مەسرور بارزانی: داوام لە وەزیری دەرەوەی سوێد کرد بە هانای کۆچبەران بچن

مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی سوێد کۆبوونەوە و لەبارەی رەوشی کۆچبەرانی سنووری نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا گفتوگۆیان کرد. 

ئەمڕۆ سێشەممە 23-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوێد کرد. مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی خۆشحاڵیی بە بینینی ئان لیندێ دەربڕی و رایگەیاند، “تاوتوێی رەوشی کۆچبەرانمان لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا کرد و هانی بەهاناوەچوونی خێزانە گیرخواردووەکانم دا”.

هەروەها دەشڵێت، “دەزانم پەیوەندیی بەهێز لەنێو گەلەکانماندا هەیە و سوێد ماڵێک بووە بۆ زۆر خەڵکی ئێمە لە کاتە سەختەکانی مێژووماندا”.

ئان لیندا لە تویتەری خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، لەبارەی هەلە بازرگانییەکانی نێوان سوێد و هەرێمی کوردستان، دۆخی ئاسایش، کۆچکردن و مافەکانی مرۆڤ گفتوگۆیان کردووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی حکومەتدا هاتووە، مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی سوێد بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارکردن بە ئاراستەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کرد. دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا، تەوەرانی دیکەی دیدارەکە بوون.

ھەواڵی زیاتر