حکومەتی سعوودیە رایگەیاند، دەستی کردووە بە گواستنەوەی هاووڵاتییان و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی دۆست لە سوودان کە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزی نیمچە سەربازیین.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا باس لەوە کراوە، کە دەستکراوە بە گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە سعوودییانەی لە سوودان نیشتەجێن لەگەڵ کارمەندانی نوێنەرایەتیيە دیپلۆماسییەکانی هەندێ وڵاتی دۆست بۆ سعوودیە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە فەرمانی گواستنەوەکە لەلایەن شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز و شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمانەوە دەرکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا زانیاری لەبارەی وڵاتانی دۆست کە ئاماژەی پێکراوە نەخراوەتەڕوو.
– شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان
لە بەیانی 15ی نیسان، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا “بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا” گۆڕا بۆ پێکدادان.
وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند کە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و فەرماندەی سوپا، عەبولفەتاح ئەلبورهان راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتارەی کردووە.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەو شەڕ و پێکدادانانەدا لانی کەم 300 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بڵاویکردبووەوە کە لە یەکەم رۆژی جەژنەوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر پابەندی ئاگربەست دەبن، سوپاش کاتەکانی ئێوارە رایگەیاند کە پابەندی بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبن بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست.