پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا راگەیاند، کەمێك پێش ئێستا کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هات.

پێشتریش شاندەکە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و گفتوگۆیان له‌باره‌ی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی ژووری بازرگانی پاریس سه‌باره‌ت به‌ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت لەرێگه‌ی توركیاوه‌ كرد.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا میكانزیم و پێشهاته‌ نوێیه‌كان بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای پاریس تاوتوێكران.
شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەسەر راسپارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا پێكهاتوون.
رۆژی شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، رۆژی یەکشەممە تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بدەن.