چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ڤاكسینی “عه‌بدوڵڵا” به‌هانای وڵاته‌ هه‌ژاره‌كانه‌وه‌ ده‌چێت

له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی وڵاتی ده‌وڵه‌مه‌ند په‌له‌یانه‌ له‌ وه‌رگرتنی ژه‌می سێیه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا، وڵاتانی هه‌ژاریش ڤاكسینیان پێناگات، بۆیه‌ كوبا بڕیاری داوه‌ ڤاكسینی “عه‌بدوڵڵا” و “سوبێرانا 2” بۆ ژماره‌یه‌ك وڵاتی كه‌مده‌رامه‌ت ره‌وانه‌ بكات.

به‌گوێره‌ی پێگه‌ی “SCMP”، ڤاكسینی “عه‌بدوڵڵا” و “سوبێرانا 2” له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوبا زۆر كه‌م به‌كار‌هێنراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێشتا ره‌زامه‌ندی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌.

ئه‌و ڤاكسینانه‌ی كۆرۆنا ئێستا له‌ جیهاندا پشتی پێده‌به‌سترێت، ڤاكسینه‌كانی (ئێكسفۆرد- ئه‌سترازینیكا، فایزه‌ر- بیۆنتیك، جۆنسن ئاند جۆنسن، مۆدێرنا، سیۆنفارم و ساینۆفاك)ن، به‌ڵام زۆر كه‌می بۆ وڵاتانی هه‌ژار دابین ده‌كرێت.

ڤێتنام ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كڕینی ڤاكسینی “عه‌بدوڵڵا” نیشانداوه، كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو كاروانی یه‌كه‌می ڤاكسینی “عه‌بدوڵڵا” گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته، (10) ملیۆن ژه‌مه‌ ڤاكسین بووه‌، تا ئێستاش 10%ی دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ژه‌مێك له‌و ڤاكسینه‌یان وه‌رگرتووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ داتاكانی ئه‌و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی ڤاكیسنی “عه‌بدوڵڵا”‌ كراوه‌، له‌ هیچ گۆڤارێكی زانستی بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی كوبا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ رێژه‌ی كاریگه‌ریی ڤاكسینه‌كه‌ 92%ی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ ناوخۆییه‌كاندا به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ جۆری ده‌لتا، رێژه‌ی مردنیش زیادی كردووه‌، بۆیه‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی داوا ده‌كات به‌په‌له‌ ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌ربگرن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رێنمایی ده‌ركردووه‌، كه‌ تا وڵاتانی كه‌مده‌رامه‌ت ڤاكسینی كۆرۆنایان بۆ فه‌راهه‌م نه‌كرێت، پێویست ناكات ژه‌می سێیه‌می ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌ربگیرێت.

له‌ دوایین ئاماری تووشبوو و مردووان، تا ئێستا زیاتر 219 ملیۆن كه‌س له‌ جیهاندا تووشی كۆرۆنا بوون، 4.55 تووشبووی په‌تاكه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه.