د. زانا حەمەباقی:ڕۆژووگرتن، بە نەخۆشینی لووتەوە، لەوانەیە هەندێ گرفتی بەدوودا بێ

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

مسڵمانان لە بەرەبەیانەوە تا خۆرنیشت ئەوانەی جەستەیان تەندروستەوە و گرفتیان نییە، بە شێوەیەكی ئاسایی ڕۆژووەكەیان بەڕێ دەكەن؛ بەڵام بۆ هەندێک کەس و هەندێک نەخۆشی وەکو نەخۆشی شەکرە و دڵ و هەندێ نەخۆشی قوڕگ و لووت، هەندێک کێشە دەنێتەوە.

د. زانا حەمەباقی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی قوڕگ و لووت و گوێ، ئاماژە بە کاریگەریی ڕۆژگەوانی لەسەر نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ دەكات و ڕوونی دەكاتەوە كە نەخۆشانی لووت لە کاتی ڕۆژووگرتندا ڕووبەڕووی هەندێک کێشە دەبنەوە،
لەوانە هەوکردنی توندی قوڕگ و لووت و کۆئەندامی هەناسە و جیوبەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش، ئەمە جگە لەوەی ئازارێکی زۆری دەبێت بەهۆی وشکداگەڕانی قوڕگ لە کاتی بەڕۆژووبووندا و، پێویستی بە خواردنەوەی بڕێکی زۆر شلەی گەرم هەیە؛ پێویستە هەندێک چارەسەری و دەرمان یان سپرا بەکار بهێنن کە پێویستن بۆ چارەسەرکردن بەڵام لەبەر ڕۆژووگرتن ناتوانن وەریگرن. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕاوێژ بە پزیشكەكەی بكات. هەروەها هەوکردنی توندی گوێی دەرەوە و گوێی ژوورەوە، پێویستە نەخۆش، بەردەوام دەرمانی دژەبەکتریا و ئاڵۆشیان (حەساسیەت) بەکار بهێنێت و بەردەوام ئاو و شلەمەنی بخواتەوە بۆ ئەوەی تووشی وشکداگەڕان نەبێت، کەوابوو نەخۆشەکە بۆی نالوێ بەڕۆژوو بێت.
د. زانا حەمە باقی دەشڵێت: ڕۆژوو دەبێتە هۆی وشکداگەڕانی دەم، چونکە لیکاو کەم دەبێتەوە و کەمتر دەردەرێ، ئەم خاڵەش گرنگە بۆ نەخۆشی قوڕگ و دەم چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی قوڕگ و وشکداگەڕانی؛ هەروەها نەخۆشەکە بە زەحمەت شتی پێ قووت دەدرێ لە کاتی دەمکردنەوە و بەربانگکردنەوەدا.
لە ئەگەری وەرگرتنی هەر جۆرە چارەسەرییەك پێویستە بچێتە سەردانی پزیشك و ڕاوێژی لەگەڵ بكات.

ھەواڵی زیاتر