ماكوان عێزەت – ههولێر
هۆكارەكانی نەخۆشكەوتنی گورچیلە زۆرن؛ گورچیلە یەکێکە لە پێنج ئەندامە سەرەکیەکه لەشمان؛ گرنگن بۆ بەردەوامی ژیانمان و ژیان بەبێ گورچیلە ناچێتە سەر.
لەکارکەوتنی گورچیلە لە جێبەجێكردنی کاری سروشتی گرفتێکی گەورە دروست دەکات، چونکە بەهۆی ئەو پەككەوتنەوە توانای ئەوەی نامێنێت پاشەڕۆ دەر بداتە دەرەوە.
د. هیوا چۆمانی دکتۆرا لە نەشتەرگەری گورچیلە، میزەڕۆ و پرۆستات جەخت دەكاتەوە كە راستە لە کوردستان ئاماری ورد لەسەر هۆكاری پەككەوتنی گورچیلە بەردەست نییە، بە گوێرەی لێكدانەوە بۆیان ڕوون بووەتەوە كە لەکارکەوتنی گورچیلە رووەو هەڵکشان دەڕوات و ئەم بابەتە گەنجانیش لێی بەدەر نین.
د. هیوا چۆمانی ڕوونی دەكاتەوە كە: لە ساڵی 2010، رێژەی تووشبوون بە پەککەوتنی گورچیلە لە جیهان 13٪ بووە لە تەمەنی 30 ساڵان و زیاتر، لە 2020 گەیشتۆتە 15٪، پێشبینی ئەکرێت تا 2030 بگات بە نزیکەی 17٪.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەربارەی گرنگترین هۆکارەکانی پەککەوتنی گورچیلە لە چەند خاڵێگدا دەیانخاتە ڕوو:
ـ شەکرەی کۆنترۆڵنەکراو؛
ـ بەرزەفشاری کۆنترۆڵنەکراوی خوێن؛
ـ نەخۆشی بۆریە خوێنەکانی دڵ؛
ـ چارەسەرنەکردنی بەردە مەترسیدارەکانی گورچیلە و میزەڕۆ؛
ـ چارەسەرنەکردنی گەورەبوونی پرۆستات و شێرپەنجەکەی پرۆستات؛
ـ دەرمانخواردن بە هەڕەمەکی؛ بە تایبەتی ئازارشکێنەکان و دژە بەکتریاکان؛
ـ خواردن و خواردنەوەی ناتەندروست، بەتایبەت خوێ و خواردنەوە کحولی و وزەبەخش و گازییەکان؛
ـ هۆکارە بۆماوەییەکان، وەک: بەکیسبوونی گورچیلە؛
ـ گرێی میزەڕۆ و میزڵدان و شەلەلی میزڵدان؛
ـ قەڵەوی و پاشهاتەکانی و جگەرەکێشان؛
ـ هۆکاری نەزانراو.
لە كۆتاییدا د. هیوا چۆمانی ئامۆژگاریی بۆ خەڵك هەیە كە هەموو ئەو هۆکارانە پێچەوانە بکەنەوە، تا دوور بن لەو نەخۆشییە کوشندەیە.