ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له گه‌ڕی ده‌یه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، زاخۆ له یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، یارییه‌كه كاتژمێر (2:00)ـی ئێواره به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یاریی ئه‌م دوو تیپه به‌یه‌كه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاوازی بۆ هانده‌رانی هه‌ردوو یانه هه‌یه، به‌ڵام یارییه‌كه له كاتێكدایه زاخۆ دۆخی له خوله‌كه له هه‌ولێر باشتره.
هه‌ولێر ئاماده‌كارییه‌كانی به راهێنه‌رایه‌تی تاریق جهرایی تونسی بۆ ئه‌م یارییه به كۆتاهێناوه، هه‌ردوو یاریزان شێركۆ كه‌ریمی هێرشبه‌ر و فرانكۆی پیشه‌گه‌ری ناوه‌ڕاستكار، له یارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و بۆ ئه‌م یارییه ئاماده‌ن، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی دیكه‌ی هه‌ولێر ئاماده‌ن، یاریزان شوان مامۆ، كه یاریی رابردوو پیكانی هه‌بوو، نه‌یتوانی به‌شداری له یاریی دژی نه‌فتی به‌سڕه بكات، بۆ ئه‌م یارییه ئاماده‌یه، بارزان شێرزادیش به هۆی كێشه‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر یارینهكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌یش ئاماده ده‌بێت.
تاریقی راهێنه‌ر، له زۆربه‌ی یارییه‌كان پشت به یاریزانی لاو ده‌به‌ستێ و متمانه‌ی زۆری به یاریزانه لاوه‌كان هه‌یه، به تایبه‌تی شاخه‌وان عه‌لی و عه‌بدولقادر ئه‌یوب، كه ئه‌م دوو یاریزانه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق به‌شداری پاڵه‌وانێتی لاوانی رۆژئاوای ئاسایا له شاری به‌سڕه ده‌كه‌ن، بۆیه له توانای ئه‌م دوو یاریزانه بێبه‌ش ده‌بێ.
راهێنه‌ره تونسییه‌كه له یارییه‌كان به پلانی (3-5-2) یاریی ده‌كات، به‌ڵام تا ئێسته ته‌نها یه‌ك یاریی به‌مشێوازه بردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستبه‌رداری ئه‌م پلانه‌ی یاریكردنی خۆی نابێت.
هه‌ولێر له كۆی 9 یاریی رابردووی له خوله‌كه، ته‌نها 7 خاڵی هه‌یه و له خانه‌ی چوارده‌یه‌م دێت، ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌ی هه‌یه، 7 گۆڵی كردووه، 11 گۆڵی لێ كراوه، له كۆی 10 یاریی رابردووی له‌گه‌ڵ یانه‌ی زاخۆ زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا 3 بردنه‌وه‌ی تۆماركردووه، زاخۆش 2 یاریی بردووه‌ته‌وه، له 6 یارییش یه‌كسانه بوونه.
زاخۆ ئه‌م وه‌رزه له هه‌ولێر باشتره، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه به هۆی كه‌له‌كه‌بوونی كارتی زه‌رده‌وه، له تواناكانی ئه‌مجه‌د وه‌لید و كایكی ئۆلیڤێرا، بێبه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام عه‌بدولوه‌هاب ئه‌بولهێلی راهێنه‌ر كۆمه‌ڵێ یاریزانی وه‌ك كارتی شوێنگره‌وه له‌به‌ر ده‌سته، تا كێشه‌ی یاریی نه‌كردنی ئه‌م دوو یاریزانه‌ی پێ چاره‌سه‌ر بكات، زاخۆ له 9 یاریی رابردووی خاوه‌نی 4 بردنه‌وه و 3 یه‌كسان و 2 دۆڕانه، به 15 خاڵ له هه‌گبه‌كه‌ی له خانه‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندی دێت.
یانه‌ی شورته به كۆكردنه‌وه‌ی 25 خاڵ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ی گرتووه، یانه‌ی سامه‌راش به 3 خاڵ له كۆتا ریزبه‌ندی خوله‌كه دێت، ته‌نها یانه‌ی سامه‌ڕا هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی له خوله‌كه تۆمارنه‌كردووه، یانه‌كانی شورته و نه‌فتی به‌سڕه به 17 گۆڵ خاوه‌نی زۆرترین گۆڵن له خوله‌كه، یانه‌ی كه‌رخیش به 4 گۆڵ كه‌مترین رێژه‌ی گۆڵكردنی له خوله‌كه تۆماركردووه، یانه‌ی دیوانییه‌ش به 16 گۆڵ زۆرترین جار تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی هه‌ژێنراوه.
له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراقی سێ یانه له كوردستان به‌شدارن، ئه‌وانیش نه‌ورۆز و هه‌ولێر و زاخۆن، یانه‌ی زاخۆ تا ئێسته ئاستی له دوو تیپه‌كه‌ی دیكه باشتره، به‌ڵام یانه‌كانی شورته و قوه‌ی جه‌ویه و زه‌ورا ململانێیه‌كی تووند له‌سه‌ر نازناوه‌كه ده‌كه‌ن.
یاریزان مه‌حموود مه‌واس له یانه‌ی شورته و له‌واری ته‌ویڵ، له یانه‌ی زه‌ورا به 5 گۆڵ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌ن، شافیۆ مامۆنی به 3 گۆڵ گۆڵكه‌ری ئێسته‌ی یانه‌ی هه‌ولێره، محه‌مه‌د جه‌واد به 2 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی زاخۆیه.