قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان ساڵانە دەگاتە هەزار کەس

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی گەشەی رێگاوبانەکان و بە جووتسایدکردنی جادەکان و بەرینترکردنی شەقامەکان لە هەموو جیهان ئەوەیە رووداوەکانی هاتوچۆ کەم ببنەوە و بە بەرزکردنەوەدی ستانداردی شەقام و رێگەوبان کەمترین رووداوی هاتوچۆ بێتە کایەوە. سەیر لەوەدایە لە کوردستان هەست دەکەی ئەمە پێچەوانە بووەتەوە و قوربانییەکان زۆرتر بوون. شارەزایەکی بواری هاتوچۆ هۆکارە هەرە سەرەکییەکە بۆ نەبوونی هوشیاری هاتوچۆ دەگەڕێنێتەوە.

لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، شەقامەکانی هەولێری پایتەخت بە باشترین شەقام هەژمار دەکرێن و لانی کەم لە ١٠ ساڵی رابردوودا سیمای رێگاوبانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە و قەرەباڵغی و جەنجاڵی کەم بووەتەوە.
لە زۆر گەڕەکی هەولێر شوفێران بۆ گەیشتن بە شوێنی کاریانیان سەردانی گەڕەکێکی تری شار یان کۆمەڵگەکانی دەوروبەری شار دەبووایە هەندێک جار بە سەعات رێگا قەرەباڵغەکان ببڕن تا بە شوێنی مەبەست بگەن، بەڵام دوای تەواوبوونی شەقامی ١٢٠ مەتری و بەشێکی ١٥٠ مەتری و پەرەپێدانی بەشێکی تری شەقامەکانی ناوشار، لە ماوەیەکی کەمتردا بە شوێنی مەبەست دەگەن.
پەرەپێدانی شەقامەکان تەنیا بۆ ناوخۆی شار نەبووە بەڵکوو بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی جووتساید و تونێل و پردی پەڕینەوە جێبەجێ کراون کە هەولێر بە شارەکانی دەوروبەر گرێ دەداتەوە.
نوێترین پڕۆژەیان کە هەفتەی رابردوو کرایەوە، تەواوکردنی جووتسایدێکی نێوان هەولێر و دهۆک و کردنەوەی پردێکی پەڕینەوە بوو بە درێژی ٩٢٨ مەتر، لە دووسایدی چوون و هاتن پێك هاتووە کە پانی هەر سایدێكی ١٥مەترە. بەهۆی پردەکەڕێگای دوو سەعاتەی نێوان هەولێر ودهۆک بۆ سەحات و ٢٠ خولەک کەم بووەتەوە.
ئەوەی جێی تێڕامانە زۆربوونی ژمارەی رووداوەکانی هاتوچۆ و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆیە. ئەو رووداوانەی لەو شوێنانە روو دەدەن کە بەراستی نابێت رووداوی هاتوچۆیان تێدا روو بدات . هەندێک لەو رووداوانە قوربانییان لێ دەکەوێتەوە و بەشێکیان زیانێکیزۆر بە ئۆتۆمبێلەکان دەگات و لە هەمووشیاندا زیان بەر خزمەتگوزاریی گشتی و شەقام و رێگاوبانەکان دەکەوێت. هەر هەفتەی رابردوو بوو کە لە شەقامی ١٥٠ مەتری کەسێک بەهۆی تیژڕۆیی گیانی لەدەست دا.
لە شەقامێکی وەک ١٢٠ مەتری لە هەر چەند مەترێکی شەقامەکە شوێنەواری رووداوی هاتوچۆ دیارە و دیمەنەکانی بەربەستی تەنیشتی شەقامەکە زیاتر لە پاشماوەی جەنگ دەچن. شەقامەکە بە ستاندارێکی پێشکەوتوو کراوە و ئەگەر هەموو ئوتۆمبێلێک بە گوێرەی رێنماییەکانی هاتوچۆ بڕوات هیچ رووداوێکی هاتوچۆ لەم شوێنانە روونادات مەگەر حاڵەتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی شوفێردا بێت.
بۆ شەقامەکە خێرایی رێگەپێدراو بۆ سەرجەم سایدەکان داندراوە بەڵام شوفێران وەک ئەوەی لە هەر جۆرە رۆشنبیرییەکی هاتوچۆ بێبەش بن کەس لە هێڵی خۆی ناڕوات و بەشێک لە شوفێرانیش زیگزاگ بە نێو ئۆتۆمبێلەکاندا دەڕۆن و دەبنە هۆی مەترسی رووداوی زیاتری هاتوچۆ. بەشێکی تریشیان شەوانیان بەرەبەیانێکی زوو دەکەنە دەرفەت بۆ ئەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان تاقی بکەنەوە و هەندێک جاریش نمایشی ئۆتۆمبێلڕانی رێک بخەن و زیان بەو جادەیە بگەیەنن کە بە بودجەی گشتی دروست کراوە و سامانی گشتییە.
سەیر لەوە دایە هەموو شوفێران گلەییان لەیەکتر هەیە و ئەوانی تر بەوە تۆمەتبار دەکەن فێری شوفێری نەبوون و وا پێدەچێت هەموویان راست بکەن، چونکە ئەوەی روودەدات ئاسایی نییە و ناکرێ لەو شەقامە خۆشە بەردەوام رووداوی هاتوچۆ هەبێت.
یوسف محەمەد شوکر بازیانی، سه‌رۆکیڕێکخراوی روشنبیری و سه‌لامه‌تی هاتوچۆی هه‌رێم هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانی هاتوچۆ بۆ نەبوونی هوشیاری هاتوچۆ دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە ئەگەر شەقامەکان ١٠ هێندە بەرینتر بکرێن بەڵام هۆشیاری هاتوچۆ نەبێت رووداوەکانی هاتوچۆش زیاد دەکەن.
وەک زیاتر خستیەڕوو ئامارەکانی قوربانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان زۆر بەرزن و ساڵانە دەگاتە هەزار کەس کە ژمارەیەکی زۆرە بۆ هەرێمێک کە ژمارەی دانیشتووانی کەمتر لە شەش ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا لە بەریتانیا کە سەرووی ٨٠ ملیۆن کەسە و ٤٥ ملیۆن ئۆتۆمبێلی هەیە ژمارەی قوربانیان هەزار و ٦٠٠ کەسە.
بەگوتەی بازیان دەبێ لە خێزانەوە پاشان لە پەروەردەوە دەست بە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی هاتوچۆ بکرێت و تەنانەت لە نێو مادە دەرسییەکان وانەی تایبەتی هەبێت.
ئەو روونی کردەوە پۆلیسیش رێکارەکان بۆ فێربوونی شوفێری زیاتر توند بکات و سەعاتەکانی راهێنان زیاتر بکات. هاوکات یاسا و رێساکانیش توندوتۆڵتر بکرێن و سزاکان زیاد بکرێن بەڵام رسوومات کەم بکرێنەوە، هەرچەندە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکە بەگوتەی بازیانی رۆشنبیری هاتوچۆیە و تا ئەمە چارەسەر نەکرێت دەبێ لە داهاتودا چاوەڕوانی مردنی خەڵکی زیاتر بین بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ.

ھەواڵی زیاتر