پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

له‌ هه‌كبه‌ی بیره‌وه‌ریمدا

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ

جارێكی دیكە راگوێزراوەكان

له‌ روانگه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی نێوان هه‌رێم و مه‌ركه‌ز كه‌ بوه‌ته‌ مایه‌ی دڵخۆشی هاوڵاتیان چونكه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ به‌غدا ده‌رچوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی لێ سودمه‌ندن كه‌چی له‌به‌رهێندێ گیروگرفتی ئیداری ، دارایی خه‌ڵكی هه‌رێم لێی بێبه‌شن !
هه‌رچه‌نده‌ بۆ خودی خۆم ئه‌وه‌ چه‌ندینجاره‌ له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌وه‌ خستومانه‌ته‌ به‌رچاوی به‌رپرسان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی خۆمان گرینه‌گیه‌كی ئه‌وتۆی بۆ داواكاره‌كانی هاوڵاتیان نه‌بوه‌‌ یان زۆر كه‌م ،‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر باسی دارایی یان زه‌وی تێدابێت ، بۆیه‌ ده‌مێكه‌ له‌ رێگای نووسینه‌كانمدا گه‌لێجار له‌( خه‌بات ، باس ، هه‌ولێر) داوای دامه‌زراندنی (لێژنەی بەدواداچوونی سكاڵای هاوڵاتیان)مان ، له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه‌ ، دڵنیام ئه‌و لێژنه‌یه‌ كارا بێت گیروگرفته‌كانی هاوڵاتیان له‌رێگای راگه‌یاندن زۆر به‌ ئاسانی دوور له‌ بێروكراتیه‌ت ده‌گاته‌ به‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر
ئه‌گه‌ر بێتو وه‌ك نموونه‌ ته‌نیا باس له‌ بڕیار ، یاسای (الرفحاء‌) بكه‌ین كه‌ تایبه‌ت بوو به‌و خه‌ڵكه‌ كه‌ له‌دوای راپه‌ڕینی (الشعبانیه‌)ئاواره‌ی وڵاتی عه‌ره‌بی سعودی بوون لێی سوودمه‌ند بوون ، ‌ هه‌ر زوو عێراق بۆ هاندانی ئەو خەڵكە پەڕاگەندەیه‌ بڕیاریدا : هەر كەسێك لە ئەوروپا بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی پارچەیەك زەوی و هەندێك پارەی دەدرێتێ و دەگەڕێتەوە سەر كاری خۆی و ساڵانی پەڕاگەندەییشی بۆ خانەنشینی ئەژمار دەكرێ ! زۆر بەداخەوە تا ئێستا خەڵكی هەرێمی كوردستان لەو بڕیارەی عێراق سوودمەند نەبوون
لەلایەكی دیكەوە دەمێكە عێراق بڕیارێكی زێدە سوودبەخشی بۆ خەڵكداوە : ئەوانەی لەنێوان ساڵانی (1971 – 1972) لە عێراق دەركراون ، هەروەها ئەو كوردانەی ساڵانی 1975 – 1977 بۆ باشووری عێراق دوورخراونەوە ، سەرەڕای ئەوانەی لە ساڵانی هەشتاكان لە عێراق دەركراون ، بڕیارەكە دەڵێ : پێویستە لە ماددەی (140) زەرەریان بۆ ئەژمار بكرێتەوە ،
به‌داخه‌وه‌ ئه‌و(90) هه‌زار كورده‌ی ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە تا ئێستا سودمه‌ند نه‌بوینه‌و لایه‌نی په‌یوه‌ندار هیچ ته‌كانێكی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌داوه كە بەندەو هەزاران خەڵكی دیكەیش لەهەردوو بڕیاردا سوودمەند دەبن بۆ خودی خۆم لە 6 / 10 / 1975 تا 31 / 5 / 1979 لە سنووری (المنذریە) یەكسەر بۆ پارێزگای الناصریە دوورخراینه‌وه‌ ، هەروەها لە 5 / 10 / 1995 تا 11 / 8 / 2005 لە هۆلەندا بوویم .. به‌داخه‌وه‌ كاتێ له‌ (2005) كه‌ به‌یه‌كجاری گه‌ڕاینه‌وه‌ كوردستان تا ئێستاش لەو دوو بڕیارە سوودمەند نین !
كه‌چی ئه‌و دوو كورده‌مان كه‌ یه‌كیان خه‌ڵكی كركوك و ئه‌ویتریش موصل بوون له‌ هه‌ردوو بڕه‌یاره‌كه‌ سودمه‌ند بوون ، بۆیە جارێكی دیكە لەسەر لاپەڕەكانی (هه‌ولێر) له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ باشه‌ی نێوان هه‌رێم و مه‌ركه‌زدا داوا لە لایەنی پەیوەندار دەكەین درێغی لەو بابەتە نەكەن
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ ئه‌و شه‌هیدانه‌ وه‌فاداربم تكا له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندار ده‌كه‌م ئه‌و(112) دۆسیه‌یی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ كه‌ به‌هۆكاری جیاجیا له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی داعشدا مردوون ، به‌ڵام تا ئێستا به‌ شه‌هید هه‌ژمار نه‌كراون له‌یاد نه‌كرێن !