لە ئۆپەراسۆنێکی ئەمنیدا 14 گومانلێکراوی داعش دەستگیرکران

سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا رایانگەیاند، هێزەکانی دژەتیرۆری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ لە ئۆپەراسیۆنێکدا 14 کەسیان دەستگیرکرد.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە بووە کە گومانی مامەڵەکردنیان لەگەڵ رێکخراوی داعشدا هەیە.

هاوکات فەرمانگەی داواکاری گشتی لە ئیستانبوڵ بڕیاریدا لە کۆی 11 کەس 8 کەسیان سامانەکانیان بلۆک بکرێت، کە گومانیان لێدەکرا چەند جارێک پارەیان بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ چەکدارانی داعش گواستبێتەوە.

داواکاری گشتی ئەو دەستگیرکراوانەی تۆمەتبار کرد بە “پێشێلکردنی یاسا بۆ رێگریکردن لە پارەدارکردنی تیرۆر.

پێشتر رۆژی پێنجشەممە، هێزەکانی دژەتیرۆری تورکیا نۆ کەسی بیانییان بە تۆمەتی پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە دەستگیرکرد، لەنێویاندا 11 تیرۆریست کە لەلایەن داواکاری گشتی لە ئەنقەرەی پایتەخت فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

دەستگیرکراوەکان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە چەند قەزایەکی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا  دەستگیرکران، هەروەها تا ئێستاش هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوانی دیکە بەردەوامن.

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا تۆمەتبارێکیان لە پارێزگای ئورفا دەستگیرکرد.

لێکۆڵینەوە لە دژی ئەو کەسانە دەکرێت کە سەلمێنراوە پەیوەندییان بە هەیکەلی ئابووری و دارایی داعشەوە هەیە لەلایەن دەستەی لێکۆڵینەوەی تاوانە داراییەکانەوە، هەروەها دەرکەوتووە کە هەژمارەکان لەلایەن تۆمەتبارانەوە بەکارهێنراون بۆ دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانی داعش، بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری ئەندامانی رێکخراوەکە.