سلێمان تاشان – ههولێر
بەپێی دواین ئاماری مارەبڕین و لێک جیابوونەوە یان تەڵاق کە هەفتەی رابردوو لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە حاڵەتەکانی جیابوونەوە یان تەڵاق لە کوردستان ساڵ بە ساڵ بە خێرایی ڕووی لە هەڵکشانە، بەڵام ڕێژەی هاوسەرگیری وەک پێویست هەڵناکشێت و تەنانەت لە هەندێک پارێزگا لە دابەزیندایە و بۆیەش دۆخەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتی بە مەترسیدار هەژمار دەکرێ ئەگەر ئاوڕی جیددی لێ نەدرێتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ٥٥٨٩٦ حاڵەتی مارەبڕین تۆمار کراوە بەڵام هەر لەو ساڵەدا ١٣٩٦٧ حاڵەتی جیابوونەوە یان تەڵاق ڕووی داوە. زۆرترین حاڵەتی مارەبڕین لە سلێمانی تۆمار کراوە کە ژمارەکە ٢١١٦٤ مارەبڕینە و دواتر هەولێر بە ١٩٠١٩ حاڵەت و دهۆک بە ١٢٩٦٧ حاڵەت و کەرکووک\گەرمیانیش بە ٢٧٦٤ حاڵەتی مارەبڕین دێت.
لە حاڵەتەکانی لێک جیابوونەوە، هەولێر لە ڕیزبەندی یەکەمدا دێت و بە پێی ئامارەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای هەولێر ٥٦٤٥ خێزان لەبەر یەکتر هەڵوەشاونەتەوە. سلێمانی بە ٥٥٣٣ حاڵەت لە ڕیزبەندی دووەم و دهۆک بە ١٩٩٢ حاڵەت و پاشان گەرمیان بە ٧٩٧ لە پلەی سێیەم و چوارەمدا دێن.
لێکدانەوەی ئامارەکان دەری دەخات لە ساڵی ٢٠٢٢ ئاماری جیابوونەوە ٢٥%ی کۆی ئاماری هاوسەرگیرییە و بە واتایەکی تر تا چوار خێزانی نوێ پێک هاتووە، خێزانێک لەبەر یەکتر هەڵوەشاوەتەوە.
راستە جیابوونەوە دیاردەیەکە لە هەموو کۆمەڵگەیەک هەیە و کوردستانیش بێبەری نییە لەو دیاردەیە بەڵام ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە ئاماری جیابوونەوە بە خێرایی رووی لە هەڵکشانە بەڵام ئاماری هاوسەرگیریی ئەو خێراییەی نییە.
بەراوردی ئاماری هاوسەرگیری لە نێوان ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ئەو راستییە دەسەلمێنێت. ساڵی ٢٠٢٢ هاوسهرگیری له ههرێمی كوردستان بە ڕێژەی ٢% زیادی كردووه، له كاتێكدا جیابوونهوه له ههمان ساڵدا به ڕێژەی ١٩% زیادی کردووە.
له ههرێمی كوردستان له ساڵی ٢٠٢١ دا ٥٤٨٣٧ هاوسەرگیری هەبوو و لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٥٤٨٩٦ مارەبڕین زیادی کرد و لە یەک ساڵدا ١٠٥٩ حاڵەت زیادی کرد و بە ڕێژەی ٢% ئامارەکەی بەرز کردەوە.
رێژەی هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵێک پێشتر لە سلێمانی ٥% زیادی کردووە بەڵام لە هەولێر ٠.٢% زیادی کردووە.
لە پارێزگای دهۆک ئاماری هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵێک پێشتر لە جیاتی ئەوەی زیاد بکات کەمی کردووە و ئەمەش پێویستی بەوە هەیە لە هۆکارەکانی بکۆڵدرێتەوە و لایەنە پێوەندیدارەکان کار لەسەر ئەوە بکەن بۆچی مەیلی خەڵک بەلای هاوسەرگیری کەمتر بووە. لهگهڵ زیادبوونی ژمارهی دانیشتووان، ئاساییه ئهگهر ئاماری هاوسهرگیری زیاد بكات، بهڵام دابهزینی ئامارهكه شتێكی ئاسایی نییه.
بەپێی ئامارەکان ئاماری جیابوونەوە لە ساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵێک پێشتر لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٩% زیادی كردووه. ساڵی ٢٠٢١ لە ههرێمی كوردستان، ١١٦٩٩ حاڵهتی جیابوونهوه تۆمار كرابوو، بهڵام له ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارهكه بۆ ١٣٩٦٧ حالەت زیادی کرد.
له پارێزگای ههولێر حاڵهتهكانی جیابوونهوه لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ٢٠٢١ نزیکەی ٤٠% زیادی کردووە کە ڕێژەیەکی مەترسیدار و بەرزە.
نهگونجانی هاوسهران لهگهڵ یهكتر و پاشان داوێنپیسی و تەکنەلۆجیای سەردەم گرنگترین هۆکاری جیابوونەوەی هاوسەران بووە لە یەکتر بە پێی ئەو ئامارەی لە لایەن دادگاکانی هەولێر بڵاو کراوەتەوە
له سلێمانیش رێژەی جیابوونەوە بەرزە و لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی ١٦% تەڵاق یان جیابوونەوە زیادی کردووە و حاڵەتەکانی تەڵاق له ٤٧٦٧ ەوە گەیشتووەتە ٥٥٣٣ . لە دهۆکیش ئامارەکە بە ڕێژەی ١١% زیادی کردووە.
تەنیا ئامارەکە لە گەرمیان مایەی دڵخۆشی بووە چونکە حاڵهتهكانی جیابوونهوه لەو ناوچەیە بە ڕێژەی ٢٧% کەمی کردووە.
ئەو ئامارانەی لەبارەی تەڵاق و هاوسەرگیری بڵاو دەکرێنەوە مەترسیدارن و ئەو ئەرکە دەخاتە سەر شانی لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەت و پەروەردە و ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و ئایینی و پێگەیاندنی گەنجان بۆ ئەوەی هەڵوەستە لەسەر هۆکارەکانی جیابوونەوەی خێزانەکان بکەن و لە کاریگەریی ئەو هۆکارانە کەم بکەنەوە و رێگری لەوە بکەن خێزانەکان لەبەر یەکتر هەڵوەشێنەوە لە هەمان کاتدا دۆخەکە فەراهەم بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین هاوسەرگیری لە کوردستان بکرێ لەمپەرەکانی بەردەم هاوسەرگیری نەهێڵدرێن یان سووک بکرێن کە ڕەنگە بەشێکی بەرچاوی پێوەندی بە دۆخی ئابووری گەنجان و خێزانەکان هەبێت.