دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هونەرمەند فەرەیدون محەمەد: گرنگە ئەكتەر هەموو رۆڵێكی پێ بەرجەستە بكرێ

هونەرمەند فەرەیدون محەمەد ساڵح پێی وایە ئەکتەری سەركەوتوو ئەوەیە بتوانێت هەموو رۆێك بەرجەستە بكات؛ جەختیشی كردەوە كە هەتا ئەو كاتەی رۆڵی (شەهاب)ـی لە درامای (كۆشكی هەنار) بینیوە نەیزانیوە رۆڵەكە كەسایەتییەكی (ئەمنی شارەوایە).

هونەرمەند فەرەیدون محەمەد لە درامای كۆشكی هەنار رۆڵی (شەهاب)ی بەرجەستە دەكرد كە رۆڵێكی دیاری نێو دراماكە بوو، ئەم كەسایەتییەی دراماكە وەكو شۆفێری كەسایەتی (خان) دەردەكەوت، بەڵام دوایی دەركەوت پلەدارێكی پۆلیسە.

فەرەیدون محەمەد لەم چاوپێكەوتنەی (هەولێر)دا باسی رۆڵەكەی خۆی و ناوەرۆكی زنجیرە دراماكە دەكات. كۆشكی هەنار درامایەكی ٣٣ئەڵقەیی بوو لە نووسین و دەرهێنانی جەمیل مەفاخیری و سیناریۆی ئومێد كەمال، بەرهەمهێنانی ناوەندەهونەری زەنێ و لە مانگی رەمەزان و سێ رۆژی جەژندا نمایش کرا.

هەولێر: درامای (كۆشكی هەنار) درامایەكی جددی بوو، بە گشتی دراماكەت بەلاوە چۆن بوو؟

فەرەیدون محەمەد: ئەم ئیشە بەراورد بە درامای (سەمەرە) زۆر جیاوازە و تەواو جددی بوو، هونەرمەند هەیە نزیكەی ١٠ ساڵە درامایان نەكردبوو، بەڵام ئەمجارە بەشدارییان كردبوو، ئەم ئیشە پێویستی بە ساڵێك هەبوو بۆ بەرهەمهێنان، بەڵام بە چوار مانگ تۆمار كرا، كۆشكی هەنار باس لە كلتوور و فەرهەنگی شاری سلێمانی دەكات، هیوادارین درامایەكی بەهێز [و بەپێز] بووبێت.

هەولێر: ئەمجارەش رۆڵەكەی تۆ تاڕادەیەك وەك (عەونی) بوو لە درامای (سەمەرە) واتە كەسایەتی ئەمنی شاراوە، بۆچی ئەمجارەش رۆڵێكی نزیك لە (عەونی)؟ 

فەرەیدون محەمەد: رۆڵی من لە سەمەرە دوو دەوری جیاواز بوو، سەرەتا هەر (عەزیز) بوو، بەڵام رۆڵەكە زۆر چڕ نەبووەوە، پاشان رۆڵی (عەونی)یشم پێ درا، ئەو رۆڵە دەبوو لە عەزیز جیاواز بوایە، چونكە عەونی لە بوارێكی ئەمنیدا كاری دەكرد، بۆیە دەنگێكی دیكەم بۆ خۆم هەڵبژارد، هەرچەندە كۆشكی هەنار جددی بوو، بەلای منەوە (سەمەرە) خۆشتر بوو، چونكە خۆم كەسێكی كۆمیدیم. 

راستی بۆ رۆڵی شەهاب لە كۆشكی هەنار كە نزیك بوو لە رۆڵی (عەونی) خۆم بێئاگا بووم لەوەی وەك سەمەرە لە بواری ئەمنی ئیش بكات و نهێنییش بێت، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە دەرهێنەرەوە هەیە، پێشتر وتیان شۆفێری (خان)ی، پێشبینیم دەكرد كۆمیدی بێت، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە ئەگەر دەوری كۆمیدی ببینێت، ئیتر ناتوانێت دەوری جددی ببینێت، بۆیە ئەگەر ئەكتەر بەڕاستی ئەكتەرێكی جددی بێت دەبێت هەموو دەورێك بەرجەستە بكات، بۆیە بەلامەوە قورس نەبوو.

هەولێر: هەرچەندە كۆشكی هەنار بەرهەمێكی جددی بوو، بەڵام توانیی بینەر بەلای خۆیەوە رابكێشێت، هۆكاری چی بوو؟

فەرەیدون محەمەد: سەركەوتنی كۆشكی هەنار بۆ چەند هۆكارێك بوو، یەكەمیان بەرزیی ئاستی ئەكتەرەكان كە بەڕاستی دەوری جددیان دەبینی تا بتوانن سەرنجی بینەر رابكێشن، دووەمیش ساڵانێكی زۆرە بە درامای كوردی ئاشنا نەبووین و زیاتر درامای دۆبلاجە، ئەینا درامای كوردی لە درامای بیانی كەمتر نییە.

هەولێر: لە (كۆشكی هەنار) چەندین هونەرمەندی ئەزموو و گەنجیشی تێدابوو، ئەوە بۆ سەركەوتنی دراماكە تا چەند گرنگ بوو؟

فەرەیدون محەمەد: جەمیل مەفاخیری دەرهێنەر بۆ ئەم ئیشە بە نەفەسی سینەما كاری كرد، چەند ئەكتەرێكی بەئەزموونی لەبەردەستدا بوو، لە كاتی وێنەگرتنیش كۆمەڵێك ئیزافەی دەكرد، بەڵام بەهۆی باشیی ئەكتەرەكانەوە كە تەمەنی جیاوازی تێدا بوو توانیی ئیشێكی زۆر باش دەربچوێنێت. هەروەها ناوەندی زەنێ دەستخۆشییان لێ دەكەین كە بە ئیشەكەوە زۆر ماندوو بوون.