سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سێ به‌نداوی ستراتیجی له‌ هه‌رێمی كوردستان بنیات ده‌نرێن

چواس خالید – هەولێر

سێ به‌نداوی ستراتیجی له‌ هه‌رێمی كوردستان بنیات ده‌نرێن، كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی ملیارێك مه‌تر سێجا ئاویان ده‌بێت و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و سێ به‌نداوه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق دروست ده‌كرێن.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کار دەکات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ ساڵی و سود وه‌رگرتن له‌ گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران بۆ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان و گه‌شتیاری و هتد…، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندان به‌نداوی له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات ناوه‌ و ئێستاش بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیجیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی وشكه‌ ساڵی و بایەخدان به‌ گلدانه‌وه‌ی ئاو، هاوكات پارێزگاری له‌ ئاسایشی ئاو و باشتركردنی دۆخی ئاوی هه‌رێمی كوردستان، سێ به‌نداوی ده‌ڵگه‌ و مه‌نداوه‌ و باكرمان، له‌ هه‌ولێر و دهۆك و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین دروست ده‌كرێت.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌نداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌خشه‌سازیی به‌نداوه‌كانی ئاماده‌ كردووه‌، كه‌ به‌ دروستكردنیان ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌كی به‌هێز بۆ سه‌قامگیریی ئاسایشی ئاو و زیادكردنی ئاو له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و سێ به‌نداوه‌ی به‌نداوه‌ی دروست ده‌كرێن، ده‌توانن ملیارێك مه‌تر سێجا ئاو گل بده‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ ئاینده‌دا ده‌بنه‌ وێستگه‌یه‌كی گرنگ و به‌سود بۆ دابینكردنی پێویستییه‌كانی ئاو و كاره‌با و په‌ره‌پێدانی سێكته‌ری كشتوكاڵ و ئاودێری و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان.
هاوكات ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢)، دوو به‌نداو له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان و قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ته‌واو كران و كه‌ ئه‌مساڵ ئاویان تێدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و به‌هه‌ردووكیان ده‌توانن بیست و دوو ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو گلبده‌نه‌وه‌.
به‌پێی داتاكان، پێراریش چوار به‌نداو به‌توانای گلدانەوەی سی ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو كراون، كه‌ به‌نداوی چه‌مرگه‌ له‌ پارێزگه‌ی هه‌ولێر و به‌نداوی دێوانه‌ له‌ پارێزگه‌ی سلێمانی و به‌نداوی خنس له‌ پارێزگه‌ی دهۆك و به‌نداوی تووڕه‌جاڕیش كه‌وتووه‌ته‌ سنووری ناوچه‌كانی گه‌رمیان.
هه‌روه‌ها ژماره‌ی بنیاتنانی ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه‌ پێشتر بڕیاری جێبه‌جێكردنیان دراوه‌ و به‌هۆی دڕێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌یی دارایی، كاره‌كانیان به‌نیوه‌چڵی به‌جێماوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆره‌، وه‌ك به‌نداوه‌كانی زه‌لان، به‌نداوی چه‌قچه‌ق دوو، به‌نداوی خۆرنه‌وەزان، به‌نداوی بانوی تاڵه‌بان، به‌نداوی شه‌وگێڕ، به‌نداوی نازه‌نین، به‌نداوی ئاقوبان له‌ هه‌ولێر، به‌نداوی سبنه‌ دوو، گه‌لی به‌ندوه‌ له‌ دهۆك و هتد…
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی به‌نداو له‌ شێوێنه‌ جیا جیاكانی كوردستان، مه‌به‌ستییه‌تی ئاسایشی ئاو له‌ كوردستان بپارێزێت و له‌ ڕێگه‌ی گلدانه‌وه‌ی ئاو ئاستی ژێرخانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رزبكاته‌وه‌ و زه‌وی زیاتری كشتوكاڵی بۆ جوتیاران فه‌راهه‌م بكات، هاوكات جوڵه‌ی زیاتریش به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری كوردستان ده‌دات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، هه‌مه‌هه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كراوه‌، له‌ ڕۆنانی به‌نداوی پێویست له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ ماسته‌رپلانی حكوومه‌تی عێراق، ده‌یان به‌نداوی گه‌وره‌ و بچووك بنیات ده‌نرێن، كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ كوردستان و له‌گه‌ڵ پلانه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌.