ئیبراهیم حەكیم هونەرمەندی بەئەزموونی بواری شانۆ و درامای هەولێر، هونەری كۆمیدیای پێ هونەرێكی گرنگە، چونکە بەشێوەی پێكەناندن كێشەكان چارەسەر دەكات، بەڵام لەنێوان كۆمیدیا و گاڵتەجاڕیدا تاڵە موویەك هەیە و گرنگە هونەرمەند ئەو تاڵە مووە بپارێزێت.
ئیبراهیم حەكیم هونەرمەندێكی ناسراوی كوردستان و شاری هەولێرە و ئێستا بەرەو تەمەنی 70 ساڵان هەنگاو دەنێت، ناوبراو ماوەی 48 ساڵە بەبێ دابڕان لە بواری هونەری شانۆ و درامادا كار دەكات، ئەم هونەرمەندە هەر لە سەرەتای تەمەنی خوێندنەوە خولیای بۆ هونەر هەبووە و لەو رووەشەوە بەڕێوەبەرەكەی زۆر هانی داوە، پاشان لە بواری شانۆدا خۆی بینیوەتەوە و دەڵێت “شانۆ قوتابخانەیە و زۆر پیرۆزە، هونەرمەند ئەگەر لە شانۆوە دەست پێ بكات، دەبێتە هونەرمەندێكی باش”.
یەكەم ئەزموونی كاری نواندنی ئیبراهیم حەكیم لە تەمەنی 45 ساڵاندا بووە ئەویش لە كاتی پێشمەرگایەتی لە ئۆردوگای (زێوە) لە وڵاتی ئێران بە شانۆی لەیلا قاسم و وتی “بەشداریكردنم لە یەكەم شانۆگەریدا لە شاخ زۆر خۆش بوو، لەبەرئەوەی لەناو ئێران شانۆگەریمان كرد و خەڵكێكی زۆر ئامادە دەبوون و پێیان خۆش بوو، تەنانەت هونەرمەندی كۆچكردوو محەمەد جەزا كە لەگەڵماندا بوو ئەو كاتە گۆرانیی لەیلا لەیلای وت”.
ئەم هونەرمەندە دوای شۆڕش گەڕاوەتەوە شاری هەولێر و دواتر لەڕێگەی هەندێك هاوڕێی كە یەكێكیان كەریم محەمەدعەلی بووە ئاشنایەتی لەگەڵ هونەرمەندانی كۆچكردوو سەلام كۆیی و سوبحی كۆییدا پەیدا كردووە، كە وەكو خۆی ئاماژەی پێكرد، ئەو دوو هونەرمەندە باشترین هونەرمەندی كۆمیدی بوون لەگەڵ مامۆستا عەبدولواحید بەزاز كە بەزاز بۆ ئەوان قوتابخانە بووە.
(ئیبراهیم حەكیم) وەك هاوڕێكانیشی باسی دەكەن هونەرمەندێكی قسەخۆش و كۆمەڵایەتییە و رەنگە هەر ئەوەش وای كردبێت زیاتر لە بواری هونەری كۆمیدیدا رۆڵ ببینێت.
ناوبراو وتی “كاركردنم لە هونەری كۆمیدی بەدەست خۆم نییە، بەڵكو لەش و روخسار و قسەكردنم بۆ ئەو هونەرە شیاوە، پاشان دەرهێنەرەكان منیان بە كۆمیدیا ناسیوە”.
زۆر كەس پێیان وایە كە هونەری كۆمیدیا ئاسانە و هەموو كەس دەتوانێت بیكات، بەڵام ئەم هونەرمەندە رای جیاوازی هەیە و وتی “كۆمیدیای رەش ئەو كۆمیدیایە كە بتوانێت بە پێكەنین كێشەكان چارەسەر بكات، كۆمیدیای رەش بەتەواوی كۆمیدیایە، بەڵام لەنێوان كۆمیدیا و گاڵتەجارێ تاڵە موویەك هەیە، واتە لە كۆمیدیا لات دا دەبێتە گاڵتەجاڕی”.
ئەم هونەرمەندە بەئەزموونە بەداخە لەوەی كە هەندێك بەرهەمی ئێستای كۆمیدیای لەئاستی پێویستدا نین و وتی “هونەرمەند ئەگەر بیەوێت خۆی لە گاڵتەجارێ بپارێزێت دەبێت بینەر بەلای خۆیدا رابكێشێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەیبینم بەشێكیان گاڵتەجاڕین، نەك كۆمیدیا، ئێمە لە هەشتاكان و نەوەدەكانیش كۆمیدیامان دەكرد و دەمانزانی چۆن دەیكەین”.
ئیبراهیم حەكیم تائێستا نزیكەی 100 بەرهەمی هونەریی هەیە و ئاشنایەتی باشی لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردووی هەولێر (سەلام كۆیی) هەبووەو كە ئەمساڵ كۆچی دوایی كرد.
ناوبراو وتی “لەگەڵ ئەو هونەرمەندە مەزنە بەرنامەی (ئاوێنە)مان هەبوو كە رەخنەئامێز بوو زۆرترین رەخنەمان بەشێوەی كۆمیدی لە بەرپرسان دەگرت، زۆرجاریش پێیان دەوتین ئێوە رەخنە لە حیزبی خۆتان دەگرن، ئێمەش دەمانوت ئەمە رەخنە لە حیزب نییە، بەڵكو رەخن لەو كەسە دەگرین كە شایەنی رەخنەلێگرتنە”.
ئیبراهیم حەكیم یەكێك لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی زنجیرە درامای (سەمەرە) كە لەلایەن كەناڵی كوردسات بەهاوبەشی ناوەندی بەرهەمهێنانی هونەریی (زەنێ) ئامادە دەكرێت و لە مانگی رەمەزاندا پێشكەش دەكرێت و ئاماژەی بەوەكرد، كە گرنگە بەرهەمی خۆماڵی زیاد بكرێت تا چیدیكە بینەران نەڕۆن بەلای دراما بیانییەكان.
بەشێك لە كەناڵەكان لە مانگی رەمەزاندا دراما پێشكەش دەكەن كە هەندێكیان زنجیرە درامایە و هەندێكیشیان درامای ئەڵقە ئەڵقەیە، ئیراهیم حەكیم لایەنگری زنجیرە درامای تەواوە و دەڵێت “هەموو درامای مانگی رەمەزان مەرج نییە بڕۆنە ناو ئەرشیفی هونەری، چونكە دراما زنجیرەیە، بەڵام ئەوان هەر ئەڵقەیە و باسی بابەتێك دەكەن، لەوەشدا هەندێجار دەق لاوازە و دەرهێنەر ناتوانێت بەهێزی بكات، یان هەندێجار دەق باشە و دەرهێنەر باش نییە، هەندێجار ئەكتەرەكە ناتوانێت بە باشی كارەكەی بكات، بەداخەوە كورد زانستی سیناریۆ و درامای نییە، بەڵام زنجیرەی تەلەفزیۆن ئەكتەر دەزانێت چ كەسایەتییەكی هەیە، بەڵام لە درامای ئەڵقەئەڵقە ئەكتەر نازانێت رۆژانە چ رۆڵێكی هەیە”.