بە گوژمەى زیاتر لە (300 ملیۆن دینار) دەست بە دروستکردن و ڕێکخستن و قیڕتاوکردنی شەقامێکی 20 مەتری لە 5ی حەسارۆکان کرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.4.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى4، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى دروستکردن و ڕێکخستن و قیڕتاوکردنی شەقامێکی 20 مەتری تەریب بە کەندی کۆڕنیشى لە گەرەکی 5ـی حەسارۆکان بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەی (329 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر بە شێوەی بەڵێندەرایەتی دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا پارێزگارى هەولێر، لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و ئەندازیاران و کرێکارانى پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرایەتى شارەوانى4 كرد و تەئکیدی لەوەکردەوە لە سەر ڕاسپاردەى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پڕۆژەکان لەو شوێنانەوە دەست پێدەکەین کە کەمتر دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، گوتیشى: “دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدەین خواست و ویستى ئێمە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان زۆرە لەوە زیاترە کە ئەنجامیدەدین، هاوڵاتییانى ئێمە شایەنى ئەوەن باشترین و چاکترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت”.