ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاری دا ئەپلیکەیشنی تیکتۆک قەدەغە بکرێ لەسەر هەموو ئەو ئامێر و مۆبایلانەی کە ئەندامان و کارمەندەکانی ئەنجومەنەکە بەکاری دەهێنن.
بڕیاری قەدەغەکردنی تیکتۆک لەلایەن جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا دەرچوو، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە، بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کە کۆمپانیایەکی چینی خاوهندارێتی دەکات.
کۆمپانیای تیکتۆک کە کۆمپانیای تەکنەلۆژیای چینی بیت دانس خاوەنداریەتیی دەکات، کەوتووەتە ژێر چاودێری حکومەتەکانی ڕۆژئاواوە کە نیگەرانن لە ئاسایشی داتای بەکارهێنەران و ئەگەری بەکارهێنانی ئەپەکە بۆ بانگەشەکردنی بۆچوونەکانی لایەنگری چین.
فیل مێرفی، پارێزگاری ویلایەتی نیوجێرسی؛ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، قەدەغەکردنی تیکتۆک لە دامەزراوە حکومییەکان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی داتای بەکارهێنەرانە، کە ڕەنگە لەڕێگەی تیکتۆکەوە بگاتە حکومەتی چین.
مێرفی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی. بۆیە ئەو ڕێوشوێنە پێشوەختە و خۆپارێزیانەی ئەمڕۆ جێبەجێی دەکەین، دڵنیایی زانیارییەکانی خاوەنداری دەوڵەت مسۆگەر دەکات و دڵنیایی دەدات لەوەی کە ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەوڵەت یەکگرتووە بەرامبەر بەو کەسانی کە ڕەنگە هەوڵی دابەشکردنمان بدەن.
ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکان لە ئامریکا و بە وتەی ئەوان چین ئەم بەرنامەیە وەک تۆڕێکی هەواڵگری و سیخوڕی بەکاردەهێنێت.
بۆ یەکەمین جار ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ هۆشداری لەبارەی قەدەغەکردنی تیکتۆک دا لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو دواتر جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکاش بڕیاری دا دووبارە پێداچوونەوەیەک بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکات و سەرەنجام بڕیاری قەدەغەکردنی تیکتۆکی دەرکرد .