەڕووی گرفتەکان بێتەوە، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا هەموو کێشەو گرفتەکان جگە لە ڕوداوە سروشتییەکان کە دەسەڵاتی مرۆڤی تێدا نییە بونیان نییە بەڵکو مرۆڤ خۆی دروستی کردون جا بەهەچ هۆکارێک بێت. کەسانی زیرەک تەنها پێویستی بە پەرەپێدانی تواناکانی هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گرفتەکان بێتەوە، بەڵام هەرچی کەسانی بێ توانا و هەست لاوازە تێگەشتنیان کەمە گومانی تێدا نییە کە گرفتیان کەمە بەرهەمیشیان کەمە لەبەرئەوەی توانای ڕووبەڕووی گرفتەکانیان نییە کە دێتە بەردەمیان لە ژیانی ڕۆژانەیدا . ئەمەش بۆ توانای هەستیاری تاک دەگەڕێتەوە کە ئاماژەم پێکرد، چونکە هەموو ڕاستییەک کەسێکی توانا و زیرەکی پێویستە تاکو درکی پێ بکات نەک هەست و توانای خۆی زیندانی کردبێت لەسەر بیرکردنەوەو بڕیاری کەسانی دەوروبەر ژیان بکات، کە لە گۆچانی دەستی پیاوێکی کەم ئەندامی نابینا دەچێ. بۆ زیاتر ئاسانتر شتێکی ئاشکراو ڕونە کاتێک مرۆڤ پەرە بە تواناکانی نەدات کاروچالاکییەکانی دەوەستێت و هەست بە هیچ گرفت و نەهامەتییەک ناکات ئەم کەسانە نەک تەنها گرفتیان کەم دەبێت بەڵکو بەرهەمیشیان کەم دەبێت . کەواتە مرۆڤ تا توانا و تێگەشتنی بەهێزتر بێت هەستکردن بە کێشەو گرفتەکان زیاتر دەبێت، توانای ڕاستەقینەی
مرۆڤ هێزی ئەو نییە لاوازییەکەیەتی لەبەرئەوەی لاوازی لە بەھێزتر ین ھێزەكانیش بەھێزترە.

ھەواڵی زیاتر