سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “فەلسەفە وەک دەرمان”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە کتێب و بابەتەکانی پرۆگرامەکان بێزاربوون بۆ خوێندکار دروست دەکەن و لەبری ئەوەی حەزی گەڕانی زیاتر لەو بابەتانە لای فێرخواز دروست بکەن. بەپێچەوانەوە “تۆران” دروست دەکەن. ئەگەر نموونەی وانەی فەلسەفە وەربگرین، کە لە پۆلی 11 دا دەخوێنرێت. ئەم وانەیە لەگەڵ ئەوەی تاڕادەیەک وانەیەکی ڕاگوزەرییە و تەنها لەو ساڵەدا دەخوێنرێت. هاوکات ئەو بابەتانەی کە لە وانەکەدا دانراوە لەبری ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ “ئاشنابوون لە فەلسەفە”، کە لە بنەڕەتدا پەیامەکەی ئەوەیە، بەڵام بووەتە وانەیە بۆ “تۆران لە فەلسەفە” ئەوەش بەهۆی ئەو نابابەتیبوونەی لە هەڵبژاردنی بابەتەکان و ئەو وەرگێڕان و ئامادەکردنە خراپەدا کراوە. ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی نیگایەکی نەرێنی بۆ فەلسەفە لای ئێمە دروست ببێت.

یەکێک لەو کتێبانەی لە ماوەی ڕابردوودا خوێندمەوە و دەکرێت ببێتە جێگرەوەی ئەو پرۆگرامە سەقەتەی نێو پرۆگرامی پۆلی 11 کتێبی “فەلسەفە وەکو دەرمان”ی سەعید ناشیدە، کە هەڵکەوت عەبدوڵڵا وەریگێڕاوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە بە زمانێکی ڕوون و بۆ هەموو خوێنەرێک نووسراوە و کارکردنە لەسەر ئەوەی فەلسەفە چیمان پێ دەدات؟ ئەوانەی فەلسەفە دەخوێننەوە چ سوودێک لە فەلسەفە وەردەگرن؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە لەم کتێبەدا وەڵامدراونەتەوە.
خوێنەر هەر لە سەرەتاوە هەست بەو نائومێدییەی نووسەر دەکات کە لە یەکەم ڕستەی کتێبەکەیدا دەڵێت “لە ژیارێکی مردوودا ژیام، لە کولتوورێکدا ژیام، مردن شکۆدار دەکات و مردووەکان پیرۆز دەکات…” هەر لەم دەستپێکەوە نائومێدەوە هەست بەوە دەکەین کە نووسەر دەیەوێت لەنێو ئەو نائومێدییە قووڵە و ئەو دۆخە مەرگپەرستییەدا ئەو ژیانی دەوێت و دەیەوێت دوور لە بۆڵەبۆڵ ژیانێک بە بیرێکی قووڵی فەلسەفییەوە بەڕێ بکات. نەک ژیانێک لە بۆشاییدا.
نووسەر لەڕێی باوەڕێکی ڕوون ڕاشکاوەوە ئەوە دەخاتەوە ڕوو کە “ئەگەر فەلسەفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خراپترین و سەختترین هەلومەرجەکانی ژیان بەهاناتەوە نەیەت، ئەوا خوێندنی کاتبەفیرۆدانە”. لەم هەستە ڕاشکاوانەیەوە ئەوە دەخوێنینەوە کە فەلسەفە ڕێبەرمانە بۆ بیرکردنەوە و تێگەیشتنی قووڵ لە مرۆڤ. نووسەر ڕێسایەکی گرنگیش دەخاتەڕوو و دەڵێت “پەرەپێدانی توانای ژیانکردن بەبێ پەرەپێدانی توانای بیرکردنەوە بە تایبەتی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، ڕوونادات”.
نووسەر ئەوەش دەخاتەڕوو کتێبەکە “هەوڵدانێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی هەندێک بەڵگەنەویستی لەبیرکراو و گێڕانەوەی ئەو مافە بۆ فەلسەفە” کتێبەکە لە کۆدا کارکردنە لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ و پەیوەندی فەلسەفە بە ژیانی ڕۆژانەوە بەتایبەت نووسەر لە بەشی فەلسەفە وەکو شێوازێکی ژیان دەچێتە سەری. ئەمە بێجگە لەوەی بەشێکی تەرخان کردووە بۆ ئەرکی چارەسەرخوازی فەلسەفە. لەم بەشەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە فەلسەفە بە پزیشکی چارەسەرکاری ڕۆح دادەنرێت. ئەوەش دەخاتەڕوو کە تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە ژیان، ئەو تێگەیشتنەیە کە توانای ژیانکردنمان پەرەپێدەدات.
یەکێکی دیکە لە بەشەکانی ئەم کتێبە (کە دەرفەت نابێت هەموو بەشەکانی بەسەر بکەینەوە) بەشێکە سەبارەت بە “ڕازیبوون بە چارەنووس وەکو چەمکێکی فەلسەفی” لەوێدا ئاماژە بە شتێکی گەلێک گرنگ دەکات و دەنووسێت: “دانایی ئەوەیە هەندێک دۆڕان قەبوڵ بکەین، تا هەموو شتێک نەدۆڕێنین”. مرۆڤ زۆرجار نایەوێت دۆڕانەکانی قەبوڵ بکات، یان وەکو ئەم نووسەرە دەڵێت هەندێک دۆڕان قەبوڵ ناکات بۆیە هەموو شت دەدۆڕێنێت. خاڵێکی دیکەی گرنگی ئەم بەشە ئاماژەدانە بە وتە گرنگەکەی نیتچە “ببە بە خۆت” کێشەی هەرە گەورەی مرۆڤی ئێستا ئەوەیە نایەوێت خۆی بێت. دەیەوێت لەوانی تر بچێت. هەمیشە بەدوای مرۆڤێکی ئایدیاڵدا دەگەڕێت تا خۆی لەگەڵیدا هاوشووناس بکات. پرسیاری سەرەتای فەلسەفە ئەوەیە مرۆڤ خۆی بێت و بوونی خۆی نەدۆڕێنێت. هایدگەر گوتەنی تا بوونێکی ڕەسەنی هەبێت، نەک بوونێکی ساختەی بێ بەرهەم.
کتێبەکە ئەگەرچی لە ستایشی فەلسەفەدا نووسراوە، بەڵام ستایشی ژیانیشە، سەرەڕای ئەو نائومێدیانەی نووسەر هەیەتی و لە کتێبەکەشیدا نەیشاردووەتەوە بەڵام فەلسەفە ئەو دەرچەیە بووە بۆی کە بتوانێت توانای ژیانکردنی هەبێت و ستایشی ژیاندۆستی بکات نەک مەرگپەرستی، کە پەتایەکی نوێیە و بەردەوام لە پەرەسەندندایە. کتێبەکە گەلێک بابەتی گرنگی لە خۆگرتووە و بە زمانێکی ڕوونیش نووسراوە کە هەموو خوێنەرێک دەتوانێت لەڕێی ئەم کتێبەوە بە فەلسەفە ئاشنابێت، نەک ئەو پرۆگرامە سەقەتەی پۆلی 11ی ئامادەیی.