ئیستبداد و بەزەیی

زكری موسا


بەشی یەكەم
هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی عێراق سەركەوتووترین و خاوێنترین هەڵبژاردنی مێژووی عێراق بوو.
ئەم ڕاستییە لە لایەن ڕێكخراوی نەتەوەی یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتڕاست كرایەوە.
هەڵبژاردنەكە دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن پەیامی خۆیان بە دەستەڵاتداران بگەیێنن. ئەو ئومێدەشی هێنایە كایەوە كە هێزی دەنگدانی خەڵك دەتوانێ گۆڕانكاریی ڕیشەیی دروست بكات و هاوكێشەكان بگۆڕێت.
پێشهاتە سیاسییەكانی ئەم دواییەی عێراق ئومێدەكان كاڵ
دەكاتەوە.
ئەو هێزانەی متمانەی خەڵكی عێراقیان وەرنەگرت ئاستەنگی گەورەیان بۆ كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن دروست كردووە. بەر لە هەڵبژاردن ئەو ترسە هەبوو كە هێزە توندڕۆ و چەك بە دەستەكانی عێراق بەهۆی ساختەكارییەوە هەڵبژاردن لە مانا بخەن یانیش ئەگەر ئەنجامەكانیان بە دڵ نەبوو خێرا ڕەتی بكەنەوە.
لەڕووی تەكنیكیەوە ڕێوشوێنەكانی هەڵبژاردن تۆكمە و ورد بوون و، هیچ هێزێك ئەو بوارەی بۆ نەڕەخسا ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا بكات. بۆیە هەر دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامە بەراییەكان هێزە دۆڕاوەكان ئەنجامەكانیان ڕەت كردەوە. ئێستا چل ڕۆژ بە سەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە كەچی ئەنجامی فەرمی ڕانەگەیێندراون و كۆمیسیۆن لەژێر گوشارێكی جەهەننەمی دایە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە كۆی پڕۆسەكەدا ئەدایەكی نموونەیی پێشكەش كرد و نەچووە ژێر كاریگەریی گوشار و تۆقاندنەكان.
بەڵام خۆڕاگرییەكەی كۆمیسیۆن نەبووە هۆی ئەوەی گرووپە چەكدارەكان دەستبەرداری داوا ناڕەواكانیان بن. ئێستا دەستەڵاتی قەزاییان وەك پۆششێكی قانوونی بۆ مەرامێكی سیاسی بەكار هێناوە بە ئاراستەی گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
ئەگەر بێتوو لەژێر گوشاری میلیشیاكاندا ئەنجامەكان گۆڕانكاری
بەسەردا بێت یانیش هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی هەڵبوەشێنەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناوبانگ و پێگەی عێراق زەبرێكی كوشندەی بەر دەكەوێت و هێندەی تر دادەبەزێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن و دیموكراسی لە عێراقدا تەواو لە مانای خۆی بەتاڵ دەبێت. ئەمە بێڕێزیی ئاشكرایە بەرانبەر ئیرادەی هاووڵاتیانی عێراقی و بە دڵنیاییەوە كۆتاییەكەی ناسەقامگیری و بێهیوایی و دواكەوتوویی زیاتری عێراقییەكان دەبێت.
هەتا ئەم ساتەش ئێمە بەشێك لە عێراق ماوینەتەوە وكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێداگرە لەوەی هەرێمی كوردستان بەشێك لە عێراق بمێنێتەوە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێ فرەیی و دیموكراسی وەخۆ هەڵبگرێت. ئەو تابلۆ گشتییەی لەبەرچاوە هەواڵی دڵخۆشكەری بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بۆ كورد و سووننەش پێ نییە.
گرووپە چەكدارە شیعەكان كە خاوەن نفووزێكی زۆرن لە ژیانی ئابووری و سیاسی و سەربازی و كولتووری و كۆمەڵایەتی و ئیداریی عێراقدا دەتوانن و بۆیان هەیە لە چاوتروكاندنێكدا دیموكراسی ئەتك بكەن و ئایدیۆلۆژیا و ویستە هەرێمایەتییەكان و لۆژیكی چەك بسەپێنن.
لە سەد ساڵی ڕابردوو كورد قوربانییەكی زۆری دا و لە دوای ۲۰۰۳ ش بەشدار بوو لە بنیاتنانەوەی عێراق و نووسینەوەی دەستوور. بەشدار بوو لە هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی سیاسی.
كورد هەموو شتی بۆ عێراق كرد و هێزە عێراقییەكانیش هەتا توانیان ئاستەنگیان بۆ كورد دروست كرد و، ڕەحمیان بە خودی خۆیان و هاووڵاتی و دەوڵەتەكەی خۆشیان نەكرد.
یەكتریان كوشت، تیرۆریان هێنا، سەدان ملیار دۆلاریان برد ومیلیشیای زۆروزەوە ندیان پێكھێنا.

ھەواڵی زیاتر