پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە كۆی ١٥ كورسی، هەدەپە شەڕ بۆ یەكێکیان دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

كۆنیا، وەكو شارێكی دەستبەپارێز (محافیزكار) لە توركیا ناوی دەركردووە، بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا، وەكو قەڵای ئاكەپە بووە و زۆرترین دەنگی لەو شارەدا بەدەست هێناوە. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش، واتە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چاوەڕوانی هیچ سوپرایزێك لەو شارە ناكرێت و بەشێكی زۆریان دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدەن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هاوكێشەكە گۆڕاوە و وەكو پێشووتر نییە.

كۆنیا قەڵای ئاكەپەیە لە هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام دەربارەی هەڵبژاردنی پەلەمانییەوە، چاوەڕێ دەكرێت ئاكەپە دەنگێكی زۆر لەدەست بدات، چونكە وەكو هەموو شارەكانی تری توركیا، هاووڵاتیانی كۆنیا، بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن و خەڵك برسییە.
لە پەرلەمانهەڵبژاردنەکەی 2018، ئاكەپە توانی 59.4%ی دەنگەكان بهێنێت و مەهەپە 15.5%، جەهەپە 9.7%، پارتی خاس 9%، هەدەپەش توانیی 3.7%ی دەنگەكانی ئەو شارە ببات. بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانیی 74.2%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بۆیە لە سەرۆکهەڵبژاردنەکەی 2023، هەمان سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی چاوەڕوانكراوە، چونكە دەنگدەری كۆنیا، نایانەوێت كەسێكی وەكو كەمال كلیچدارئۆغڵو، ببێتە سەركۆماری توركیا و پێیان وایە عەلەوییەكان لە ئیسلام لایان داوە.
بەگوێرەی بۆچوونی بەشێكی زۆری رۆژنامەنووس و سیاسەتوانانی كۆنیا، كە قسەیان بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ئاكەپە دەبێتە پارتی یەكەم لە كۆنیا، بەڵام دەنگەكانی وەكو پێشووتر نابێت و دەنگێكی زۆری لێ دەبێتەوە و بۆ جەهەپە دەچێت، هۆكارەكەشی قەیرانی داراییە.
كەرەم ئیشكان، رۆژنامەنووس لە كۆنیا دەڵێت: ”ئەگەر ئێمە ئەوەمان قبووڵ بێت، كۆنیا قەڵای ئاكەپەیە لە هەڵبژاردندا، دەبێت ئەوەش بزانین، كە ئیدی ئەو قەڵایە پێچەوانە بووەتەوە و نابێت ئاكەپە چاوەڕێی ئەوە بكات، دەنگەكانی لەو شارە وەكو پێشووتر بێت.“
دەزگای (دۆوسام) بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی، لە بەدواداچونێكدا ئاشكرای دەكات، 73.4%، خەڵكی كۆنیا پێیان وایە لەڕووی ئابوورییەوە زۆر خراپن و ساڵی پار لەمساڵ زۆر باشتر بووە، هەروەها 66.2%یان پێیان وایە، رەوشی ئابووری لە توركیا چاك نابێت و رەشبینن بەرامبەر بە چاكبوونی رەوشی ئابووری، بۆیە دەنگی ئاكەپە كەم دەكات.
كرێی خانوو لە كۆنیا زۆر گرانە، هەروەها خراپیی گواستنەوەش یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانیان و چەندینجار بەڵێن دراوە كە میترۆ بۆ شارەكە دروست بكرێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا میترۆ بۆ شارەكە دروست نەكراوە، ئەمەش دەنگدەری نیگەران كردووە و تووڕەن لە ئاكەپە.
لە كۆنیا نزیكەی سەدهەزار گەنج بۆ یەكەم جارە دەچنە سەر سندوق و دەنگ دەدەن، هەروەها شارەکە ملیۆنێک و ٦٠٠هەزار دەنگدەری لێ هەیە، ئەو گەنجانەشی تازە دەچنە سەر سدوقی دەنگدان، گلەییە سەرەكییەکەیان لە دەسەڵات ئەوەیە، رەوشی ئابووری خراپە و بەو هۆیەوە ناتوانن بچنە شارەكانی تری توركیا بۆ خوێندن.
گەنجئۆسمان كیلیك، بەربژێری جەهەپە لەسەر بازنەی كۆنیا، پێی وایە خەڵكی كۆنیا وەكو جاران نین و ئێستا چاویان كراوەتەوە، هەروەها كاتێك پروپاگندەی هەڵبژاردن دەكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە چۆن پێشوازیمان لێ دەكەن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی جەهەپە زیاد دەكات.
كۆنیا، خاوەنی ١٥ كورسیی پەرلەمانە، لە هەڵبژاردنی 2018، كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش كرا، یاخود پارتە سیاسییەكان كورسییەكانیان بەم جۆرە بوو:
ئاكەپە 10 کورسی، مەهەپە 2، جەهەپە 1، پارتی خاس 1، پارتی سەعادەت 1 كورسی. چاوەڕی دەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەم كورسیانەی گۆڕانی بەسەردا بێت، بەتایبەت كورسییەكانی ئاكەپە و مەهەپەی هاوپەیمانی.
ئایا هەدەپە، كە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردن دەكات، هیچ سوپرایزێكی پێ دەبێت بۆ كۆنیا؟
راستە كۆنیا شارێكی دەستبەپارێزە، بەڵام هەدەپەش لەو شارەدا خاوەن جەماوەرە و شەڕ بۆ بەدەستهێنانی یەك كورسی دەكات. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، هەدەپە توانیی ٥١هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام نەیتوانی كورسییەكی پەرلەمان ببات، بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ئەگەر زۆرە هەدەپە بتوانێت كورسییەك بەدەست بهێنێت، چونكە بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكی پەرلەمان لە كۆنیا، پێویستی بە ٧٠هەزار دەنگە، هەدەپەش پروپاگندەیەكی زۆر گەورەی لەو شارە دەستپێكردووە و پێشبینییەكانیش بۆ ئەوەن، هەدەپە بتوانێت كورسییەك بباتەوە، بەربژێری هەدەپەش عەبدولڕەحمان كەرەبلۆتە، كە پارێزەرە و خۆشەویستە لای كۆنیاییەكان.