ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
فیلمی سینەمایی كوردیی “كیسەڵەكانیش دەفڕن” لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد “بەهمەن قوبادی” لە تەنیشت دەرهێنەرە ناودارەكانی سینەمای دنیا لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژەشەڕی سینەمای جیهاندایە.
فیلمی سینەمایی كوردیی “كیسەڵەكانیش دەفڕن” Turtles Can Fly لە دەرهێنانی سینەماكاری بەئەزموونی كورد “بەهمەن قوبادی” كە بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 100 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی كردووە و زیاتر لە 50 خەڵاتی جیهانیی بۆ كوردستان بەدەست هێناوە و یەكێكە لە پڕشانازیترین فیلمەكان لە مێژووی سینەمای كوردستاندا بەم دواییانە لە لایەن ماڵپەڕی سینەمایی “ئستار لۆكاڵ میدیا” Star Local Media لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژەشەڕی سینەمای جیهاندایە كە تیایدا ناوی كۆمەڵێك شاكاری دەرهێنەرە ناودارەكانی سینەمای دنیا بەرچاو دەكەوێت، لەوانە: “ئستانلی كوبریك”، “میلیش فۆرمەن”، “ترێنس مالیك”، “چارلی چاپڵین”، “فرانسیس فۆرد كاپۆلا”، “ئۆلیوێر ئستۆن”، “پارك جان ووك”، “ئێرۆڵ مۆریس”، “ژان ڕێنوار” و . .
لە وتارێكدا كە لە لایەن “كاترینا سیرۆتا” Katrina Sirotta نووسەر و ڕخنەگری سینەمایی لە ماڵپەڕی “ستار لۆكاڵ میدیا” Star Local Media بە مانشێتی “30 فیلمی بەرچاوی دژەشەڕ” 30great anti-war movies نووسراوە، هاتووە: سەبارەت بە میژووی ئەو فیلمانەی كە ناوەرۆك، شێواز و چۆنیەتیی دەنگ یا هەستی زۆر قورسی دژی جەنگیان هەبێت توێژینەوەی كرد و 30 فیلم لە باشترینەكانی جیهانی دەستنیشان كرد و گرینگیەکی ئەوتۆی پێ دان.
لە درێژەی ئەم وتارەدا نووسراوە: چ فیلمگەلێك یارمەتیی بینەری داوە كە ئاكامەكانی شەڕ وەبیر بێننەوە و بۆچی ئاشتی ئێستاش ئامانجێكی گرینگە. چونكە شەڕ بابەتێكی ناخۆشە و بەردەوام لە مێژوودا جێی باسە. ئەم 30 فیلمەی كە هەڵبژێردراون لە شیكردنەوەی شەڕی جیهانی یەكەم تەنیا چەند مانگ دوای كۆتاییهاتنی جەنگ تا ڕەخنەی شەڕەكانی ئەم دواییانە و هەروەها بیروبۆچوونە مۆدێڕنەكان سەبارەت بە ڕووداوە مێژووییەكان لەخۆ دەگرن.