چۆن پێتبڵێم

تاریق ئه‌حمه‌د

لەکوێی تاکو نیشانتدەم
لەم ناوە چی گۆڕاوە چی گووم بووە!
ببینی چۆن لەدوریتدا
شەونم تۆزی لێنیشتووە
ئاوێنەی ئەستێرکی ڕوی مانگ
نەک تەنها لێڵ لیخن بووە.
چۆن پێت بڵێم ڕێگا چۆڵە
دەوران دەوری ساردو سڕی وەک سەهۆڵە
لەوگشت هیوای پێشتر بوومان
چۆن وەسفیکا قەڵەم کۆڵە..
خۆشیمان کەوتۆتەژێرپێ و
خەمیش هەروا لەسەر کۆڵە.
چۆن پێت بڵێم کەوا هەین و
لەناو بوونی وانیتردا
وەکو بەفری بەرهەتاوین.
کێشەی بوونە کەناپرسین
بۆ خۆمان نین؟ بۆ هەر ناوین؟
لەکاتێکدا بێجگە خۆمان
لەجێی هیچ کێ نەخولقاوین.
چۆن پێت بڵێم
وشەکانمان گەرم نین و
سەرمای دەستان ناڕەوێنن.
دڵی برینداری سەرڕێی چاوەڕوانی نالاوێنن
هەربەوێنەی چاوەچاوی بەڵێی زارن
بە وشەی نا کەدێنەگۆ کەدەدوێنن
چرای دەست و چرۆی هەستیش دەشێوێنن.

5/11/2021 سلێمانی

ھەواڵی زیاتر