دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پلانی دروست بۆ تاقیکردنەوەکان

بەكر كەریم حەسەن*

ئینگلیز ده‌ڵێن “ئامانجی بێپلان، ئاره‌زوویەکی پەتییە”؛ واتە بێبەرهەمە و، هیچ لێ شین نابێ.
چه‌ند ڕۆژێكی تر تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی دووه‌م خولی یه‌كه‌می پۆله‌ ناكۆتاكان و تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانیی پۆلی نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی ده‌ست پێ ده‌كات. تاقیكردنه‌وه‌كان جگه‌ له‌وه‌ی شێوازی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی خوێندنی قوتابییه‌، هه‌روه‌ها ده‌رچوون و په‌ڕینه‌وه‌ی قوتابی ده‌رده‌خات له‌ پۆلێك بۆ پۆلێكی تر، به‌دڵنیایی پێویستی به‌ پلان و خوێندن و خۆته‌رخان كردن و ڕه‌خساندنی بارودۆخ هه‌یه‌ بۆ ده‌رچوون، بۆیه‌ سه‌ره‌تا پێویسته‌ قوتابی له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی پێش ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كان پلانی هه‌بێ بۆ خوێندن و كاته‌كانی دابه‌ش بكات تا خۆی ئاماده‌ بكات، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی كات ته‌رخان بكات بۆ خوێندن، پێویسته‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌وا دیدگای هه‌بێ بۆ پاشه‌ ڕۆژ سوور بێت له‌ سه‌ر ده‌رچوون، هه‌رگیز ده‌ست به‌رداری خه‌ونه‌كانی نه‌بێ و خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات هه‌ست به‌ بوونی خۆی بكات و بڕیار بدات به‌یانی باشتر ده‌بێت له‌ ئه‌مڕۆ، پاشه‌ ڕۆژی گه‌ش چاوه‌ڕێی ده‌كات سه‌ركه‌وتن لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، بخوێنێ بۆ ده‌رچوون پلان دابنێ بۆ بنیات نانێكی به‌هێز و هه‌رده‌م هه‌ست به‌ شانازی و سه‌ركه‌وتن بكات، چونكه‌ نه‌زان و دۆڕاوه‌كان دژمنی ئه‌و دوو وشه‌یه‌ن ده‌بێ قوتابی ئه‌و دوو وشه‌یه‌ی خۆش بوێت له‌به‌رخاتری خۆی و له‌به‌ر رێزی خۆشەویستی و ماندوویەتیکێشانی دایك و باوكی كه‌وا به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌رچوونی لێ ده‌كه‌ن.
پێویسته‌ قوتابی دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ هه‌موو شته‌ نه‌رێنی و خراپه‌كان تایبه‌ت له‌ هاوڕێی نه‌رێنی و ڕه‌شبین، به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ هه‌نگاو بنێ بۆ پاشه‌ڕۆژ، هه‌موو جۆره‌ فشار و پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی ده‌روونی لا ببات و ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ فه‌رهه‌نگی بیركردنه‌وه‌ بسڕێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ مۆبایل و ئه‌نته‌رنێت و ته‌كنه‌لۆژیا و ته‌له‌ڤیزیۆن له‌م ماوه‌یه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌ ته‌نها له‌ كاتی زۆر پێویست نه‌بێ، چونكه‌ هیچیان پاشه‌ ڕۆژ بۆ قوتابی دیاری ناكه‌ن، خوێندن و سووربوون و باوه‌ڕبه‌خۆبوون وێنه‌ی پاشه‌ڕۆژ ده‌كێشن، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا خشته‌ و پلانێكی باشی هه‌بێت بۆ خوێندن، هه‌روه‌ها پشوودان جار جار پێویسته‌، جگە لەوەش وه‌رزشکردن بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئاسووده‌یی ودڵخۆشی ده‌به‌خشێ.
قوتابی هه‌وڵ بدات به‌ برسیه‌تی نه‌خوێنێ، پێویسته‌ ناوه‌ ناوه‌ خواردنێك میوه‌یه‌ک شتێک بخوات تا هێز و وزه‌ی زیاتر به‌ قوتابی ببه‌خشێ، زوو هه‌ڵستان لە به‌یانیاندا زۆر پێویسته‌؛ به‌ره‌كه‌ت له‌ زوو هەڵستاندایه‌، سه‌ركه‌وتن و زاڵبوون به‌ سه‌ر ئیش و كار و كات له‌ زوو هه‌ڵستاندایه‌. نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین هه‌موو ئاره‌زوو و حه‌ز و خواسته‌كان ده‌كرێ له‌ كاتی تر پراكتیزه‌ بكرێ، ته‌نها خوێندن و كاتی تاقیكردنه‌وه‌ نه‌بێ پێویسته‌ كاته‌كان سوودی لێ ببینێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ ئه‌نجامی باش به‌ده‌ست بهێندرێت.بەكر كەریم حەسەن*

قوتابی خۆشه‌ویست!
هیچ بیر له‌ ترس و ڕاڕایی نه‌كه‌یته‌وه‌؛ چونكه‌ بێئومێدی و ڕه‌شبینی دروست ده‌كات و ئاستی خویندن داده‌به‌زێنێ، ئه‌وپه‌ڕی متمانه‌ت به‌خۆت هه‌بێ هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان تۆ و قوتابییه‌كی تردا نییه‌ ته‌نها سووربوون و ئیراده‌ و خواست جیاتان ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئه‌وانی تر، بڕیار بده‌ و كات به‌فیڕۆ مه‌ده‌ و وزه‌ و هێز به‌هه‌ده‌ر مه‌ده‌؛ دوایی سپاسی خوا بكه‌، سپاسی خۆت بكه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری خەونەکانت نەبووی و خۆت بەدەستەوە نەدا، بێگومان هه‌موو ئه‌وانه‌ پێویستیان به‌ پاڵپشتییەکی به‌هێزی خێزان و خانه‌واده‌ و دایك و باوك هه‌یه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی/ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌
ماسته‌ری كارگێڕیی په‌روه‌رده‌یی