سامان بەرزنجی: 9 نەخۆشخانەی کوردستان متمانەی بۆردی پزیشکانی ئوردنی وەردەگرن

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند نۆ نەخۆشخانەی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک متمانەیان وەرگرت لە لایەن تیمی ئوردنی بۆ بەکارهێنانی ئەو نەخۆشخانانە وەک سەنتەری راهێنان بۆ پزیشکانی بۆردی کوردستانی و بۆردی ئوردنی.

ئەمڕۆ سێشەممە (1ـی ئایاری 2023)، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لەلایەن تیمی ئوردنی نۆ نەخۆشخانەی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک متمانەیان وەرگرت، بۆ بەکارهێنانیان وەک سەنتەری راهێنان بۆ پزیشکانی بۆردی کوردستانی و بۆردی ئوردنی، هەروەها سەنتەری متمانەپێکراو دەبن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، راهێنان و بەدەستهێنانی پسپۆڕیە پزیشکیەکان.

سامان بەزنجی راشیگەیاند، پسۆڕاتیەکانی ئەمڕۆ پێکهاتووە لە، پسپۆری هەناویی، نەشتەرگەری گشتی، ئافرەتان و لە دایکبوون، منداڵان و سڕکردن لەگەڵ تیشک و سۆنار.

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ بواری پزیشکی لە هەرێمی کوردستان و زۆر بە گرنگیەوە لێی دەڕوانن، ئومێدەوارن لە داهاتوو خزمەتی زیاتر بکەن بە بواری پزیشکی.