دەستەی وەبەرهێنان: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت و هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنین

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی زیاتری ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتیش هەر کۆمپانیا و وەبەرھێنەرێک پڕۆژە ئەنجام بدات، پێویستە رێژەی زۆری کارمەندی کورد بێت، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانیش لە کوردستان دەڵێت، چاودێرێکی ورد دەبین و دەرفەتی زیاتری هەلی کار بۆ ھاووڵاتیانمان دەڕەخسێنین.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بە بڕیاری ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر کۆمپانیا و وەبەرھێنەرێک پڕۆژە ئەنجام بدات، دەبێت رێژەی سەدا ٧٥ی کارمەندی ئەو کۆمپانیایە خۆماڵی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو گەنجانی ئێمە بتوانن دەرفەتی زیاتری هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت، ھاوکات لەو کاتەوەی کابینەی نۆیەم دەستبەکار بووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١١٢ هەزار هەلی کارمان دروست کرووە، لە کەرتی تایبەت و پڕۆژە جیاوازەکان، بەشێکیان حکوومەت دابینی کردووە، بەشێکی دیکە کەرتی تایبەت دابینی کردووە، کە بە سپۆنسەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
هەر پەیوەست بەمە، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتی، بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم، چاودێرێکی وردی ئەو کۆمپانیا و شوێنە تایبەتانە دەکەین، هەروەها نموونەی بە چەند کۆمپانیایەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان ھێنایەوە، کە رێژەی زۆری کارمەندەکانی کوردن، ناوبراو نایشارێتەوە، کە لە هەندێک کۆمپانیا کارمەندی بیانی بوونی زیاترە، ئەمەش بۆ لێزانینی ئەو بوارە لەو کۆمپانیا تایبەتە دەگەڕێتەوە.
محەمەد شوکری، راشیگەیاند، لەم ماوەیەدا دوو پڕۆژەی گەورەی وەبەرھێنان ئەنجام دەدرێن، کە زیاتر لە هەزار هەلی کار بۆ گەنجانی ئێمە دەڕەخسێنن.

ھەواڵی زیاتر