رانەهاتن

قەهار شێخانی

ماوەیەك بوو تۆ رووناكیت
دەبەخشی بەژیانم
بۆ لەخۆڕا تاریكت كرد
بەردیدەم، نووری چاوانم !
***
دە وەرەوە وەكو جاران
دەست لەملم بئاڵێنە
وەرە ڕازی دڵی خۆتم
بەگوێچكەدا بچرپێنە .

***

چۆن بتوانم بێ تۆ هەڵكەم
من لێرەبم ئەتۆش لەوێ
بەبینینی كێ لەمەودا
زمانم لەگۆ بكەوێ

***

كێ گەڵای عومری پایزی
تەنیایی من كۆكاتەوە ؟
ئەو كاتانەی خەمم هەیە
كێ بێ دڵم بداتەوە ؟

***

بۆچی وەكو زەردەپەڕێ
ئاوا زوو ون بووی لەچاوم
خۆمن ئێستا لەدووری تۆ
لەبیری خۆشم نەماوم

***

پێمبڵێ ئێستا بۆ كوێ برۆم
خۆم و ئەم دڵە شەیدایەم
پێم نەوتی كچێ شێتە
لەگەڵ دووری تۆ ڕانایەم !

ھەواڵی زیاتر