دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سوید دەکات

سەرۆك مەسعود بارزانی، ئه‌مڕۆ سێشەممە (23ی تشرینی دووەم/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021) لە سەلاحەددین پێشوازی لە خاتوو “ئان لیندا”، وەزیری دەرەوەی سوید و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عیراق و هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندره‌وی و بابەتی پەرەپێدانی کولتووری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ تاووتوێ کران.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتی نێوان گەلی کوردستان و گەلی سوید، بوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی کورد و رەوەندی کوردی لە وڵاتی سویدیان وەک پردێکی بەهێز بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان هەردوو گەل هەژمار کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی سوید پیزانینی بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە هەبوو لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان و بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەت لە ژیانی گشتیدا بەرزنرخاند.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی وڵاتی سویدی کرد، کە لە رۆژانی تەنگانەدا هەمیشە پاڵپشتی گەلی کوردستان بووە، هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی لەمەڕ خەباتی گەلی کوردستان هەبووە.

هەروەها سوپاسی حکومەتی سویدی کرد، کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعشدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و داواشی کرد دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و سوید پەرەی زیاتری پێبدرێت.