د. جەعفەر عومەر: ئەگەر ئافرەت پاش زەیسانی، خەمۆک کەوت، دەبێ ڕاوێژ بکات بە دەروونپزیشک

ھۆکارەکانی خەمۆککەوتنی پاش منداڵبوون زۆرن، بەڵام بەگشتی بەشێك لەو ئافرەتانەی چەند هۆكارێك هەن وایان لێ دەكات زیاتر تووشی خەمۆکی ببێت.

د. جەعفەر عومەر پزیشکی پسپۆڕی دەروونی ئاماژە بە نیشانەكان دەكات و ڕوونیدەكاتەوە كە پێویستە لەلایەن كەسانی نزیك لەو ئافرەتانەوە زیاتر بایەخیان پێ بدرێت، تاوەك دوچاری خەمۆكی تووند نەیەن.
د. جەعفەر عومەر ئاماژە بەوە دەكات كە نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و هەستوسۆزی و بوونی گرفت و نەخۆشی دەرونی لە پێش سکپری، بوونی فشاری دەرونی و گرفتی خێزانی و، دووگیانییەکە بەبێ پلان بووبێت و دایباب ئارەزووی منداڵەکەیان نەکردبێت کە بیانبێت، هۆكارن بۆ ئەوە ئافرەتەكە زیاتر تووشی خەمۆكی ببێت، هەروەها بوونی نەخۆشی خەمۆکی دوای مندالبوون لە یەکێک لە خزماندا وەکو دایکی یان خوشکی و یانیش ئافرەتەكە خۆی لە سکەکانی پێشووتر توشی خەمۆکی بووبێت هۆكارن.
د. جەعفەر عومەر دەشڵێت: ئەگەرهاتو دایكە دووگیانەكە بینی منداڵەكەی نەبەکامە یان ساغ نیە یانیش خۆی کێشەی هەبێت لەگەڵ هاوسەرەکەی هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی ئافرەتەكە تووشی خەمۆكی ببێت .
لە بارەی چارەسەری ئەم نەخۆشییە د. جەعفەر عومەر جەخت دەكاتەوە كە پێویستە سەردانی پزیشکی دەروونی بکرێت بە مەبەستی دەستنیشانکردن و دیاریکردنی جۆری چارەسەر، کە بەگوێرەی کەسەکان دەگۆڕێت، چونكە هەندێک جار تەنها بە رێنمایی چارەسەر دەکرێت یان لەوانەیە پێویست بە دەرمان بکات هەتا چاک دەبێتەوە. ناشیشارێتەوە كە ئەگەر هەیە ئەم نەخۆشییە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵەکە و دایکەکەیش، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت.
لەبەرئەوە پێویستە ئەو کەسانە لەژێر چاودێریدا بمێننەوە و پشتیوانی خێزانی و کۆمەڵایەتییان هەبێت.

ھەواڵی زیاتر