كەمكردنی ئاو؛ كێشەی لەمەولا

عێراق و هەرێم تووشی كەمئاوی دەبن؟

سەدا٧٠ـی رووبەری گۆی زەوی، ئاو دایپۆشیوە؛ زۆر ئاساییە ئەگەر بڵێی کە ئاو زۆرە و ھەرگیز نابێتە قاتوقڕی. ھەرچۆنێکبێت، ئەو ئاوەی کە ئێمە دەیخۆینەوە و، بەکاری دەهێنین و، خۆمانی پێ دەشۆین و، زەویوزاری پێ ئاودێری دەکەین، دەگمەنە لەسەر زەوی. تەنھا ٣٪‏ی ئاوی سەر گۆی زەوی خاوێنە، سێهەک یاخود یەک لەسەر سێی ئەو ئاوە خاوێنە بەردەستە، دوو بەشەکەی تری یان لە رووبارە بەستەڵەکان گیری خواردووە یان بەردەستمان ناکەوێ. لە ئەنجامدا ملیارێک‌و١٠٠هەزار کەس ئاویان دەست ناکەوێت، ٢ملیارو٧٠٠ملیۆنیش لایەنی کەم ساڵێ مانگێک تووشی بێئاوی دەبن.

بەترەفکردن (ناڕێک بەکارھێنان) و هەرزکردنی ئاو بووەتە کێشە بۆ نزیکەی ٢ملیارو٤٠٠ملیۆن کەس و، مەترسیی کۆلێرا و گرانەتا و نەخۆشینی تریان لەسەرە. ئێستا لە هەموو جیهاندا هەر دە کەسێک و حەوت کەسیان ئاوی لوولەکێشییان بۆ چووەتە ماڵەوە؛ بێئاوی و کەمئاوی، کێشەیەکە تەنیا بە وڵاتێک و دوو وڵات چارەسەر ناکرێت، چونکە کێشەیەکی ناوخۆیی و هەرێمی نییە، بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە و پێویستی بە هاوکاریی هەموو وڵاتان هەیە. لەوانەیە سەیر بێت، بەڵام شاری وەک ساوپاولۆ، مێلبۆرن، جاکارتا، لەندەن، پەکین، تۆکیۆ، بەرشلۆنە و، مەکسیکۆ ئەگەر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاودا نەکەن، ئەوا تووشی قەیرانی بێئاوی دەبن؛ کێشەی بێئاوی و کەمئاوی زۆر مەترسیدارترە لەوەی بیری لێ دەکەینەوە.
بەپێی چەند توێژینەوەیەک، ساڵی ٢٠٤٠ زۆربەی وڵاتانی جیهان ئاوی پێویستیان بۆ پێداویستیی رۆژانەیان نابێت. زۆربەی وڵاتانی جیهان بە جۆرێک ئاو بەکار دەهێنن، وەک ئەوەی هەمیشە ئاویان دەبێت، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆکار، کە بە ناهۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵەدا بکەن. لە شوێنە وشکەکانی باشووری کالیفۆرنیا بۆ ئاودێریکردنی ئاڵف و وێنجە، ساڵێک 2ترلیۆن گاڵۆن ئاو لە زێ و رووباری کۆلۆرادۆوە وەردەگیرێت. هەر گاڵۆنێک ٤.٤٠ لیترە واتە نزیکە چوار لیتر و نیو؛ هەر بەرمیلێک، کەم تا زۆر، ٤٠ گاڵۆن دەگرێت.
بانکی (گۆڵدمان ساکس) پێشبینی دەکات، کە ئاو لە سەدەی 21 دا ببێتە جێگرەوەی نەوت و گاز. ئێمە رۆژانە (دوو تەن) خاشاک و زبڵ و پاشماوەی کشتوکاڵ و پیشەسازی فڕێ دەدەینە ناو ئاوەوە.

کێشەی ئاو لە عێراق وهه‌رێمی كوردستان…
ئاو سه‌رچاوه‌ هەرە گرنگەکەی سرووشتە و كلیلی هێنانه‌دیی هه‌موو پێكهاته‌كانی ژیانه‌. ماوه‌یه‌كه‌ هه‌وڵی چڕوپڕ دە‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاویش بخرێته‌ خزمه‌تی به‌رژە‌وه‌ندی سیاسیی وڵاتانه‌وه‌. بۆیه‌، ئه‌و وڵاته سه‌رچاوه‌ی ئاوی زۆر بێ، دە‌بێته‌ خاوه‌ن بڕیاری كاریگه‌ر. هه‌موو ئاماژە‌كان ئه‌وه‌مان پی ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌ جیهان به‌ره‌و گرفتی كه‌مئاوی هه‌نگاو ده‌نێت و زۆربه‌ی وڵاتان هه‌موو ئامرازێکیان به‌گه‌ڕ خستووه‌ بۆ کۆگاکردنی ئاو، چونكه‌ به‌شی تاک له‌ ئاو به‌ پێی پێشبینیه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و دوای ساڵی ٢٠٢٥ دەبێتە کەمتر لە 1000 مەتری سێجا بۆ ساڵێک؛ كه‌ كاریگه‌رییەکی زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراكی هه‌موو وڵاتان.
به‌پێی توێژینه‌وه‌كان تا‌ په‌نجا ساڵی دی زۆرێك له‌ ڕووباره‌كان وشک دەکەن و، خەڵکی دنیایش دەبنە ٩ملیار كه‌س، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاڵۆزبوونی كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ جیهاندا. بۆ ئه‌و مەبه‌سته‌ وڵاتانی سه‌رچاوه‌ په‌نایان بردووده‌ته‌ گۆڕینی ستراتیجیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ فاكته‌ری گۆڕانكاریه‌كانی كه‌شوهه‌وا و هه‌وڵی جددیان داوه‌ بۆ حاشاكردن یا پشتگوێخستنی په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌ تایبه‌تن به‌ ڕووباره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ مه‌به‌ستی دانانی پێوه‌ری تازەی سیاسی و ئابووری له‌ شێوازی په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی رێژگه‌. به‌م كاره‌ش ئه‌و وڵاتانه‌ دە‌توانن سوودی زۆر به‌ده‌ست بهێنن بۆ ماوەیه‌كی درێژخایه‌ن. هه‌روه‌ها وڵاتانی سه‌رچاوه‌ توركیا و ئێران وه‌ك نموونه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خه‌ریكی په‌یڕەوکردنی سیاسه‌تی تینووكردنی عێراق و كوردستانن، سه‌ره‌ڕای هه‌موو په‌یماننامه ‌و پرۆتۆكۆڵ و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.
رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هۆشدارییان داوه‌ته‌ وڵاتانی جیهان به‌ مه‌به‌ستی یه‌كخستنی ئه‌رك و توانستی خۆیان و رێگه‌یه‌كی نوێ و زانستی بدۆزنەوە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرفتی كه‌مئاوی و نەهێشتنی دیارده‌ی به‌فیڕۆدان و بەترەفکردنی ئاو؛ هه‌روه‌ها هه‌وڵ بدەن بە دانوستان و واژووكردنی په‌یماننامه‌ له‌نێوان وڵاتانی هاوسنوور و هاوبه‌ش له‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاو، کێشەکە کەمتر بکەنەوە.
عێراق (به‌ كوردستانه‌وه‌) یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت تا چەند ساڵی دی تووشی گرفتی ئاو ببێت، به‌هۆی لاوازی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ ناوخۆی وڵات و لاوازی لە سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ (سیاسه‌تی ئاو) له‌گه‌ڵ وڵاتانی سه‌رچاوه‌ (المنبع). كه‌مئاوی كاریگه‌رییەکی ته‌واوی له‌سه‌ر سه‌روه‌ری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سەقامی عێراق و كوردستان دەبێت.
بەرامبەر ئەو سامانە زۆرەی نەوت و گاز، دەبینیت وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و وڵاتی عێراق لە سامانی ئاوی پاکدا، رێژەیەکی زۆر کەمیان بەر دەکەوێت. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەئاوی کەم لەملاوە و کەمبارانی لەولاوە. ڕێژەی بارانبارین لەم ناوچانە زۆر کەمە و ساڵانە ئەوپەڕەکەی دەگاتە 300 ملیمەتر، کە ڕێژەیەکی کەمە. هەر ئەمەش وای کردووە کە وڵاتە عەرەبییەکان ئاوی پاکیان کەم بەر بکەوێت، کۆی گشتی پشکی وڵاتە عەرەبییەکان لە سامانی ئاوی پاک لە جیهاندا دەگاتە نزیکەی 0.7% کە ڕێژەیەکی زۆر کەمە، بۆ نموونە ڕێژەی ئاوی پاک لە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا، زۆرترە لە تەواوی ئاوی پاکی هەموو وڵاتانی عەرەبی.
عێراق چەندین ساڵە بە دەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا هەستی پێ کردووە. (بەسرە) نموونەیەکی بەرچاوە، بۆ ئەوەی ببینین عێراق لە بارودۆخێکی چەند ترسناکدایە. ژێرخانی ئاوی عێراق وێرانە، ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە. یەکێک لە هۆکارەکانی وێرانبوونی ژێرخانی ئاوی عێراق، جەنگی ٨ساڵەی نێوان (عێراق و ئێران)ـە، دوی ئەم جەنگی یەکەمی کەنداو دەستی پێکرد. بۆیە بەهۆی ئەم شەڕانەوە سیستەمی ئاو بەتەواوی وێران کرا. دوایی کە جەنگ بڕایەوە، بۆ ماوەی (13) ساڵ لەنێوان (1990 تاکو 2003) گەمارۆی ئابووری خرایە سەر عێراق، ئەم گەمارۆیە لەسەر خواردنیش دانرا، تا دواتر بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک چەسپا و خواردن و دەرمانی پزیشکی بۆ خەڵکی عێراق رەوانە کرا. گەمارۆ خرایە سەر ئەو ئامێرانەی عێراق پێویستی پێ بوون بۆ چاککردنەوەی سیستەمی ئاوی خۆی. دواتر لە ساڵی (2003) هێرشی هاوپەیمانان بۆ ئازادکردنی عێراق ئەنجام درا.
ساڵی (1992) کێشەی ئاوی عێراق دەستی پێکردووە، بەڵام ئاسەوارەکەی ئێستا بەدیار کەوتووە. لە ساڵی (1992) تورکیا (22) بەنداوی ئاوی دروست کرد، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر خراپی خستە سەر ئاوی رووباری دیجلە و فوراتیش. تورکیا (60%) لە ئاوی دیجلە و نزیکەی(97%) لە ئاوی فوراتی لەژێر دەستدایە. کۆمەڵەی ئەوروپی پێی وایە، کە دوو لەسەر سێی ئاوی عێراق بەهۆی ئەو بەنداوانەی دراوسێکانی دروستیان کردووە کەمی کردووە. نەبوونی ئاوی خاوێن لە عێراقدا، لە بەسرە زیاتر لە هەر شوێنێکی تر بەئاشکرا دیارە. بەسرە لەکۆتایی هەردوو رووباری (دیجلە و فورات)دایە، بەهۆی کەمیی ئاوەوە لەو شارە، رێڕەوەکانی ئاو بە زۆری بوونەتە شوێنی زبڵ و خاشاک. وە کاتێک ئاو نەبێت، ئەوا خوێی ئاوی کەنداو دێتەوە ناو شاری بەسرە، لەڕاستیدا ئەوەی کە خەڵکی بەسرە دەیخۆنەوە، ئاو نییە، بەڵکو زبڵ و خاشاکە.

چارەسەر
لەڕاستیدا، چارەسەری کێشەی ئاو لە هەموو جیهاندا بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشاریی خەڵک و باش بەکارهێنانی ئاو، بە جۆرێک کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا نەکرێت، هەندێک لە پسپۆرانی ئاو پێیان وایە، کە دەبێت نرخ لەسەر ئاو دابنرێت و خەڵک ناچار بکرێت بەرامبەر ئەو رێژە ئاوەی بە کاری دەهێنێت پارە بدات، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە، چونکە کاتێک نرخ لەسەر ئاو دادەنرێت، ئەوا بەروبوومەکانی تریش گران دەبن و ئەوەش دەبێتە بارگرانی بۆ سەر خەڵکی هەژار، هەروەها دەبێتە هۆی داخستنی چەندین کۆمپانیای پیشەسازی و بێکاربوونی ملیۆنان خەڵک لە سەرانسەری جیهان.
بەڵام چارەسەری کێشەی ئاو لە عێراقدا تەنها بە دەست عێراق نیە، خەڵک دەتوانێت بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاودا بکات، بەڵام ئەمە بەشێکی کەمی چارەسەرە بۆ کێشەی ئاو. چارەسەری بنەڕەتی بریتییە لە دانوستان لەگەڵ تورکیا و ئینجایش ئێران و سووریا. هەروەها عێراق دەتوانێت سوود لە یاسا نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، نابێت هیچ وڵاتێک ئاو بکاتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتێکی تر. ئەڵبەتە چارەسەری ناوخۆیش سوودی زۆرە بۆ هاوسەنگڕاگرتنی ئاستی ئاو لە ناوچەکەدا. ئەمەش بە دروستکردنی بەنداوی زیاتر بۆ گلدانەوەی ئاو و بەکارھێنانی لە کاتی بێبارانی و قاقڕی و وشکەساڵیدا، بێگومان دەبێت خەڵک ھۆشیارتر بکرێنەوە و ئەو کەسانەیشی کە ئاو بەترەف و هەرز دەکەن، سزا بدرێن.

ھەواڵی زیاتر