دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هه‌ولێر له‌ به‌غدا ده‌یه‌وێ له‌ یانه‌ی نه‌فتیش بباته‌وه‌، زاخۆ یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ راهێنه‌ری تازه‌ به‌ده‌ست هێنا

به‌شێكی یانه‌ كوردستانییه‌كانی به‌شدار له‌ خولی نایابی كوردستان، ته‌نیا هه‌وڵی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌نجامی به‌شێكیان وه‌ك نیوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ نییه‌، به‌ تایبه‌ت یانه‌كانی نه‌ورۆز و زاخۆ و دهۆك، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئاست و ئه‌نجامی هه‌ولێر به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌، له‌ كاتێكدا له‌ قۆناغی یه‌كه‌م خراپ بوو، یانه‌ی زاخۆ بۆ سێیه‌م جار له‌م وه‌رزه‌ راهێنه‌ری گۆڕی، نزار مه‌حرووسی كرده‌ راهێنه‌ر، له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، هه‌ولێریش له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌تدا له‌نێو جه‌رگه‌ی به‌غدا رووبه‌ڕووی نه‌فت ده‌بێته‌وه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری له‌سه‌ر تیپه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

هه‌ولێر له‌ تاقیكردنه‌ویه‌كی زه‌حمه‌تدایه‌

یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، كاتژمێر(4:30) ئێواره‌ له‌ یاریگه‌ی ئه‌حمه‌د رازی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی نه‌فت، هه‌ولێر له‌ كۆی 12 یاریی رابردووی ته‌نیا یه‌ك دۆڕانی هه‌یه‌، به‌رانبه‌ر شوڕته‌ی خاوه‌ن پله‌ی یه‌كه‌م، گه‌ڕی رابردووش له‌ دیوانیه‌ی برده‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ته‌واوی به‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، چونكه‌ به‌ بێ فشار و پاڵه‌په‌ستۆی هانده‌ران و راگه‌یاندكاران رووبه‌ڕووی نه‌فتی به‌غدا ده‌بنه‌وه‌.

عه‌باس عوبێدی راهێنه‌ر، به‌ پلانی (4-3-3)، یاری ده‌كات، پشت به‌ تواناكانی رێباز عه‌بدوڵلا، هێلیۆ مۆنتێرۆی به‌گریكاری به‌رازیلی و ئه‌حمه‌د ئیبراهیم، ره‌وا یوسف و عه‌لی شاخه‌وان و شێركۆ كه‌ریم و حه‌سه‌ن عاشور و هه‌ڵۆ فایه‌ق و مه‌حمود خه‌لیل و ئه‌مجه‌د رازی ده‌به‌ستێ، چه‌ند یاریزانێكی باشیشی له‌ هه‌گبه‌ی یه‌ده‌گه‌كان دا هه‌یه‌، له‌وانه‌ هه‌ردی سیامه‌ند، بارزان شێرزاد، ئاكار هاشم و سه‌فین پاتۆ.

هه‌ولێر، له‌ كۆی 26 یاری 26 گۆڵی كردووه‌ و 28 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 35 خاڵ له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌مینی ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، ئه‌مجه‌د رازی به‌ 8 گۆڵ گۆڵگه‌ری هه‌ولێره‌، ئه‌گه‌ر 2 گۆڵی دیكه‌ تۆمار بكات، ده‌بێته‌ گۆڵكه‌ری مێژووی خولی نایابی عێراقی.

نه‌فت، ئه‌م وه‌رزه‌ ئاست و ئه‌نجامی باش نییه‌، جه‌نگی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌كات، له‌ كۆی 26 یاریی رابردووی، ته‌نها 21 خاڵی هه‌یه‌، له‌ خانه‌ی هه‌ژده‌یه‌مینی ریزبه‌ندی دێت.

یانه‌ی نه‌ورۆز تووشی دۆڕان هات

نه‌ورۆز له‌یاریگه‌ی خۆی میواندرایی كه‌ربه‌لای كرد، به‌ڵام به‌ گۆڵێكی بێ وه‌ڵام یارییه‌كه‌ی دۆڕاند، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری یانه‌كه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌به‌رده‌می یاریگه‌دا داوای رۆیشتنی راهێنه‌ریان له‌ یانه‌كه‌یان ‌ كرد، به‌ڵام دواتر ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان قبووڵ نه‌كرد، ئێسته‌ نه‌ورۆز له‌ كۆی 27 یاری، خاوه‌نی 34 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌م دێت.

یانه‌ی زاخۆ یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ راهێنه‌ری نوێ به‌ده‌ست هێنا

زاخۆ دوای 6 یاری و هێنانی راهێنه‌ر نزار مه‌حرووس، توانی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی به‌ بردنه‌وه‌ شادبێته‌وه‌، تا راده‌یه‌ك باری لاسه‌نگی تیپه‌كه‌ی راستكرده‌وه‌، كه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر تیپه‌كه‌وه‌ بۆ یارییه‌كانی داهاتوو ده‌بێت، هه‌رچه‌ند 6 یاریزانی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌ بۆ یاریی به‌رانبه‌ر كاره‌با یاریی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام نزار توانی یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زاخۆ تۆماربكات، ئێسته‌ زاخۆ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 30 خاڵ له‌ خانه‌ی شازده‌یه‌مینی ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.

یانه‌ی شوڕته‌، تا ئێسته‌ به‌ راهێنه‌رایه‌تی ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 55 خاڵ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرتووه‌، قوه‌ی جه‌ویه‌ش تاكه‌ تیپه‌ ته‌نها 16 گۆڵی لێ كراوه‌، كلاودیۆ ئۆلیڤێرای هێرشبه‌ری به‌رازیلی و یاریزانی یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ تۆماركردنی 11 گۆڵ تا ئیسته‌ گۆڵكه‌ری خولی نایابی عێراقه‌، یانه‌ی دیوانیه‌ له‌ كۆی 26 یاری ته‌نها 7 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌ كۆتا ریزبه‌ندی دێت و به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر بۆ ریزی یانه‌ پله‌یه‌كه‌كان دابه‌زیوه‌، یانه‌كانی سناعه‌ و نه‌فت و قاسم ركابه‌رییه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌كه‌ن و نایانه‌وێت ببنه‌ تیپی دووه‌م و له‌ خوله‌كه‌ ماڵئاوایی بكه‌ن.