عەرەب و تورکمانەکان نایانەوێت ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بکرێت، لە کاتێکدا لایەنی کوردی داوای ھەڵبژاردن دەکات؛ بەتایبەتی لە کەرکووک، کە ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو شارە نەکراوە، ئەوەش بەشێک لەو کێشانەی دروستکردووە کە ئێستە لە پارێزگاکەدا ھەن. محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لە دیدارێکدا دەڵێت: عەرەب و تورکمانەکان دەزانن ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ھەم ژمارەی کورسییەکانیان کەم دەبێتەوە، ھەمیش ئەو پۆستانەی بە زۆر وەریان گرتووە، لە دەست دەدەن، بۆیە ھەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن نەکرێت.
بەھۆی ڕاگواستنی کورد لەسەردەمی ڕژێمی بەعس و شێواندنی جوگرافیای ئیداری پارێزگای کەرکووک، بەشێک لە دەنگدەرانی کورد، ناسنامەیان هی ئەو شوێنانەیە کە دەستکاری کراوە و لە پارێزگاکە جیاکراونەتەوە، بەڵام نیشتەجێی کەرکووکن و فۆرمی خۆراکیان ھەر لە پارێزگاکەیە. ھەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک بە توندییاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕەت دەکەنەوە. گومان دەکرێت، نیگەرانی و ناڕەزایی ئەمجارەی تورکمان و عەرەب بۆ ئەوە بێت لێ نەگەڕێن جارێکی دیکە ھەڵبژاردن بکرێت؛ داواش لە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان دەکەن ماددەی ٣٥ بخەنە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە و بەکارھێنانی کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراک لە دانانی تۆماری دەنگدەران بکەنە مەرج. ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە، لەبەر ئەوەی ھەموو جار کەرکووکیان لەیاسای ھەڵبژاردنەکان بێبەش دەکرد و مافی دەنگدەریان پێشێل دەکرد. دواجار دادگای فیدراڵی خاڵی یەکەم و دووەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەڵوەشاندەوە کە تایبەت بوو بە کەرکووک، لە ئەگەری جێبەجێ کردنی مەرجی لایەنی عەرەبی و تورکمانی زیاتر لە ٤٠ ھەزار دەنگدەری کورد لە دەنگدان بێبەش دەکرێن.
*بۆچی عەرەب و تورکمانەکانیاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانڕەت دەکەنەوە؟
-لە ٢٠٠٥ـەوە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە، تورکمان و عەرەب ئامانجیان ئەوەیە ھەڵبژاردن نەکرێت، چونکە دەزانن ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ژمارەی کورسییەکانیان کەم دەبێتەوە، بەوەش ئەو پۆستانەی کە بە زۆر وەریان گرتووە، لە دەست دەدەن.
*عەرەب و تورکمانەکان چییان دەوێت؟
-پێکهاتەی عەرەب و تورکمان دەیانەوێت پۆستەکان لە نێوان ھەر سێ پێکهاتەی کورد، عەرەب و تورکمان دابەشبکرێن و ھەریەکەیان ٣٢% ی پۆستەکانیان پێ بدرێت، ئەوە داواکاری ئەوانە، ئێمەش وەکو کورد ئەو داوایە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ڕێژەی تورکمان لە کەرکووک ناگاتە ١٥%ـە، چۆن ٣٢%ـی پۆستەکانیان بەردەکەوێت؟ تورکمانەکان دڵنیان ناتوانن ئەوەندە کورسی ببەن کە پارێزگار ببێتە بەشی ئەوان، عەرەبیش بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری بە دەستەوەیە، دەیانەوێت ئەو دۆخە وەکو خۆی بمێنێتەوە و دەستیان بڕوات، بۆیە بەردەوام کێشە دروست دەکەن و نایەوێت ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
*کەواتە کەی پارتی دەگەڕێتەوە کەرکووک؟
- پارتی دەگەڕێتەوە شارەکە، بەڵام تا ئێستە حەشد لەناو بارەگاکاندایە و داگیری کردوون، لەناو شاریشدا ماونەتەوە. ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، دەبێت بارەگاکانی پارتی و حیزبەکانی دیکەش کە داگیر کراون، چۆڵ بکرێن، چونکە ئەگەر لەناو جەماوەری خۆت بی ھەڵبژاردن ئاسانتر دەبێت، خەڵکیش داوای گەڕانەوەی پارتی دەکەن.
- کەواتە ئێستە بارودۆخی کەرکووک چۆنە؟
- بارودۆخی کەرکووک ئارام نییە و پێویستە ئاسایی بکرێتەوە، ھەروەها ئەو ھێزانەش کە لە خیانەتی1٦ ئۆکتۆبەر بۆ داگیرکردنی کەرکووک ھێنران دەبێت لە شارەکە نەمێنن، لە کاتێکدا بارودۆخی کەرکووک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر باش بوو، پارێزگار کورد بوو، بەڕێوەبەری زۆربەی فەرمانگەکان کورد بوون، بەڵام ئێستە بارودۆخەکە بەشێوەیەکی دیکەیە. زۆربەی بەڕێوەبەرە کوردەکان دەرکراون، پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە دژی کورد بڕیار دەدات، کورد دەربەدەر دەکات و لێ ناگەڕێ کاری خۆیان بکەن و کار بۆ چینێک دەکات و ئەوانی دیکەی بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە.