جیهان دێتە نیۆیۆرک بۆ كۆنفرانسی ٢٠٢٣ی ئاو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، گەنجانیش چالاكانە بەشداری ئەم كۆبوونەوە مێژووییە دەكەن.
ئەمساڵ گەنجێكی كورد بە ناوی (پێشەنگ هەڵەبجەیی) لە هەرێمی كوردستانەوە، یەكێك بوو لەو دەنگانەی لە سەرانسەری جیهانەوە بە كرداری كاریان کردووە لەسەر بابەت و ئەجێندای ئاو بۆ ئایندەیەكی گونجاو و ژیانێكی بەردەوام.
ئەم گەنجە كوردە لە بینای سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە نیویۆرك زانیاری لەسەر كۆنفرانسی ئاوی نەتەوە یەكگرتوەكان UN-Water بۆ (هەولێر) خستە ڕوو، ئەو كۆنفرانسەیشی بە پێشهاتێكی گرنگ لە قەڵەمدا بۆ بابەتی ئاو لە جیهاندا.
پێشەنگ گوتی: لە كۆنفرانسی ئاو لە نەتەوە یەكگرتوەكان، كۆمەڵێكی زۆر كۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا كرا. ئێمە وەكو گەنجانی یونیفای، ئەجێندای خۆمان پێشكەشی
لایەنەكان كرد و رێگاچارەیەكمان بۆ كێشەی ئاو بەپێی ناوچە جیاوازەكانی جیهان خستە روو. عێراق لە ئاستی باڵادا وەك سەركۆمار و وەزیری ژینگە و چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی بەشدارییان كرد.
پێشەنگ ئاماژەی بەوەیش دا كە هەر لەم كۆنفرانسە باس لە ئەنجامدانی كاری كرداری و رێفۆرم كرا لە بواری ئاسایش و بەڕێوەبردنی ئاودا. وەك یونیفای، بە فەرمی (ئەجێندا و پلانی پێگەیاندنی گەنجان لە بواری ئاو و كەشوهەوا)مان راگەیاند و خستمانە بواری جێبەجێكردنەوە و، رەوانەی زۆربەی زۆری نوێنەری وڵاتانمان كرد. بەنیازین بە فەرمی كتێبی ئەجێندا و پلانی پێگەیاندنی گەنجان لە بواری ئاو و كەشوهەوا كە خۆی لە كتێبێكی زانستیی ٨٠لاپەڕەییدا دەبینێتەوە بۆ نوێنەری سەرجەم وڵاتان لە نەتەوە یەكگرتووەكان بنێرین.