سلێمان تاشان – ههولێر
ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە و دواین ئامارەکان پێشبینی دەکەن ئەگەر هەر بەو شێوەیە گەشە بکات، ئەوا تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووان بەراورد بە ئێستا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە. ئامارەکان ئەو پێویستییەیان هێناوەتە کایەوە بۆ دەستنیشانکردنی دەرفەت و لەمپەرەکان و دۆزینەوەی پلانی گونجاو بۆ داهاتوو هەر چی زووە سەرژمێری بکرێت و پلانی گەشەسەندن دابڕێژرێت، ئەگەرنا، قەیرانێکی تر دێتە پاڵ قەیرانەکانی عێراق.
دواین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەری دەخات ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە ٤٢٢٤٨٨٨٣ کەس و ژمارەی دانیشتووان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە رێژەی ٢.٥% زیادی کردووە.
عەبدولزوهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پێشتر ئاشکرای کردبوو کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بریتییە لە چل و یەک ملیۆن سەد و هەشتا هەزار کەس. بەو پێیە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق دە ملیۆن و پەنجا و هەشت هەزار و هەشتا و سێ کەس زیادی کردووە و تێکڕای گەشەی دانیشتووان لە ساڵێکدا سەرووی ملیۆنێک بووە و بە ڕێژەی ٢.٥٧% زیادی کردووە.
ئەگەر گەشەی دانیشتووانی عێراق هەر بەو ڕێژەیە بەردەوام بێت ئەوا تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە هەشتا ملیۆن کەس.
پێویستە بگوترێ ژمارەی دانیشتووان بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە بەڵام لە عێراق هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجیی بۆ داهاتووی ئەو حەشیمەتە نییە و تەنانەت زیاتر لە دوو دەیەیە هیچ جۆرە سەرژمێرییەک نەکراوە.
ئابووریناسان بە پێویستی دەزانن هەرچی زووە بۆ دەستنیشانکردنی داتای ڕاستەقینەی ڕێژەکانی بێکاری، هەژاری، هەلی کار، دانیشتووانی چالاکی بازاڕ، پەروەردە، تەندروستی، تەمەن، خوێندەواری و بوارەکانی تر سەرژمێری بکرێت.
دۆکتۆر ئەمجەد ڕابی، بەرپرسی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، لە کۆنفرانسێکدا کە لە لایەن وەزارەتی پلاندانان لە بواری بازاڕی کاری عێراق ڕێکخراوە، دەڵێت عێراق لە قۆناغی یەکەمی کرانەوەی دەرفەتەکانی ئابوورییە بەڵام لەبەر بێتوانایی لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ نەیتوانیوە سوود لەو ژمارە زۆرە گەنجە وەربگرێت کە لە زانکۆکان دەردەچن و دەیانەوێت لە ئابوری و بازاڕدا ڕۆڵ بگێڕن.
جگە لەمە کێشەیەکی تر ئەوەیە بەشێکی زۆر لەو گەنجانەی دێنە نێو بازاڕی کار بڕوانامەی پێویستی خوێندنیان نییە و بە پێی دواین ئامارەکان ٥١%ی پیاوان و ٤٥%ی کچان دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی، لە قۆناغی ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدەن. هەر بە پێی ئامارەکان ٦٥% لە دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ٦٥ ساڵدایە کە لە بازاڕدا کار دەکەن و تەنیا ٣% لە دانیشتووان تەمەنیان سەرووی ٦٥ ساڵە.
پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان پەروەردە و خوێندنی باڵا و پاشان بازاڕی کاردا هەیە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت توانای گەنجان لەم ڕووەوە بەرز بکرێتەوە و پاشان بە ڕێکاری گونجاو بخرێنە بازاڕی کارەوە.
کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهان کۆمەڵگەیەکی گەنجە، بۆیە ئەگەر ستراتیجییەکی بەهێز و پلانێکی تۆکمەی گەشەپێدان هەبێت ئەوا زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی بە خێرایی بەرەو پێش بچێت. کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە پشت بە فرۆشتنی نەوتی خاو بەستراوە و زۆربەی داهاتەکان لەو کەرتە دابین دەکرێن لە کاتێکدا نەوت هەتا سەر نامێنێ و ڕۆژێک دێت ئەو نەوتە تەواو دەبێت یان بە هەر هۆیەک تووشی کێشە دەبێت، یان نرخی دادەبەزێت وەک ئەوەی لە سەردەمی کۆرۆنادا ڕوویدا.
جێی باسە دۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەرفەتی کار و ئاستی خوێندەواری و توانا مرۆییەکان لە عێراق زۆر باشترە، جگە لەمە، بەستێنی گەشەسەندن لە سەرجەم کەرتەکانی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و بواری تری کەرتی تایبەت بەهێزە، بۆ ئەوەی بتوانرێ پلانی پێویست و گونجاو بۆ ئەو ژمارە زۆرە گەنجە دابنرێ کە لە زانکۆکان دەردەچن یا دێنە نێو بازاڕەکانی کارەوە.
زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان ئەگەر لەسەر بنەمای پلانی گەشەکردن نەبێت، ئەوا مەترسی هەیە لە دەرفەتەوە بۆ قەیران بگۆڕدرێت و بچێتە پاڵ قەیرانەکانی تر، پەیامێک کە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بە بایەخەوە تێی بڕوانن.