پارتی داوا دەکات پەیکەری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بگۆڕێت

سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆ بوونەوە، فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات پەیکەربەندیی کۆمسیۆن بەگوێرەی کورسیی پەرلەمانی گۆڕانکاریی تێدا بکرێت. داواش دەکات یاسای هەڵبژاردنی کوردستان ئێستا هەموار نەکرێتەوە، چونکە دەبێتە بەربەست بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

پەرلەمانی کوردستان هەنگاوەکانی خێرا کردووە بۆ وەرگرتنی پێشنیازی فراکسیۆنەکان، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و تەواوبوونی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ،و راپرسیی هەرێمی کوردستان و نووسینەوەی دەستوور.
رۆژی 23/12/ 2019، ماوەی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و، کۆمسیۆن چاوەڕێیە بڕیار لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بدرێت و، بتوانن هەڵبژاردنی داهاتوو بەڕێوە ببەن. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانیش نزیک بووەتەوە، کە بەگوێرەی یاسا دەبێت لە کۆتایی مانگی 9ی ساڵی 2022ـدا بکرێت، کۆمسیۆن دەڵێ، شەش مانگی پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکان بکرێن و لە کۆتایی مانگی 3ی 2022ـدا راسپێردرابن بن بۆ هەڵبژاردن.
د. ئەردەلان نوورەدین، شارەزای لە بواری یاسا، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “سیستەمی هەڵبژاردن لە عێراق هەر چوار ساڵ جارێک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بۆیە مەرج نییە چوار ساڵی دیکە هەمان سیستەم بێت، کە ئێستا لە عێراق هەڵبژاردنی پێ کراوە. ئەوەی هەرێمی کوردستان تا رادەیەک جێگیرە و گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت. تا ئێستا هیچ یاسایەکی نوێ دەرنەچووە و بە لیستی نیمچە کراوە بەڕێوە دەچێت، بۆیە هەر وەکو هەڵبژاردنی پێشوو دەبێت، کاندیدێک لە هەموو کوردستان دەنگ دەهێنێت، نەک تایبەت بێت بە ناوچەیەکی دیاریکراو”.
د. ئەردەلان نوورەدین، گوتیشی: “سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێم باشترە لەوەی کە لەو هەڵبژاردنەدا لە عێراق پەیڕەو کرا، چونکە ئێمە خەڵکێکی کۆمەڵایەتیین راستە کەسێک لە هەولێر خۆ کاندید دەکات، بەڵام دەنگێکی زۆر لە زاخۆ، یان لە شوێنێکی دیکە هەیە، جا ئەو دەنگانە بۆچی بسووتێن، بۆیە پێم باشە سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەر وەکو خۆی بمێنێتەوە”.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: “ئەمە دووەم کۆبوونەوەی لەم شێوەیە بوو کە لەبارەی سێ پرسی گرنگ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، ئەوانیش پرسەکانی، دەستووری هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی راپڕسی و پرسی هەڵبژاردنەکان بە یاسا و وادەی هەڵبژاردنەکانەوە بوون. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی تێروتەسەل لەبارەی هەرسێ بابەت کرا و وەکو فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕا و بۆچوونی پارتیمان لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستانەوە خستە ڕوو و، بە زەرورەتێکی حەتمی بۆ هەرێمەکەمانی دەزانین و، ئامادەیی فراکسیۆنی حزبەکەشمان بۆ هەر دەستپێشخەرییەک لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئایندەدا لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بە دەستەیەکی نوێوە هەڵبژێردرێتەوە و، تێیدا شێوازی بڕیاردان لەسەر بڕگە و ماددەکانی نووسینەوەی دەستوور دیاری بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنەکانی دیکە هاوڕا بین و زەمینەسازیی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە بکرێت، تاوەکو بگەینە ئەنجام.
سەبارەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاشکرای کرد، لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان ئەم کۆمسیۆنە هەڵبژێردراوە، وادەی ویلایەتی ئەنجومەنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ٢٣ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ تەواو بووە، بۆیە وەک قۆناغی یەکەمی بەر لە هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتوو، کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت، پێویستمان بەوە هەیە، کە ئەنجوومەنێکی تازە لەسەر بنەمای ئیستحقاقی ساڵی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم پێکهاتەی کۆمسیۆن بەگوێرەی قەبارەی دەنگەکانی هەر لایەنێکی سیاسی و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان، ئەنجوومەنێکی نوێ هەڵبژێردرێتەوە و پێکهاتەکانی ناو ئەنجوومەن و پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحیی وەک خۆیان داوایان کرد، خۆیان نوێنەری خۆیان لەناو ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەستنیشان بکەن.
لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، ڕای فەرمی پارتی ئەوەیە، کە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٢ لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت. بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین بژاردە بۆ ئەوەی هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەهێڵینەوە، سیستەمی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ پەیڕەو کراوە و یاسای هەڵبژاردنیش لە هەرێمی کوردستان هیچ بۆشاییەکی یاسایی تێدا نییە، بۆیە پێویستمان بە هەمواركردنەوەی یاساکە نییە”.

ھەواڵی زیاتر