شێخ شامۆ: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان دەڵێت، ئەگەر حکوومەتی عێراقی لە قەزای شنگال دەسەڵاتی هەبووایە، ئێستا ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شارەکە کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە.

زیاتر لە ساڵێکە ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدا واژۆ کراوە کە چەندین ماددە و بڕگەی بواری ئەمنی و ئیداری و خزمەتگوزاریی لەخۆی گرتووە، لەوبارەیەوە، شێخ شامۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ”ئێستا ڕەوشی شنگال لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، گرووپە بەدەر لە یاساکان دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە و زیان بە خەڵکی شارەکە دەگەیەنن و حکوومەتی عێراقی هیچ دەسەڵاتێکی لەو شارەدا نییە.
گوتیشی: ”ئێستا قەزای شنگال لە دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق دەرچووە و هێزەکانی عێراق توانای دەرکردنی گرووپە نەشەرعی و بەدەر لە یاساکانیان لە شارەکە نییە، ساڵێک لە ڕێککەوتنی شنگال تێ پەڕی، حکوومەتی عێراق نەیتوانی هێزە نایاسایی و نەشەرعییەکان دەربکات و ڕێککەوتنەکەش نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.”
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری ئێزدییان ئاماژەیشی دا: ”لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا ئەو هێزانە نەیانهێشت کاندیدانی پارتی لەنێو شنگالدا بانگەشە بکەن و ڕێگڕییان لێ کردن، ئەمەش نیشانەی بێهێزی و بێدەسەڵاتیی حکوومەتی عێراقە کە ناتوانێت ئەو هێزانە لە شارەکە دەربکات.”

ھەواڵی زیاتر