بەربەستێكی گەورەی ئاو، كونێك یا درزێكی تێكەوێ لە ماوەیەكدا توانای ئەو تەوژمە زۆرەی هەزاران یان ملیۆنەها مەتری سێ سووچەی ئاوەكە نییە و سەرەنجام دادەهەڕووژێ.
ڕژێمی شایەتی لە عێراق ڕووخابوو، تەواوی دەقەكان هاڕابوون بەسەر یەكدا. هیچ موعادەلەیەك وەك خۆی نەمابوویەوە، لە هەرایەكی تێكەڵ و پێكەڵ نەبێ، هیچی تر جێگەی نەگرتبوویەوە، وشەی ئازادی بووبووە ئاگر و وشك و تەڕی وەك یەك دەسووتاند. لوكوموتیڤی حزبی شیوعی عێراقی كەوتبووە گڕ و بە هەر كوێدا بڕۆیشتایە گڕی تێبەر دەدا، جگە لە ڕەشبگیرییەكەی، پڕ لە كینە و تۆڵەسەندنەوەی، پڕ لە هەرای پڕۆلیتاریای یاسا و ڕێسایەك بەدی نەدەكرا، فكری لێكەرەوە كابرایەكی نەخوێندەواری بێ بەهرەی دوێنێ پارچەیەك سووریان وەك بازیوەن لە قۆڵی بەسراوە، كراوەتە پێشقەڕەوڵی جێگەیەك و ژمارەیەك لەبیرچووی دوێنێی وەك خۆی بە دواوەیە، بەناوی ئازادییەوە ئەوی بیەوێت دەیكات، بۆشی دەچێتە سەر، دەبێ چ بیگرە و بەردەیەك بناتەوە؟
ئیتر هەراكە هەموو جێگر بوو مەستانە ڕەفتار و شێتانە كردار، تەواوی كونوقوژبنی عێراقی گردبوویەوە. ئەوی تا دوێنێ ناسرابوو، چارە و پاراستنی لە نەناسراویدا بوو.
زۆر كەس جێگە و شوێنی پێ لەق كرابوو، بە ناچار پەنایان بردە بەر شارەكان، بنەماڵەی ئێمەیش یەكێك بوو لەو جێلەقكراوانە، سەرەتا دوو ساڵ لە شاری خانەقیندا بووین، بابم لە ڕووی كۆنە دۆستە سوورەكانیەوە توانی خانوویەكی دەوڵەتی بۆ دابین بكرێت و گوێزامانەوە بۆ شاری بەغدا، لە ناوەندی ” مەئموون”دا ناوم نووسی. لە هەمان كاتدا ئەندامی یەكێتیی قوتابییانی كوردستان بووم و لە مێژدا لە ڕێكخراوێكی لاوانی كوردستاندا ناونووسیم كردبوو، قوتابخانەی مەئموون لە من زیاتر كوردێكی تیادا نەبوو. گەرەكی مەئموون و دەور و بەرەكەی زۆتری جووڵانەوەی سیاسی بە دەست دەمارگرژانی عەرەبی و بەعسەوە بوو.
پۆلی سێهەم، دوو بەش بوو، كوڕێكی بچكۆڵانەی ڕەشتاڵەی مووڕەش هەر كات لە ساحەیدا منی دەدیت، پەلارێكی دەگرتە كورد و وتەی ناشیرینی بە كورد دەوت. لەوێدا یەشتا چاو و گوێم نەدڕی بوویەوە، خۆم لەو هەرا و كێشە بە دوور دەخست… ئیدی لە مانگی سێهەم بە دواوە بە دەوروبەرەكە ئاشنا بووم، ئەو كوڕە زەردەڵە ڕەش داگەڕاوە لە وتەی ناشرین بە كوردا بەردەوام بوو… ڕۆژێك دووسێ كەسی لەگەڵدا بوو، لە گۆڕەپانی قوتابخانەكەیدا دیسان یەخەی پێگرتم و وتی:
هێی كوردە! دەزانی ئێوە ئەگەر بوونە بە خاوەنی ئاڵا، ئاڵاكەتان چی دەبێ و چۆن دەبێت، هەر دەبێ فڵچەیەكی قۆنەرەی بۆیاخكردن لە ناو ئاڵەكەتاندا بنەخشێنین.
ئیدی پێوە نەمابوو، خەریك دەبوو دەستەمۆ كرێم، لە یەكم دایەوە ئەوپەڕی ئەوەیە ئەم ناوە بەجێبهێڵم، ئەو دەم بازووڵەم لە هێلكە قازێك گەورەتر بوو، فتبۆڵم دەكرد. ماندوونەناس بووم، بە كوڕەم وت: چیت وت دووبارەی كەرەوە.
وتی: خۆمە كەڕیشە نەمهێڵا دووبارەی كاتەوە.
لێی وەستام، مشتێكی چەكووشئاسام ماڵییە دەمولووتیا وەكوو تۆپ چوار مەتر لەولاوە كەوت. خوێن ئاوڵ تەختی زەوی بوو. دوو هاوڕێكەی پەلاماریان دام، ئەوانیشم دەمولچ هەڵئاوساند. ئەو شەڕە لە پڕێ، كردمیە كوڕێ. لەو مەدرەسەیدا كوڕە ناوی عەبدولغەنی عەبدولغەفوور بوو، بەرۆكی سووربوو لە خوێنا، هەڵساو وتی: سبەینێ خۆت دەبینی چیت پێ دەكەم!
دەستم بۆ ناو گەڵم برد و وتم:
سبەینێ دەیگری!
سەیارەیەكی جێبی فریشقەم بەلاوە بوو، جێبەكە “وێڵس”ی ئەمریكی بوو، با ڕاستگۆ بم. هی من نەبوو هی خاڵۆ مستەفا بەگ بوو، ئەو بە شاخەوەبوو، بۆ ئەوەی دەوڵەت سەیارەكەی نەبات هێنابوویانە ماڵی ئێمە، نە چادری هەبوو، نە جامی پێشەوە، خۆ وەڵا پاتریشی نەبوو، پاترییەكی نیو داشم پەیدا كرد و دیسانەوە خستمەوە گڕ، ئیدی جاروباریش دەچوو بە قینا، حەزرەتی غەوس نەیدەخستە ئیش.
بەو سەیارە دەڕۆیشم بۆ قوتابخانە، بە سبەینێدا جێبە سەوزەكەم خستەگڕ و ڕۆیشتم بۆ مەدرەسە، لە پێش مەدرەسەیدا چاڵێك كەنرابوو، بۆ بۆڕی زل و زەلامی ئاو، خۆڵی چاڵەكە لە تەنیشتییەوە بوو بە تەپەیەك، خۆڵەكە لە مێژدا هەڵكەنرابوو، سفتی سفت بوو، نەكا جێبەسەوز نامەردی بكات و نەكەوێتە ئیش، بۆیە دوا بە دوا جێبەسەوزم بردە سەر تەپەتا هەر گلی كەمەوە بكەوێتە ئیش لەگەڵ خۆما گالۆكێكم هێنابوو لە پیرە داربەڕووی هەورامان قورئان بە هەقت لەگات بدایە تەختی دەكرد.
زەنگ لێی دا و ڕۆیشتمە پۆلەوە، مودیر ناردی بە دواما و دەربارەی شەڕەكە پرسی.. وەك خۆی بۆم گێڕایەوە.
وتی: كوڕم دەزانم خەتای تۆ نەبووە، بكۆشە خۆت لەشەڕ بپارێزیت.
دوای جەڕەسی مەڕەخەسی لێدرا، ترسی ئەوەم هەبوو گەلەكۆمەم لێ بكەن، دەرقەتی سێ و چوار دەهاتم، خواخوام بوو بگەمە پیرە گالۆك.
لەسەرخۆ چوومە دەرێ و لە تەنیشت جێبەسەوزەوە، گۆپاڵ بەدەست ڕاوەستام، هاوكڵاسەكانم دەیانزانی ئامادەی شەڕم كەس نەهاتە پێشەوە.
هەفتەیەك و دوو هەفتەیەك گوزەرا، عەبدولغەنی عەبدولغەفوور فزەیەكی لە دەمەوە نەهاتە دەر.
بیستوپێنج ساڵ گوزەرا، بیست ساڵی لە دەرەوە بووم و ئیتر پێشمەرگایەتی و دەربەدەری و بێوەتەنی لە ڕووی بنبەستی سیاسییەوە، ناچار كرام بگەڕێمەوە بەغدا. ئیدی لە بەغدایدا مەكتەبێكی تەلارسازیم كردەوە و بەوەی دەژیام.
مەلایەكی جافی لای ئێمە ناسرابوو بە مەلا بزمار، هەر كارێكی هەبوایە وەك بزمار دەچەسپا و بە قودرەتی قادریش دەستبەردار نەدەبوو. مەلا بزمار یەخەی پێ گرتم تا بمبا بۆ لای وەزیری ئەوقاف، هەرچی وتم وەڵا من ئەو كابرایە ناناسم، بێ سوود بوو.
داوام كرد وەزیر ببینم، من نازانم تمەز وەزیری ئەوقاف هەمان عەبدولغەنی عەبدولغەفوورە، ناوی منیان بردووەتە لای، یەكسەر كاتی بۆ داناوم.
ئیدی ئەوە مەلام بە دواوەیە، ڕۆیشتمە ژووری وەزیرەوە كە دیم ناسیمەوە، وەزیر هەر من چوومە ژوورەوە لە پشتی مێزەكەی وەدەر هاتبوو، بە دەنگی بەرز دەیوت: حەیاحەی! بزانە كێ هاتووەتە بەردەستم!
ئێستا چیت پێ بكەم؟
وتم: ناتوانی. وتی: چۆن ناتوانم؟
وتم: هەرچییەكم لێ بكەیت سبەی هەزار كەس لە عەشیرەتی جاف دەڕۆنە بەر قەسری جەمهووری بۆ شكات لە تۆ… هەرچییەكم لێ بكەیت گرانت بۆ تەواو دەبێت.
وتی: گاڵتەت لەگەڵ دەكەم، بەڵام ئێشی ئەو مشتەم ئێسایش لەبیرە….
لەوەی گەڕێ، ئەمرت بە چییە تا بكەم؟
وتم: گرفتی مەلا بزمارم پێ وت، هەر لەوێدا كارەكەی ئەنجام دا، وتی: یەكێك لە موقابەلە تەلەفیزیۆنییەكانتم دیوە، خۆشحاڵم كە بووی بە تەلارساز.
هەر ئەو كابرایە بوو بە ئەندامی مەجلیسی قیادەی سەورە و لە دوای هەڕووژان دادگا حوكمی ئیعدامی بە سەردادرا و ئیعدام كرا.