ئارام کۆشکی
یەکێک لە کێشەکانی ئەدەبی کوردی نەخوێندنەوە و کەشفنەکردن و ڕەخنە نەکردنییەتی، ئەمەش وایکردووە پێگەی ئەدەبەکە و سیما گشتی و تایبەتەکانی ئەزموونە شیعریی و ئەدەبییەکان ناڕوون بێت و لە زۆرجاریشدا هەر بە تەمومژاوی بمێننەوە. ئەدەبی هیچ گەلێک ناتوانرێت پێگەی دیاریبکرێت و کەشفبرێت تا ڕەخنە و لێکۆڵینەوە توانای کەشفکردنی تێکستیان نەبێت. ئەمەش وا دەکات تەمومژی سەر سیمای ئەزموونە ئەدەبییەکانی قۆناغێکی دیاریکراو لای خوێنەران بڕەوێتەوە و ئەزموونە ساختەکانیش دەرفەتی گەورەکردنیان نەبێت.
ئەزموونی شیعریی دڵشاد عەبدوڵڵا یەکێکە لە ئەزموونە گەورە و بەردەوامەکانی شیعریی کوردی، ئەگەرچی ڕیشەکەی لە پێش ڕاپەڕیندایە، بەڵام گەشەسەندن و خەمڵینی تەواوەتی ئەم ئەزموونە لە دوای ڕاپەڕین دەردەکەوێت و هەر ئەمەشە وا دەکات لە ڕیزی شاعیرانی دوای ڕاپەڕین ئەژمار بکرێت. دڵشاد لە ڕیزی ئەو شاعیرانەیە، کە وەفادارە بۆ شیعر. مەبەست لە وەفاداری بۆ شیعر ئەوەیە کە هەمیشە لەگەڵ شیعردا دەژی و ئەوکاتانەشی وتار دەنووسێت. ناتوانێت دەستبەرداری شیعر بێت و هەناسەی شیعریی بەسەر وتارە ڕۆژنامەوانی و ئەدەبییەکانیشدا زاڵە. ئەم تایبەتمەندییە خەسڵەتی بنچینەیی شاعیرە ڕاستەقینەکانە و لە بەرکەوتنمدا لەگەڵ بەشێک لەو شاعیرانە بەر ئەمە کەوتووم لەوانەش شێرکۆ بێکەس و محەمەد عومەر عوسمان.
پێشتر لە چەند نووسینێکمدا قسەم لەسەر چەند لایەنێکی ئەزموونی ئەم شاعیرە کردووە. بەڵام لاموایە هێشتا کەشفکردنی ئەزموونەکەی زۆری دیکەی دەوێت. بەهیوام بتوانم لە دەرفەتی دیکەدا بە وردی بگەڕێمەوە سەری، بەڵام ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستم قسەکردنە لەسەر نوێترین کتێبی ئەم شاعیرە بەناونیشانی “بێدەنگیی گەورە”، کە لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای فام لە دوتوێی 146 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەزموونی دڵشاد عەبدوڵڵا ئەوەیە خاوەنی ئەزموونێکی خودی شیعرییە. بەو واتایەی کە لە زۆربەی شیعرەکانیدا هەست بە ئامادەیی “خودی شاعیر” دەکەین لە شیعرەکەدا، بۆیە دەتوانم بەبێ سڵەمینەوە ئەزموونەکەی ناوبنێم “شیعریی خودی”. بێگومان من قسەم لەسەر باشی ئەم ئەزموونە یان خراپی نییە، ئەسڵەن ئەم پرسیارە لە گۆڕێ نییە. پرسیاری لەم چەشنە بۆ کاری ئەدەبی هەر لە بنەڕەتەوە کارێکی هەڵەیە. بەڵام دەتوانم بڵێم تایبەتمەندییە.
هەمیشە نووسەرەکان ڕۆحی خۆیان لەنێو وشەدا دەتوێننەوە ئەوسا دەنووسن. بەشێک لە نووسەرەکان بە ڕێژەی زیاتر ئەو رۆحە دەتوێننەوە و خۆشیان مەیلی ئەوەیە هەیە ئەو ڕۆحە تواوەیە لەنێو وشە و ڕستەکاندا دەربکەوێت. بەڵام بەشێکی دیکەی نووسەران ئەگەرچی هەر ڕۆحی خۆیان دەتواننەوە (یان وەکو نیتچە دەڵێت بە خوێنی خۆیان دەنووسن)، بەڵام بە سەلیقەیەکی هونەرییەوە خۆیان لەبن وشەکانەوە دەشارنەوە و ڕێگە نادەن “خودی نووسەر” لە دەقەکاندا بەدەر بکەوێت. ڕەنگە زۆرجار بۆ ئەم هونەرکارییانەش وزەیەکی زۆر بەکار بەرن، بەڵام ئەم حاڵەتەت دیسان لەنێو دونیای بەرینی نووسیندا ئاساییە.
دڵشاد عەبدوڵڵا لە چەشنی یەکەمی ئەو نووسەرانەیە کە لەپرۆسەی توانەوەی ڕۆحی خۆیدا لەنێو تێکستدا ناتوانێت خودی خۆی دەرنەکەوێت. بێگومان لە بەشێک لە دەقەکانیدا هەست بە ونبوونی خودە شیعرییەی دلشاد دەکەین. بەڵام ئەو دەقانەی زۆر کەمن. بەڵکو ئەزموونی شیعری دڵشاد عەبدوڵڵا ئەگەر خاوەنی کۆمەڵێک ناونان بێت بۆ دیاریکردنی سیمای شیعریی یەکێک لە سەرەکیترین ناونانەکان ئەوەیە کە بە ئەزموونەکەی بوترێت “ئەزموونی شاعیرێکی خودسەنتەر”، کە شیعریی خودگەرایی دەنووسێت.
دەرکەوتنی خود لە شیعریی ئەم شاعیرەدا تەنها لە یەک شێوە و یەک جۆرسیمادا نییە، بەڵکو جارێک لە ڕێی مۆنۆلۆگی شیعرییەوە دەردەکەوێت (وەک لە نووسنێکی دیکەدا ڕوونکردووەتەوە) جارێکی دیکە وەکو خودێکی سەربەخۆی شیعریی دەردەکەوێت وەکو سۆبێکتی “شاعیر” بە سیمایەکی شاعیرییەوە دەردەکەوێت. بێگومان لێرەدا بۆیە نموونە ناهێنمەوە لەبەر ئەوەی نموونەکان زۆرن و خوێنەر دەتوانێت بە سەرنجدانێکی ورد لە دیوانی “بێدەنگی گەورە” و ئەزموونە شیعرییەکانی پێشووتری بەتەواوی هەست بەم خاڵە بکات. هەر لەم کتێبەدا ئەم ئەزموونە خودگەرییە لە شیعری “گۆرانییەک بۆخۆم” دەگاتە ترۆپک.