چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

(ڕازی پــــــــــاریس) چیرۆکێک لە دڵی شەڕی جیهانی دووهەمەوە

(ڕازی پاریس ـ The Paris Secret) ڕۆمانێکی ئاشقانەیە، (لیلی گراهام ـ Lily Graham) نووسیویەتی؛ لە جەرگەی شەڕی جیهانیی دووەمەوە، باسی چیرۆکێک دەکات کە مرۆڤ لەگەڵ خۆی دەبات و خوێنەری کوردی دەخاتەوە بیری هەندێک چیرۆکی تازەڕووداوی کۆمەڵگەی کوردی.

ئەم کتێبە کە لە گرووپی پڕفرۆشترین کتێبەکانی ماڵپەڕی ئەمازۆن و پڕخوێنەرترین ڕۆمانە، تیایدا باسی کتێبفرۆشییەک دەکات لە نێو پاریس کە پیاوێکی ڕەنجدیتوو بە ناوی “وێنسێنت دۆپۆن” خاونیەتی. 

ئەم کتێبفرۆشە، نەوەکەی خۆی پاش زیاتر لە ١٧ ساڵ دوای شەڕی جیهانی دووەم و داگیرکرانی پاریس لە لایەن نازییەکانەوە دەبینێتەوە. کچێک بە ناوی (ڤالێری) کە لە بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی تا ئەندامێکی بنەماڵەکەی ببینێتەوە کە تەنیا بەجێماوی شەڕە لەو بنەماڵەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی هەقیقەتی تاڵ دەبێتەوە کە دڵی خوێنەر توند دەکات.

ڤالێریا لە نێو شەمەندەفەرێکدا لە بەریتانیاوە بەرەو پاریس بەڕێ دەکەوێت و لە ڕێگەدا چیرۆکەکەی بۆ کچێکی لاو دەگێڕێتەوە. ڤالێریا دەگێڕێتەوە کە لە تەمەنی سێ ساڵی و لە کاتی شەڕی جیهانی دووەم و داگیرکردنی پاریس لە لایەن نازییەکان، لەگەڵ پوورێکی، پاریس جێ دەھێڵێت و ڕوودەکاتە بەریتانیا و لەوێ گەورە دەبێت و دواجار دەزانێت کە باپیری زیندووە و لە پاریس کتێبفرۆشییەکی هەیە. ڕێکلامی وەرگرتنی فەرمانبەرێک لەو کتێبفرۆشییە بە مووچەیەکی کەم و ژوورێک و چادانێکی نوێ لە ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە و نامەیەک دەنێرێت بۆ باپیری کە ئەو ئامادەیە لەوێ کار بکات و ئەویش قبوڵی دەکات و بەم شێوەیە دەست بە سەفەرەکەی دەکات بۆ پاریس.

ڤالێریا کە دەگاتە پاریس، لەگەڵ باپیرەی و هاوڕێیەکی پیری دایکی کە جوولەکە بووە و کاتی خۆی (مێری)ـی دایکی ڕزگاری دەکات و دەینێرێت بۆ ئیسپانیا تا لە دەستی نازییەکان ڕزگاری بێت، حەقیقەتی دوورخستنەوەی خۆی لە ماڵی باپیرەی بۆ دەردەکەوێت.

ڤالێریا حەز دەکات بزانێت چی بەسەر دایک و باوکی هاتووە، بەڵام باپیرەی ئەم نهێنییەی کە تا ئێستا لێی شاردووەتەوە، دووبارە هەوڵی ئەوە دەدات هیچ بە کچێک نەڵێت کە بۆ ئەو غەریبەیە و نایناسێت.

کتێبی ڕازی پاریس کە چیرۆکەکەی بۆ ساڵی ١٩٦٢ دەگەڕێتەوە، باسی داگیرکاری نازییەکان دەکات لە پاریس، ئەو دەمەی کە ئەفسەرێکی نازی گێچەڵ دەفرۆشێتە کتێبفرۆشییەکەی باپیری ڤالێری و، هەوڵ دەدات دایکی ڤالێری بۆ خۆی ڕاکێشێت و لاقەی بکات (دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری)، بەڵام لە ڕێگەی باپیری و پزیشکێکی نازی ڕزگار دەکرێت. دواجار و بۆ بەدەستکەوتنی خواردن و ڕزگاربوون لە دەستی ئەو ئەفسەرە نازییە خراپەکارە، ناچار شوو بە پزیشکە نازییەکە دەکات و ڤالێریایان لەدایک دەبێت.

کە ڤالێریا دەبێتە سێ ساڵان، ئەفسەرە خراپەکارەکەی نازی هەم پزیشکە نازییەکە و هەم مێری دایکی دەکوژێت و هەم خۆیشی دەکوژرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی کە منداڵانی نازی هەروەک منداڵانی ئێستای داعشییەکان بێزراو بوون و بە بێچووە تاوانباران دەناسران، ناچار باپیری لە ڕێگەی پوورییەوە ڤالێریا دەنێرێت بۆ بەریتانیا تا پارێزراو بێت لە دەستی نازییەکان.

لەم کتێبەدا گفتوگۆیەکی زۆر لە نێوان ڤالێریا و باپیرەی لەسەر نووسەرانی بەریتانی و فەڕەنسی دێتە گۆڕێ و مشتومڕی زۆر لەسەر ئەدەبیات و کتێب دەکەن.

چەن پارچەیەکی کتێبی ڕازی پاریس:

ڤالێری، سەرلێشێواو دەموچاوی تێک نا و پەرداخەکەی لە بن لووتی ڕاگرت. 

“بەڕێز دۆپۆنت ئەمە چاییە؟”

دۆپۆنت شانێکی هەڵتەکاند؛ “بەڵێ، تکایە دەنگەدەنگی ناوێ!”

ڤالێری چاوێکی لە چاکە کرد و دواتر چاوی لە دۆپۆنت بڕی.

مۆسیۆ دۆپۆنت لەبارەی چا، تیۆری خۆی هەبوو. زیاتر لە هەر شتێک بڕوای وابوو کە چا شتێکی بێمانایە و بۆگەنییە، هەربۆیە بە هیچ شێوەیەک لە ماڵەکەی خۆی نەیدەهێشتەوە. ڤالێری تەماشایەکی پسکیتەکانی کرد و بە سەرسڕمانەوە سەری ڕاوەشاند. ئەمانە هەمان ئەو پسکیتە تایبەتانەی چا بوون، ڕێک وەک چەتر کە بەریتانی بوو. 

بە دڵنیاییەوە ئەمانە لەو مۆدێل شتانە نەبوون کە دۆپۆنت هەردەم بۆ خۆی دەیکڕین. بە دڵنیاییەوە چووەتە دووکانێکی تایبەت تا ئەم پسکیتە تایبەتانە بکرێت، هەرچەندە ڤالێری بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی بهێنێتە پێش چاوی کە بە ڕاستی لە کوێی پاریس ئەم شتانە دەفرۆشن.

بەڕێز دۆپۆنت ئەم کارەی تایبەت بۆ ئەو کردبوو، چونکە تێگەیشتبوو کە دڵی گیراوە و نیگەرانە.

دۆپۆنت..

فرمێسک لە چاوەکانی ڤالێریا گلێر بوونەوە. زیاتر لەوەی کە بتوانێت قسەیەک بکات کەوتبووە ژێر کاریگەرییەوە، بەڵام دەیزانی بەڕێز دۆپۆنت ئەم جۆرە هەستانەی زۆر بە لاوە گرنگ نییە و کەیفی پێ نایێت، بۆیە تەنیا گوتی: “زۆر سوپاس”، پاشان قەپاڵتێکی لە پارچە پسکیتێک گرت و دڵێکی تازە کردەوە و لووتی هەڵکێشا.

کاتێک بەڕێز دۆپۆنت، بە لۆقەلۆق بەرەو مێزەکەی دەگەڕایەوە، ڤالێری گوتی: “دەبینی کە ئەم پشیلە بەدبەختەیش لەبەر زەوقە تۆقێنەرەکەتان لە ئەدەبیات، لێتان بێهیوا بووە.. بە (سیدۆنی گابریێل کۆڵیت ـ Colette )ـتان گوت ڕاوەڕاوکەر.. بیرتان نەچێت ئەم پشیلەیەش فەرەنساییە”.

دەربارەی نووسەر:

لیلی گراهام، لە ئەفریقای باشوور گەورە بووە. ئەو بەر لە نووسین، خەریکی کاری ڕۆژنامەنووسی بووە. گراهام تاوەکو ئەمڕۆ شەش ڕۆمانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە؛ (The Paris Secret) و (The Island Villa) بەناوبانگن.