بەدەر لە خێر وبێرەکانی تری، هەڵکەوتوویی جوگرافیی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی لەبارە بۆ گەشەی ئابووریی عێراق و تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە. پڕۆژەیەک لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی بەرەو پێش دەبات.
یەکێک لەو پڕۆژانەی لە میانەی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، قسەی لەسەر کرا بەڵام دواتر میدیاکان کەمتر بایەخیان پێدا، پرسی ورووژاندنی پڕۆژەیەک بوو کە بە جێبەجێکردنی سوودێکی زۆر بە ئابووریی ناوچەکە دەگات و هەمووان لە دەوری بەرژەوەندییەکی هاوبەش کۆ دەکاتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پڕۆژەکەی بە ڕێگای نوێی هەوریشم ناو بردووە و سەرجەم وەزیرە پێوەندیدارەکانی خۆیشی ڕاسپاردووە تا لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە بکۆڵنەوە چونکە پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیاش دەخاتە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنەوە.
ڕێگەکە پێشتریش قسەی لەسەر کراوە بەڵام وا دیارە ئەم جارە تورکیا سوورترە لە جێبەجێکردنی. ڕێگەکە، بەسرا لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە بە پارێزگای شرناخ لە باکوری کوردستانەوە گرێ دەدات و دەرگەیەکی نوێی بازرگانی بە ڕووی تورکیا دەکرێتەوە و ئەو وڵاتە بە وڵاتانی کەنداو گرێ دەدات.
بۆ نموونە، تورکیا پێوەندییەکی زۆری بازرگانی لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و وڵاتانی تری کەنداودا هەیە و بەرهەمەکانی بە کەشتی لە دەریای ناوەڕاستەوە دەنێرێتە کەنداو کە مەودایەکی زۆر درێژە و کاتێکی زۆری پێ دەچێت، بەڵام ئەگەر هەمان ئەو کاڵایانە لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە، بگەیەنرێنە باشووری عێراق و لەوێ بار بکرێن بە ماوەیەکی زۆر کەمتر بەو وڵاتانە دەگەن.
جگە لە گواستنەوەی بازرگانی کە دەکرێ هێڵێکی شەمەندەفەریش بە درێژایی ڕێگاکە راکێشرێ، پلانی ئەوەش دادەنرێت هێڵێکی نەوت لە بەسراوە بەرەو کوردستان درێژ بکرێتەوە و بە هەمان هێڵی نەوتی کوردستان گرێ بدرێ یان لە تەنیشت هێڵەکە هێڵێکی تر ڕاکێشرێت و بەشێک لە نەوتی عێراق لەو هێڵەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.
وەک ئاشکرایە عێراق سەرووی ٩٠% لە داهاتەکەی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت و زۆربەی ئەو نەوتەش لە ڕێی بەندەرەکانی بەسراوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
ڕێی بەسڕا ئەگەر بۆ بازاڕەکانی کەنداو و باشووری ئاسیا رێگایەکی کورت بێت ئەوا بۆ ئەوروپا و ڕۆژئاوا ڕێگەیەکی درێژ و پڕخەرجە و ئەگەر عێراق بتوانێت ڕێگەیەکی وشکایی بدۆزێتەوە و هەمان ئەو نەوتە لە ڕێی دەریای ناوەڕاستەوە هەناردە بکات، لە لایەک بەشێک لە خەرجییەکانی لەکۆڵ دەبێتەوە و لە لایەکی تر لە بازاڕەکانی ئەوروپا نزیکتر دەبێتەوە و لە هەموو گرنگتر لە ئەگەری هەر کێشەیەک لە کەنداو، هیچ قەیرانێکی ئابووری بەرۆکی وڵاتەکە ناگرێت و سوود لە ئەلترناتیڤی دووەم وەردەگرێت.
هەڵسەنگاندنی ئەو پڕۆژەیە دەری دەخات کە هەرێمی کوردستان بۆ عێراق و ناوچەکە نەک مەترسی نییە بگرە دەرفەتی گەشەسەندنە و ئەم ڕۆژانە کە بەهۆی بڕیارێکی دادگای پاریس، تورکیا هەناردەی نەوتی کوردستان بە ڕەزامەندی عێراق گرێ داوە، دواجار عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ چارەیەکیان جگە لە ڕێککەوتن نییە و بگرە دۆخەکە ئەوە دەخوازێت، لە چەندان ڕەهەندی جیاوازتر پەرە بە بازرگانی و هەناردە و گواستنەوە بدەن.
ئەگەر هەر یەک لە تورکیا و عێراق لە پڕۆژەی ڕێگەی هەوریشم سوودێکی زۆر وەربگرن ئەوا هەرێمی کورستانیش بەهۆی ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت بە خێرایی گەشە بکات.
هەرچەندە ئەو پڕۆژەیە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و هێشتا بە فەرمی بڕێیاری جێبەجێکردنی نەدراوە بەڵام بۆ هەموو ئابووریی ناوچەکە بەسوودە و لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە ناوچەی کەنداو بە ناوچەی قەفقاز لە لایەک و ئەوروپا لە لایەکی تر گرێ دەدرێت. ڕێگەکە دەتوانێت ببێتە شادەمارێکی گرنگیش بۆ گواستنەوە گازی سروشتی لە ناوچەکەوە بۆ ئەوروپا.
هەرێمی کوردستان و عێراق ئێستە کۆمەڵێک کێشەیان هەیە کە دەکرێ بە گفتوگۆ و دانوستان چارە بکرێن، بۆ نموونە لە پرسی هەناردەی نەوت تەنیا ئەوە بەسە یاسای نەوت و گاز دەربکرێت بۆ ئەوەی هەر دوو لا ماف و ئەرکەکانی خۆیان بزانن و بە بەرچاوڕوونییەکی زیاترەوە لە سەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەنگاوەکانی داهاتوو بنێن کە گرنگترینیان دەکرێ کارکردن لەسەر پڕۆژەی جێبەجێکردنی ڕێگای هەوریشمی نوێ بێت.