پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

گۆڕینی تێڕوانین لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ڕێگای پەروەردەوە

د. ڤیان سلێمان

تێڕوانین لە مرۆڤەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان و بە پەسەند زانینی ڕۆڵ و ڕەفتار و بە ڕەوا زانینی ماف لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەوەک لێهاتوویی و کارامەیی؛ یەکێکە لەو کێشانەی لە زۆرینەی کۆمەڵگەکان بە تایبەتی کۆمەڵگە نەریتییەکان بوونی هەیە و گومانیشی تێدا نییە، کە یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر کێشەی دیکەش لە بوارەکانی تر.
چەندین هۆکار ڕۆڵیان لە دروستبوونی ئەم بارودۆخەدا هەیە و هۆی سەرەکیش باڵادەستی هزری پیاوسالارییە لە تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و داب و نەریتەکان و بوارەکانی دیکەی پەیوەنددار بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کولتووری کۆمەڵگە.
تێڕوانین لەسەر بنەمای ڕەگەز و بە دیاریکراویش جیاکاری لە نێوان ئافرەت و پیاو لە کۆمەڵگەکەمان بوونی هەیە، لە هەموو بوار و سێکتەرەکان پیاو دەسەڵاتی باڵای هەیە، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە ئەرکی پاراستنی شەرەفی ئافرەت لە دەستی پیاودایە و شەرەفی خێزانیش بەندە بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئافرەتەوە، بەپێی ئەو کۆدە کولتووری و پێوەرانەی کە تێگەیشتنی کۆمەڵگە بۆ ئافرەت بە ڕەوا یان ناڕەوای دەزانێت. کۆت کردنی سەربەستییەکان و خستنە ژێر چاودێری پەیوەندییەکان و دیاریکردنی ڕۆڵ و ناچارکردن و فشار خستنە سەر، هەموو ئەوانە هۆکارن یاخود بنەمان بۆ لاوازی کەسایەتی ئافرەت و بێ متمانەیی و دوورکەوتنەوە لەو کایە و بوارانەی کە گرنگن بۆ سەلماندنی کەسایەتییەکەی، بۆ نموونە کایەی سیاسی.
گرتنەبەری جیاکاری ڕەگەزی لە پەروەردەی خێزانیدا لە نێوان کچ و کوڕی خێزان یاخود ڕۆڵی هەر دوو هاوسەر، بە شێوەیەک، کە وا لە کچ بگەیەنرێت کەسایەتی و تایبەتمەندی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو بۆ بوارێکی کار گونجاوە و بۆ بوارێکی دیکە گونجاو نییە، یاخود چی بکات و چی نەکات، بۆ کوێ بچێت و بۆ کوێ نەچێت، بە پێچەوانەوە سەربەستکردنی کوڕ و چاندنی جۆرێک تێگەیشتن کە هەموو ڕەفتارێکی بۆ گونجاوە و هەر شوێنێک بڕوات ئازادە؛ لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ناهاوسەنگییە لە پەیوەندی مرۆڤانەی ئەم دوانەدا، خوڵقاندنی جۆرێک لە هزری ناتەندروستە لە دەروون و کەسایەتی هەر یەکەیان، کە دواجاریش ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی بوارەکانی ژیان و کەناڵەکانی دیکەی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی دەبێت، تەنانەت دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش دەکەونە ژێر ئەو کاریگەرییە و پەیامی ئەوان لە جیاتی ئەوەی لە پێش تێگەیشتنی کۆمەڵایەتییەوە بێت و ئامانجی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری بێت، میکانیزمی ڕازیکردنی بیری باو دەگرنە بەر و هەمان تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێننەوە.
لە ئێستادا، هزری مرۆڤایەتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و كۆمەڵگەكانی جیهانی پێشكەوتوو بە جۆرێكی دیكە تاک ئاراستە دەكەن. كۆمەڵگەی ئێمەش تا ڕادەیەک هەنگاوی بەرەو ڕەوتی گۆڕانكارییەكان ناوە، بەڵام لەم سنوورە جوگرافییەدا، پرۆسەی گۆڕانكاری كارێكی ئاسان نییە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لە سەرەتادا كار لەسەر هزری تاک بكرێت، گرنگترین و سەرەكیترین ڕێگاش بۆ ئەم مەبەستە رێگای پەروەردەیە . پەروەردە وەک بناغەیەكە بۆ سەرجەم پرۆسەكانی دیكەی كۆمەڵگە و هەموو پرۆسە و كایەكانی دیكەی كۆمەڵگە لەسەر پرۆسەی پەروەردە وەستاون.
پەروەردە كردن واتە ڕاهێنان و ئاراستە كردنی تاک و دروستكردنی چوارچێوەیەكی هزری بۆ تاک دەربارەی ژیانی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی، ئەم پرۆسەیەش لە ڕێگەی چەندین كەناڵەوە بە تاک، دەدرێت. خێزان كەناڵی یەكەمی پەروەردەی كۆمەڵایەتییە، لە خێزانەوە تاكێكی نوێ‌ دێتە دونیاوە و سەرەتاییترین ئامۆژگارییەكان، فەرمانی ئەرێ‌ و نەرێ‌ و رێنوێنی بە تاكەكان دەدرێت. دواتریش قوتابخانە وەک دووەم دامەزراوەی پەروەردەی كۆمەڵایەتی و دەزگا ئاینییەكان و پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، دێن.
بۆ گۆڕانکاری لەو تێڕوانینەی کە لە کۆی کەناڵەکانی پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی دەربارەی تێڕوانین لەسەر بنەمای ڕەگەز بوونی هەیە، دەبێت گۆڕانکاری لە پرۆسەی پەروەردەدا بکەین و ئامانج و مەبەستی پەروەردە بریتی بێت لە پەروەردە كردن و ڕاهێنانی تاک لەسەر چەند بەها و ڕەفتارێك، كە ببێتە هۆی پێگەیاندنی تاكێكی یەکسانیخواز، میانڕەو، هۆشیار، مرۆڤ دۆست و ژینگە دۆست و نیشتمان پەروەر.
تاکێک بڕوای بە یەکسانی مرۆڤایەتی بە تایبەتی یەکسانی نێوان هەر دوو ڕەگەز هەبێت، ئەگەر ئافرەتە خۆی لە پێگەی یەکساندا ببینێت و پیاو وەک هاوڕێ و هاوتا و هاوشانی خۆی بزانێت و هەموو ئەو بوار و گۆڕەپانەی پیاو ڕۆڵی تێدا دەبینێت بە بوار و مەیدانی سەلماندنی تواناکانی خۆی بزانێت، ئەگەر پیاوە، هەموو ئەو مافانەی بۆ خۆی بە ڕەوای دەبینێت، ئەو بوارانەی کاری تێدا دەکات، بۆ ئافرەتیش بە ڕەوا و مافێکی مرۆڤایەتی بزانێت و ڕێگر یاخود ئاستەنگ نەبێت لە پێش دەرکەوتن و سەرکەوتن و هەڵکەوتنی خوشک و کچ و هاوسەر و ئافرەتانی دیکەی هاوڕێی لە بواری کار و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا. بەو شێوەیەش کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز و هاوسەنگ بەرهەم دێت و تواناکانی هەر دوو ڕەگەز هاوبەش دەبن لە بەڕێوەبردن و بەرهەم هێنان و بڕیارداندا، لە کایەی تایبەت و گشتیدا.