د. ڕێدار ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشیی دەروونی:هەوڵبدەن لە ڕێگای كەسانی پسپۆڕەوە، خەڵك هۆشیاربکەنەوە لە بارەی كۆتایهێنان بە ژیانی خۆیان

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی بەكارهێنانی چەك چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانی و دیاردەی بەگژداچوونی یەكتر ڕووی لە زیادبوون كردوە.

لە نێو بازاڕو و شوێنە گشتییەكان بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ڕۆژانە دەمەقاڵەیان دروست دەبێت و بەشێك لەو كەسە بەگژیەكداچوون و بە تەقەكردن و كوشتن و بریندار كردنی یەكتری كۆتایی بە گرژییەكانیان دەهێنن، هەرچەندە بەشێك لە گرژییەكانیش لە دەرئەنجامدا سەری كێشاوە بۆ دوژمنداری و ڕووبەڕووبوونەوەدا، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە نەتواندراوە ئەو گرژیانە بە بنەبڕ بگەیەنن.
چەکهەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لە ماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو کەسانەش کە چەک هەڵدەگرن، بەشێكی زۆریان لە ئێستەدا مۆڵەتیان نییە، دیاردەی چەكهەڵگرتن لە چەندین ساڵی پێشودا زۆر كاڵ بوویەوە، بەداخەوە لەگەڵ شەڕ فرۆشتنی داعش بە کوردستان جارێکیتر ئەو دیاردەیە سەریهەڵدایەوە و ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی دیاردەی چەك بگەڕێتەوە سەر شەقامەكانی كوردستان.
بە بڕوای پزیشكانی پسپۆڕیش پێویستە كار بۆ هۆشیاری هاووڵاتیان بكرێت و هەوڵبدرێت ڕێگری لە دیاردەی بەگژیەكداچوونەوە بكرێت.
د. ڕێدار ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشیی دەروونی، تایەت بە ڕۆژنامەی هەولێر ڕوونیدەكاتەوە بەر لەوەی هەوڵبدرێت كە خەڵك هۆشیار بكرێتەوە پێویستە ڕۆژنامەنووسان خۆیان لە گواستنەوەی بەشێكی زۆری ئەو هەواڵانە بەدوور بگرن بە تایبەت كوشتن و خۆكوشتن، ئەو بە پێویستی دەزانێت كە ڕۆژنامەنووسان نەبنە لایەنێك و بەشێكی لاوەكی لە هاندانی خەڵك بۆ ئەو دیاردەیە.
د. ڕێدارئەمین، لە چەند خاڵێكدا ئامۆژگاری بۆ میدیاكاران دەخاتە ڕوو بەم شێوەیە:
1-هەوڵبدە لە ڕێگای كەسانی پسپۆڕەوە، خەڵك هۆشیاربکەیتەوە لە بارەی (كۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان).
2-خۆت لەو گوتارە لابدە،كە كۆتایی هێنان بە ژیان وەك شتێكی ئاسایی، یاخود وەك چارەسەری بۆ كێشەكان وێنا دەكات.
3-خۆت لە دووبارە گێڕانەوەی چیرۆكەكانی خۆكوشتن و باسكردنی ئەو شوێنانە لابدە كە كارەكەی لێ ئەنجامدراوە.
4-خۆت لابدە لە وەسفكردنی ئەو شێوازانەی بۆ خۆكوشتن یان هەوڵدان بۆ خۆكوشتن بەكارهاتوون.
5-خۆت لابدە لە باسكردنی دوور و درێژی ئەو شوێنەی خۆكوشتن یان هەوڵدان بۆ خۆكوشتنی تێدائەنجامدراوە.
6-بەوریایەوە مانشێت و هەواڵەكە دابڕێژە.
7- زۆر وریابە لە دانانی وێنە و كورتە ڤیدێۆ.
8-زۆر وریابە لە ڕۆماڵكردنی خۆكوشتنی كەسانی بەناوبانگ.
9-ئاگات لە باری دەروونی ئەوكەسانەبێت، ئازیزەكەیان لە دەستداوە.
10-ئەمە ڕوونبكەوە، ئەو کەسانەی نیازی خۆکوشتنیان هەیە،دەکرێت لە كوێ یارمەتیان دەست دەكەوێت.
11- ئاگاداربە ڕەنگە میدیاكارانیش بكەونە ژێر كاریگەری ئەم ڕەفتارە!
هاوكات پزیشكان جەختدەكەنەوە كە لەژێر هیچ كاریگەرییەكدا مرۆڤ نابێت پەنا بۆ خۆكوشتن یان كوشتنی كەسێكی بەرامبەری بەرێت، ژیان زۆر لەوە بەنرخترە وەك لەوەی لە حاڵەتێكی كتوپڕدا خۆی بكوژێت یان كەسێك بكوژێت و خۆشی بۆ هەتا هەتایە لە كونجی زینداندا تەمەنی بەسەر ببات، جەختیشدەكەنەوە كە بۆهەموو كێشەو گرفتێك ڕێگە چارەسەر هەیە و دەتواندرێت پەنای بۆ بەرن و سەردانی پزیشك یان كەسانی پسپۆڕە دەروونییەكان بەرن چونكە ئەوان لە توانایاندا هەیە ڕێگەیەك یان زیاتر لە چەند ڕێگەیەك پێشانی ئەوكەسە بدەن و بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەی كە تێی كەوتووە.
هاوكات لە ڕووی ئاینی شەوە كە زۆربەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاینی پیرۆزی ئیسلامن خۆكوشتن و كوشتنیبە ئەنقەست قەدەغەكراوە و هەروەك خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی،”خۆتان مەكوژن” و ئاماژەی بە حاڵەتی خۆكوشتن كردووە و قەدەغە و حەرامی كردووە لەسەر بەندەكانی كە پەنا نەبەنە بەر خۆكوشتن.
هەروەها لە فەرموودەكانی پێغەمبەری مەزن محەمەد درودی خوای لەسەر بێت فەرموویەتی: ئەگەر كەسێك پیاو بێت یان ئافرەت گەورە بێت یان بچووك، پەنا بۆ خۆكوشتن بەرێت ئەوە بۆ هەمیشەی لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە”،
پزیشكان وپیاوانی ئاینیش كۆكن لەسەر ئەوەی كە نابێت لە ژێر هیچ بیانویەك و هیچ پاساوێك پەنا بۆ خۆكوشتن ببردرێت یانیش هانی كەس بدرێت بۆ خۆكوژی یان كوشتنی كەسێك.

ھەواڵی زیاتر