محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلی ئەکبەر میحرابیان، وەزیری وزەی ئێران تاوتوێی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لەبارەی وزە کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە بەغدا پێشوازیی لە عەلی ئەکبەر میحرابیان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی بوارەکانی هاوکاری هاوبەش و چۆنییەتی پتەوکردنی ئالوگۆڕ و هەماهەنگی لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی رووبەڕووی کەرتی وزە دەبنەوە، کران.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە دۆسیەی کارەبا و بەستنەوەی کارەبا لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەتۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق کرا، هاوکات باس لە کەمئاوی و کاریگەریەکانی وشکەساڵی و پشکی ئاو لە رێڕەوی رووبارە هاوبەشەکان کرا.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و هەماهەنگیی و سوود وەرگرتن لە ئارامی سیاسیی لە ناوچەکەدا کردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی سوود و خواستی هەموو گەلانی دۆست وبرا.