چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە. هیوادرام ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.

مەسرور بارزانی گوتیشی: دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە، بەڵکو بە هەموو خەڵکی عێراق گەیشتووە. ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەموومان تێیدا سوودمەند دەبین.