دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دانا شەهید جەزا، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق:حکوومەتی هەرێم لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەرژەوەندی هەرێم و خەڵکەکەی لەبەرچاو گرتووە

مەزهەر كەریم – سلێمانی

دانا شەهید جەزا، ئەندام پەرلەمانی خولی پێشووی پەلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ “هەولێر” باس لە دۆخی سیاسی عێراق دەکات و پێی وایە حکوومەتی هەرێم لەپێناو بەرژەوەندی هەرێم و خەڵکەکەی لەگەڵ عێراق هەنگاوی بە ئاراستەی ڕێککەوتن ناوە.

  • خوێندنەوەتان بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت چییە؟
  • پێش ڕێککەوتنەکەش سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاگاداری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوونە، كە هەرێمی کوردستان چەند نەوت بە لوولە دەگەێنێتە بەندەری جیهان و لەوێوە دەفرۆشرێت. ئەوەی ئێستە پێویست‌ و گرنگە حكوومەتی عێراق، لەداهاتوودا شایستە داراییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات، چی موچە بێت یان بودجەی بەرهەمهێنان ‌ و بەگەڕخستن.
  • هۆی دەنگە ناڕازییەکانی سەر ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا چی بوون؟
  • ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتگەلی هەڵبژاردن ‌و بانگەشەی سیاسی، یان ورژاندنی هەستی خەڵکە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بەرژوەندی هەرێم و خەڵکەکەی ئەو كارەی كردوە لەپێناو بەرژوەندی كەسیدا نەبووە.
  • دەستێوەردانی دەرەکی چ کاریگەرییەکی بەسەر عێراقەوە هەبووە؟
  • بە تایبەتی لەدوای 2003وە وڵاتانی ئیقلیمی‌و دراوسێ هەروەها وڵاتانی دیكەش کە بەرژوەندی ‌و مەلەفی ستراتیجییان لە عێراقدا هەیە ، زۆرجار عێراقیان کردووەتە گۆڕەپانی یەكلاکردنەوەی كێشەكان ئەمەش شتێكی خراپە بۆ عێراق. بەتایبەت لەبابەتی وزە، زۆر نمونەش هەیە وەك بابەتەکانی ڕێگریی لەبەرهەمهێنانی غاز، یان هەبوونی هێز لەدەرەوەی یاسا، یاسا‌ و دادگا بەسیاسی كراوە ئەمەش وایكردوە سەقامگیریی تەواوەتی ‌و متمانە پێكراو لەعێراقدا نەبێت.
  • بۆچوونت سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێم و کێشەکان چییە؟
  • ئەو لایەنانەی لەحكوومەتدان، دەبێت بەرژوەندەیەكانی حكوومەتی هەرێم‌ و ئەو كابینەیە بپارێزن ڕاستە ڕەنگە كێشەش هەبێت، بەڵام ئەمە مەلەفێكی دیكەیە دەبێت سیاسیەكان لە ئاستی مەكتەب سیاسی ئەو كێشانە چارەسەربكەن. زۆر هەڵەیە كە ئەم مەلەفە بگوێزرێتەوە ناو حكوومەت. حكوومەت دامەزراوەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان ، حیزب ئامڕازێكە بۆ گەشتن بە حكوومەت.
  • بیرکردنەوەی لایەنە شیعیەكان لە بەغدا، بەرامبەر هەرێمی كوردستان چۆنە؟
  • هەتا دەستێوەردانی دەرەكی‌ و فشاری ئیقلیمی هەبێت ئەستەمە بڵێیت لەگەڵ حیزبە شیعیەكانی عێراق دەگەمە ڕێكەوتنێكی بنەڕەتی، بەداخەوە هەندێكیان بە گوێرەی بەرنامەی دەرەكی سیاسیەت دەكەن زۆرجار لەپەرلەمان بینیومانە كاریگەری نەرێیی ئەو بڕیارانەیان لەسەرە و سەرئەنجام كاریگەری لەسەر هەموو عێراق هەبووە بەئاراستەیەكی خراپ.

*با لەبارەی پرسی سەرژمێریشەوە قسەبكەن كە ئەم بابەتە چی بەسەر هات بەكوێ گەشت تا ئەوكاتەی ئێوە لەپەرلەمان بوون ؟

  • لەدوای ساڵی 2010وە لەپەرلەمان زۆر بەچڕی باسی ئەم بابەتە كرا، موچەی بۆ دابین کرا، هەموو جارێك لە پرۆژەیاسادا بوجەی بۆ تەرخان دەكرا و لەپەرلەمان بودجە و موچەی بۆ دادەنرێت بەڵام بەداخەوە تائێستا نەكراوە. بەنیسبەت كوردەوە ئەمە زۆر گرنگە تا ماف‌ و پێگەی خۆمان بزانین هەروەها شایستەی دارایی خۆمان بزانین لەناو عێراقدا، بەڵام لایەنەكانی دیكە پابەند نابن ئەمەش بۆتە جێگەی گومان بۆمان، گرنگە ئەم سەرژمێریە بكرێت هەق بگەڕێتەوە بۆ خاوەن هەق.